نێچیرڤان بارزانی: ژێرخانی ئابوریمان هەیە، هەر كات دەرفەت هەبێت كوردستان سەربەخۆ دەبێت

0

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، باسی سەربەخۆیی کوردستانی کردووە، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان خۆی باسی ئەو بابەتە دەكات

نوچەنێت

دوای کۆبونەوەی لەگەڵ پەڕلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سیاسەتی نەوتی کوردستانی بەسیاسەتێکی سەرکەتوو ناوبرد، رەتیکردەوە کەدواین کێشەکانی بەغدا بۆ بودجەی کوردستان بەهۆی باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان و سەردانەکانی سەرۆکی کوردستان بێت بۆ ئەمریکا، بەڵام وتیشی سەربەخۆیی مافی خەڵکی کوردستانەو هەرکاتێک دەرفەت هەبێ کوردستان سەربەخۆ دەبێت، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، وتیشی ئێستا خواستێکی زۆرتر لەسەر نەوتی کوردستان هەیە لەبازاڕەکانی جیهاندا، ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتن نەبێ لەسەر بودجە، بیر لەرێگای تر دەکەینەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/5/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان  و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەی دارایی و سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمان، لەبارەی كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، كۆبووەوە.

لەدوای کۆبونەوەی پەڕلەمان و حکومەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەریەک لە د. یووسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتی كوردستان ناوەرۆکی کۆبونەوەکەو وردەکاریی کێشەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان بۆ راگەیاندنەکان خستەڕوو.

لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا كۆدەنگی لەسەر ئەوە هەبوو كە ناتوانن بەم شێوەیە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بن، چونكە لە ناردنی بودجە غەدر لە هەرێمی كوردستان كراوە و بەغدا پابەند نەبووە بە یاسای بودجەوە، لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە زیاتر پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا بێت وەك لە یاسای بودجەی ساڵی 2015 دا هاتووە ، پشتگیریی پەرلەمانی كوردستانی بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتی كوردستان ئەوەی خستەڕوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی بابەتەكانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا خرایە ڕوو و پەرلەمانیان لەو بابەتانە ئاگادار كردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش كرد ئەو یاسایانەی لە بوارەی نەوت پێشتر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراون، پاڵپشتی بەهێزن بۆ سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشت بەو یاسایانەش حكوومەت دەتوانێت لە ئایندەدا دەست بە بەكارهێنانی ژمارەیەك ڕێوشوێن بكات.

سەرۆکی حکومەتی كوردستان وتیشی” حكوومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنی یاسای بودجەی ساڵی 2015ی عێراق نییە، کەبەپێی ئەو یاسایە هەریەك لە حكوومەتی هەرێم و بەغدا چەند بەرپرسیاریەتییەكیان دەكەوێتە سەر شان و دەبێت جێبەجێیان بكەن، ئەوەی لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمە ناردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، ئەوەی لەسەر شانی بەغداشە بیكات، دەبێت مانگانە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت”.

بارزانی ڕایگەیاند”بەداخەوە لە مانگی چواردا ئەوەی كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان بووە، بە ڕێكوپێكی جێبەجێی كردووە،  بەڵام ئەوان فۆرمۆلێكیان دۆزیوەتەوە تەنها و تەنها بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لەو پارەیە كەم بكەنەوە. ئەگەر بە نەوتیش حساب بكرێت، ئەوەی ئێستا ئێمە لە بەغدا وەرمانگرتووە، تەواو نیوەی داهاتی ئەو نەوتەیە. تەئكیدی ئێمە لەسەر ئەوەیە یان عێراق پابەند دەبێت بە یاسای بودجەی ساڵی 2015، یان دەبێت رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ بەغدا بكەینەوە لەسەر بنەمای ئەوەی كە وەكو كڕیاری نەوت هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات. پێشتر گوتوومانە لاریمان نییە، بەڵام ئەمە پێویست بە رێككەوتنێكی نوێ دەكات”.

سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ئاشکرای کرد لەکۆبونەوەیان لەگەڵ پەڕلەمانی کوردستان،”ئەوە دووپاتكرایەوە كە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆئەوەی بگەنە ئەنجامێك، ئەگەر نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك بەپێی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2013 و یاساكانی كە دوای ئەوە لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی نەوت پەسەند كراون، حكوومەت دەستی كراوە دەبێت بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و حكوومەت ئەوە یاسایانە جێبەجێ دەكات”.

وتیشی “پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەەوە پشتگیری حكوومەت و قوتی خەڵك و دابینكردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمە ئەو كارەیە كە دەبێت پەرلەمان ئەنجامی بدات و هەر ئەوەشیان لە پەرلەمان بینی”.

لەگەڵ ئەوەی تەئکیدی لەوە کردەوە، کە کارە لەپێشینەکانی حكوومەتی کوردستان چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە لەگەڵ بەغدا، ئەوەشی ڕاگەیاند”ئەگەر بەغدا ئامادەی چارەسەر نەبێت ئەوا بەپێی یاسای بودجەی عێراق رێكاری دیكە دەگرنە بەر و ڕێگەی دیكە هەیە هەرێمی كوردستان بیانگرێتە بەر”.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لەبارەی سەردانی د. عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق و ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵیان سازدراوە، ئەوەی خستەڕوو، کە لە كۆبوونەوەكانی دوێنێ شەو و ئەم بەیانییە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق ئەو بابەتانە باسكراون و ئەو وەك دۆستێك و وەک وەزیری نەوتی عێراق دەخوازێت كێشەكان چارەسەر ببن، گوتیشی”بە ڕوونی بە وەزیری نەوتی عێراقمان ڕاگەیاندووە كە ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە، یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت و بەپێی ئەو یاسایەش پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت دابین بكرێت كە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینارە. ئەگەر ئێوە ئەوە جێبەجێ دەكەن ئەوا پێمان خۆشە، ئەگەر جێبەجێی ناكەن ئەوا ڕێگەمان بدەن رێككەوتنێكی دیكەتان لەگەڵ بكەین و ئامادەین بۆ رێككەوتنەكە، چونكە ئەو نەوتەی ئێستا لەبەر دەستمانە ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بیفرۆشین، پارەی زیاترمان دەست دەكەوێت بە تایبەتی لەو بارودۆخە داراییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە. ئێمە ملیۆنێك و نیو ئاوارەمان هەیە، شەڕی داعش دەكەین، مووچەی فەرمانبەرانمان هەیە سێ مانگە مووچەمان نەداوە، ئەمانە هەمووی كێشەی گەورەن كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، لەبەر ئەوە پێویست بەوە دەكات ئەوان یاسای بودجە جێبەجێی بكەن و لە یاسای بودجە زیاتر ئێمە هیچ رێككەوتنێكی دیكەمان لەگەڵ بەغدا نییە و هیوادارم جێبەجێی بكەن”.

سەرۆکی حکومەتی کوردستان، رایگەیاند کە هەر بۆ گفتوگۆكرنی زیاتری ئەو كێشانە، بڕیارە ئەمڕۆ هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بكات و كۆبوونەوەی دیكە لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن، هیوای خواست بگەنە ئەنجامێك. ئاشیكرا كرد، كە وەزیری دارایی نامەیەكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناردووە و پێی ڕاگەیاندووە، ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت ڕاست نییە و دەبێت ئەو بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، حەق نییە بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.  وتیشی هیچ بڕیارێك نییە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باسکردن لەوەی لە ساڵی 2014 هەندێك كێشە لە پرسی فرۆشتنی نەوت هەبوو، تەئکیدی لەوە کردەوە کە”كێشەكە تەنیا لە یەك شوێن بوو كە ئەویش ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا بوو، ئەگەر نا ئەو نەوتەی دیكەی كە فرۆشراوە زۆر بە ڕێكوپێكی فرۆشراوە و هیچ كێشەیەك نەبووە،، بازاڕی نەوتی جیهان ئەو كات ئاشنای نەوتی هەرێم نەبوو و پاڵاوگەكان جۆری ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستانیان نەدەزانی، بەڵام ساڵی 2015 ئەو كێشەیە نەما و ئێستا نەوتی هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە”.

بارزانی هەمو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە کوردستان نەوتی فرۆشتووە بە ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی تر، وتی”وڵاتان نەوت ناكڕن، بەڵكو كۆمپانیان كە ئەو كارە ئەنجام دەدەن”.

سەرۆکی حکومەتی کوردستان ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نوێنەرانی كوردیان لە بەغدا لەو كێشانە ئاگادار كردووەتەوە و كۆبوونەوەكان لەگەڵ نوێنەرانی كورد و پەرلەمان و كونسڵ و دیبلۆماسە بیانییەكان دەستی پێكردووە و بەردەوامیش دەبن تا هەموو لایەك لە وردەكاری كێشەكان تێبگات وەك لە یاسای بودجەی عێراقیش هاتووە گەر بەغدا پابەند نەبێت، ئەوا هەرێمی كوردستانیش ئەو مافەی دەبێت كە پابەندی رێككەوتنەكە نەبێت.

بارزانی رەتی کردەوە دروستبوونی کێشە بۆ بودجەی کوردستان دوای رێککەوتنەکان پەیوەندی بە وروژاندنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان و سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستانەوە هەبێت بۆ ئەمریکا و گوتی: “پێش ئەوەی جەنابی سەرۆك ئەو سەفەرە بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا بكات، بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شێوەیەكی فەرمی ئاگادار كراوەتەوە و سەردانەكانی شتێك نەبوو كە بە نهێنی كرابێت و ئەو ئاگاداری هەموو شتەكان بووە، بۆیە من باوەڕ ناكەم ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە سەردانەكانی جەنابی سەرۆكەوە هەبێت. تەنیا ئەگەر پەیوەندیش بەوەوە هەبێت، من تەئكید لەسەر یەك شت دەكەمەوە كە ئێمە یاسای بودجەی عێراقمان هەیە و رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمە لەگەڵ بەغدا و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، ئێمە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دووپات دەكەینەوە”.

تەئکیدی لەوەش کردەوە”كەس سەربەخۆیی ناداتە كوردستان بەڵكو ئەوە مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە و سیستەمی ئێمە فیدرالییە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەر كاتێك دەرفەت هەبێت كوردستان سەربەخۆ دەبێت، ئەمە خەونی هەموو كوردێكە”. ئەوەشی ئاشکرا کرد”بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو سەردانانەیدا ئەم بابەتانەی باسكردووە، بەڵام دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەرێز سەرۆكی هەرێم خۆی باسی ئەو بابەتە دەكات”.

لەبارەی كشانەوەی نوێنەرانی عێراقیش لە بەغدا بەهۆی كێشەی نەناردنی بودجەوە، نێچیرڤان بارزانی پێی وابوو”ئەوە هیچ خزمەتێك بە كورد ناگەیەنێت و دەبێت نوێنەرانی كورد لە بەغدا بمێننەوە و هەوڵیش بدرێت كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، گەر نا رێگەی دیكە هەیە لەبەردەم هەرێم بەكاری بهێنێت”.

سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دڵنیایی لەوە راگەیاند کە سیاسەتی نەوتی کوردستان سەرکەتوو بووە، وتی”ئەگەر ئەو ژێرخانەی پێویست بوو بۆ ئەم كارە چەند ساڵ لەمەوبەر دامان نەنابا، كێشەكانی هەرێم دە ئەوەندی ئێستا زیاتر دەبوو. من دەمەوێ بڵێم سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت سیاسەتێكی سەركەوتوو بووە و سەركەوتووانە ئەو كارانەی كە دەبوو بیكات، بە پێی دەستووری عێراق جێبەجێی كردووە. بێننە بەر چاوی خۆتان ئەو بڕپارەیەی كە بەغدا ناردوویەتی جا هەر چەندێك بێت، بڕیاریاندا لە فڕۆكەخانەی بەغدا دیسان بە نیوەی بكەن و دواتر كردیانە بیست و پێنج لەسەد و دواتر دە لە سەد. دە لەسەدی دیكەی بودجەی هەرێمی كورستانیان بڕی بێ ئەوەی هەرێم بزانێت بۆ و هۆكارەكەی چییە؟ ئەگەر ئێمە ئەم ژێرخانەی ئابووری و هەناردەكردنی نەوت و ئەم سیاسەتەی نەوتمان نەبوایە لە هەرێمی كوردستان، بەغدا چی دیكەی بەسەر ئێمە دەهێنا. كەواتە كێشە شەخس نییە، بەڵكو كێشەكە بیركردنەوە و شێوەی بیركردنەوەیە. هەروەها بەدبەختی دیكە ئەوەیە كە نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی كە گەورەترین زەربەی لە هەرێمی كوردستان دا، نەك سیاسەتە نەوتییەكەی كە سیاسەتێكی سەركەوتوو بوو و بەرەو ئاسۆیەكی گەش دەڕۆیشت”.

سەرۆكی حکومەتی کوردستان رەتی كردەوە بێجگە لەو بڕە نەوتەی كە لە ڕێكەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، هەرێم هیچ نەوتێكی دیكە بفرۆشرێت تەنیا جۆرێكی دیكەی نەوت نەبێت، كە قورسە و بەبۆڕی نەوت ناتوانرێت بگوازرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی هەرێم لە نەوت دەستی دەكەوێت حساب دەكرێت.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە پەرلەمان داوا لە حكوومەتی ئیتیحادی دەكات، پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت،”بەڵام ئەگەر ئەمە نەكرا وەك هەنگاوی یەكەم بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و گەر هەر پابەند نەبوو بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەتوانێت پابەند نەبێت بە یاسای بودجە و رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و مووچە و پارە لە داهاتەكانی هەرێمەوە دابین بكات، هەروەك پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی 15/1/2015 بڕیاری داوە گەر بەغدا پابەند نەبێت بە رێككەوتنەكەوە، ئەوا حكوومەتی هەرێم دەتوانێت سەربەخۆ بودجە بۆ هەرێم دابین بكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com