“کێشەکانی کوردستان و بەغدا بەردەوامە،حکومەتی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی ئابوریی دەدات”

0

نوچەنێت.تایبەت:
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەڕلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، سەردانی ئەم جارەی شاندی کوردستان بۆ بەغدا یەکلاکەرەوە دەبێت،و ئەگەری هەیە سەربەخۆیی ئابوری کوردستان رابگەیەنن،ئەوەش دەخاتەڕوو کە سەرۆکی حکومەتی کوردستان بە وەزیری نەوتی عێراقی وتووە، کوردستان ئامادە نییە، باجی هەڵەکانی مالیکی بدات.

بەبڕیارێکی تاک لایەنەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق،و وەک ئابڵوقەیەک بۆ سەرپێشکەوتنەکانی کوردستان،حکومەتی عێراق بودجەی ساڵی 2014 کوردستانی نەدا،بەو هۆیەوە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا گەورەتربوون، دوای لەکار لادانی مالیکی و دەستبەکاربوونی حکومەتی عەبادی،رۆژی 13- 11- 2014 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت رێکەوتننامەیەکیان لەسەر پرسی نەوت ئەنجامدا، ئەوەش بووە بنەمایەک بۆپەسەندکردنی بودجەی عێراق لە رۆژی 30-1-2015 بەو پێیەش 17% لە بودجەی عێراق بۆ کوردستان دیاریکرا لەگەڵ تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە،بەڵام وێڕای ئەوەی حکومەتی کوردستان پابەندە بەرێککەوتنەکەو وەک خۆی خاڵەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێکردووە،حکومەتی عێراق،بەردەوامە لەدروستکردنی کێشەی دارایی بۆ کوردستان و نەناردنی بڕی بودجەی دیاریکراو،ئەوەش کێشەکانی نێوان هەردوولای قوڵترکردۆتەوە و چاوەڕوانکراوە کوردستان سەربەخۆیی ئابوری خۆی رابگەیەنێت.

دڵشاد شه‌عبان جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ سامانە سروشتییەکان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێتی راگەیاند”پێش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات، ئێمە وەک لیژنە تایبەتمەندەکانی پەڕلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و پەڕلەمان،دانیشتنمان لەو بارەیەوە لەگەڵ حکومەت سازکردبوو، ئێمە لەوكات پشتگیریمان لەوە كرد كە كێشەكانمان لەگەڵ عێراق چارەسەر بێت و بگەینە رێكەوتن،ئەمە ئۆپشنی یەكەم بوو، بەڵام ئەگەر عێراق بەردەوام بوو لەسەر ئەو تەعامولەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ئەوە بەپێ یاسای بودجەی ساڵی 2013 ، حكومەتی هەرێم دەستكراوە دەبێت بۆ ئەوەی موستەحەقاتی هەرێمی كوردستان و بودجە دابین بكات لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، لەو كۆبونەوەیەش کە رۆژی پێنج شەممە 14/5/2015 وەكو پەرلەمان وحكومەت سازمان كرد،ئەوەمان بەحكومەت وت، پێش ئەوەی بێنە پەرلەمان ئیوە دەست كراوە بوون و دەبوو ئێوە ئیستا ئۆپشنی دووەمتان جبەجێ بكردایە“.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی”ئێمە جارێكی تر دەمانەوێت نیەت پاكی خۆمان وەكو هەرێمی كوردستان نیشانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و دەرەوەی عێراقیش بدەین، هەوڵ بدەین جارێكی تر لەگەڵیان قسە بكەین بەڵام ئەمە كۆتاین جار دەبێت و رێگە چارەیەكی تر نییە، وەفدی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا دانوستاندنیان لەگەڵ دەكات و پێان دەڵێت با رێكەوتنەكە جێبەجێ بكەین، ئەگەر هاتوو ئەو رێكەوتنە و یاسای بودجەیان جێبەجێ نەكرد، ئەوە رێكەوتنێكی ترتان لەگەڵ دەكەین هەر لەبواری نەوتدا، بۆ نموونە یەكێك لەو خیاراتانە ئەوەیە كە ئێمە نەوتی خۆمان بفرۆشین و نەفەقاتی سیادی و حاكیمە بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بێنین، ئەگەر هاتوو حكومەتی عێراقی گوێی لە هیچ پێشنیارێكی حكومەتی هەرێم نەگرت، ئێمە نەوتی خۆمان دەفرۆشین ئەوە رێگە چارەیەكی ترە“.

دڵشاد شه‌عبان ئەوەش دەخاتەڕوو کە”هەر ئەو رۆژەی حكومەت لەگەڵ پەرلەمان كۆبونەوەی كرد، وەزیری سامانە سروشتییەكان و وەزیری پلان دانان بەنوێنەرایەتی حكومەت لەگەڵ هەموو كونسوڵخانەكان دانیشتن، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو ئێمە و بەغدا نەگەیشتینە رێكەوتن بارای گشتیش بزانێت كە ئێمە دەرفەتێكی تریشمان دا بەبەغدا، بەڵام ئەوان نایەنە سەرخەت، بۆیە ئێمە مەجبورین پشت بەنەوتی خۆمان ببەستین و بەشە بودجەی خۆمان لەنەوتی خۆمان بۆ خۆمان دابین بكەین“.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەپەڕلەمانی کوردستان،ئاشکرا دەکات لەسەردانەکەیدا بۆ کوردستان”عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق، بەوەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندبوو، ئەگەر ئێوە چاوتان لە سەر ترلیۆنێك و دوو سەد ملیار دیانر بێت، ئەوە ئێمە وەكو حكومەتی بەغدا ناتوانین ئەوەتان بۆ جێ بەجێ بكەین، سەرۆكی حكومەتیش بەو شێوەیە وەڵامی دابویەوە ئەگەر ئێوە نەتوانن ئەو بڕە بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن، ئەوا ئێمەش ناتوانین بەو شێوەیە لەگەڵتان بەردەوام بین، چونكە ئێمە ئێستا بەبڕی ترلیۆنێك و دوو سەد ملیار دینار نەوتمان هەیە و دەتوانین بیفرۆشین، چۆن دەبێت ئێمە ئەوە قبوڵ بكەین بەبڕی ترلیۆنێك و دوو سەد ملیار دینار نەوت بدەینە عێراق و ئەوانیش لەنیوە كەمتر پارەكە بە ئێمە بدەن، مەجبور نین خۆمان بکەینە قوربانی عێراق و هەڵەكانی مالیكی و حكومەتی عێراق، كە عێراقیان گەیاندوەتە ئەو قۆناغەی ئێستا“.

وتیشی”سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەت بەڕاشكاوی بە عادل عەبدولمەهدییان راگەیاندوە وەكو نوێنەری عەبادی كە ئەو راستیانە بەعەبادی بڵێت، ئەوكاتەی وەفدی هەرێم سەردانی بەغدای كرد وەڵامیان بدەنەوە، پیان خۆش بوو دەتوانین پێكەوە لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بین، پێشیان ناخۆش بوو ئەوكاتە ئەو نەوتەی هەمانە وەكو هەرێمی كوردستان دەیفرۆشین كە بەشی بودجەی ئێمە دەكات و زیاتریشە لەوەی كە لەبەغدا بۆمان دێت“.

هەر لەو لێدوانەدا بۆ نوچەنێت،دڵشاد شەعبان پێهاتەی شاندی حکومەتی کوردستان بەنوچەنێت دەڵێت کە پێکهاتوون لە”نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی شاندەکە و قوباد تاڵەبانی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان،بەڵام پێش ئەوەی سەردانی بەغدا بكەن كۆبونەوەیەك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دەدەن، چونكە دەیانەوێت ئەمجارە كە دەچنە بەغدا بەوەرەقەیەكی بەهێز و بەدەنگێكی بەرزەوە بچن،سەرۆكایەتی حكومەت هەموو سەڵاحیاتێكیان هەیە و لەلایەن پەرلەمانەوە ئۆكەیان وەرگرتوە، دەشیانەوێت لەلایەنە سیاسیەكانیشەوە ئەم ئۆكەیە وەربگرن بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو بەغدا بەو رێگەچارانەی لەلایەن وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەخرێتەڕوو رازی نەبوون، لەوێ وەفدی كوردی ئیعلانی سەربەخۆی ئابوری هەرێمی كوردستان بكەن و بگەڕێنەوە“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com