نوچەنێت
نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێک بۆ سلێمانی، جموجوڵی گەورەی سیاسی لەو شارەدا دروست دەکات، لەوێوە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی کورد دەکاتەوە قسەی راگەیاندن و دەیانباتەوە سەر مێزی گفتوگۆی سیاسییەکان، گۆمی مەنگی پرۆژە وەستاوەکانی شار دەهەژێنێت و پرۆژەکان دەخاتەوە گەڕ، هەر لەوێوە دوا پەیامی سیاسی کورد بەبەغدا دەگەیەنێت، و پێشنیاری واژۆکردنی رێککەوتنی جیابونەوەی کوردستان لەعێراق دەخاتە بەردەستی سیاسییەکانی بەغدا.
جوڵانەوەیەکی گەورەی سیاسی
لەبیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، سلێمانی گەورەترین جموجوڵی سیاسی بەخۆیەوە بینی، چەندین دیداری لوتکە سازکراو پرسە هەستیارە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بوونەوە رۆژەف، سلێمانی کەماوەیەک بوو جومجوڵی گەورەی سیاسی بەخۆیەوە نەدیبوو، هەموو هەوڵی سیاسییەکانی بەئاراستەی کێشەکانی دەسەڵاتی خۆجێی شاردا بوو، هێزە سیاسییەکان لەڕێی لێدوانی نافەرمییەوە قسەیان لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان دەکرد، بۆ پرسە گەورە سیاسییەکان هەموو قسەکان دەچونەوە هەولێر، لەیەک سەرداندا بۆ ئەو شارە، نێچیرڤان بارزانی پرسە گرنگە سیاسییەکانی بردەوە سلێمانی.
ئەو سەردانەی بارزانی، کە ئێوارەی رۆژی 9/5/2015 بەشداری لە یادی رۆژی ئەوروپا لەسلێمانی دەستیپێکرد، شەوی هەمان رۆژی شەممە 9 ی ئایار، دیداری نێوان نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستانی بەدوادا هات.
بەپێی زانیاری راگەیاندنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەو دیدارەدا” نەوشیروان مستەفاو نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسیو ئەمنی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش شەڕی “داعش”و قەیرانی داراییو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە گفتوگۆیان كرد”. هەورها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو بەغداو پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی تری گفتوگۆكانیان بووە.
لەدوای ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای نەوشیروان مستەفا، رۆژی یەكشەممە 10 ی ئایاری 2015، هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و پارتی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبونەوە.
بەپێی زانیاری راگەیاندنەکانی یەکێتی لەکۆبونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیدا، پرسی شهڕی تیرۆر، پهیوهندیبهكانی نێوان ههرێم و بهغدا، پهیوهندیه دیبلۆماسیهكانی نێوان ههرێم و وڵاتان و پهیوهندی نێوان حزبه كوردستانیهكان قسەیان لەسەر کراوە.
هەر لەسەردانەکەی بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی لەمەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە لهگهڵ هێرۆخان ئیبراهیم ئەحمەد بەرەو داەباش بەڕێکەوتووە، بۆ دیداری جەلال تاڵەبانی سەرکردەو گەورە سیاسی کورد و سکرتێری گشتی یەکێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
راگەیاندنەکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە، کە لەدیدارێکدا لەگەڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ پێشوازییە گەرمەکەی مام جەلال، خۆشحاڵییشی دەربڕی بە دیدارەکە و رەخساندنی ئەو دەرفەتە کە جارێکی تر بە دیداری بەڕێزیان شاد بوەوە بەتایبەتیی کە تەندروستییان زۆر باشترە و رۆژ بەرۆژ بەرەوپێش دەچێت.لە بەشێکی تری دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خستنە روی یادەوەرییەکانی پێکەوە کارکردنیان، گرنگیی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی دوپاتکردەوە لە قۆناغە جیاجیاکاندا کە لە ھەمو ئاستەکاندا بەڕێزیان جێ دەستیان دیارە.لەو بارەیەشەوە تێڕوانین و بۆچونەکانی و مامەڵەکردنی لە بەرامبەر پێشھات و روداوەکان بەرز نرخاند ، رونیشیکردەوە کە ھەمیشە ھەڵوێستەکانی سەرۆک مام جەلال لەیاد و بیرەوەریاندا دەمێننەوە و ھەرگیز لە یاد ناچن لە ھەمو بۆنە و وێستگەیەکدا بەڕێزیان ئامادەییان ھەیە . مام جەلالیش دڵخۆشیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت.
کاردانەوەی سیاسی
” گەشبینی نەوشیروان مستەفا و تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی”
لەدوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبونەوەی لەگەڵ نەوشیروان مسەفا، ئەمرۆ نەشیروان مستەفا دڵنیاتر لەهەموو رۆژەکان، قسەی لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان کرد و رایگەیاند، كۆدەنگییەك هەیە دەستور و سیستمی حكومڕانیی هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، چونکە ئەو وڵاتانەی دەستورەكەیان پەرلەمانییە كەمتر كێشەیان هەیە.
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، رۆژی یەک شەممە، بەسەرپەرشتیی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لەشارى سلێمانى کۆبوەوە، د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتیی لەوبارەیەوە بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى راگەیاندووە “لەكۆبونەوەكەدا نەوشیروان مستەفا، باسی لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و سەبارەت بە دەستوری هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕو، کە كۆدەنگییەك هەیە بۆ ئەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، چونكە ئەو وڵاتانەی دەستوریان پەرلەمانییە كەمتر كێشەیان تێدایە.
ئاماژەى بەوەشکرد کە رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان، بە دیدێكی گەش سەیری داهاتوی كوردستانی كردوە و ئەوەی رونکردوەتەوە، کە داعش هێزێكی كۆنەپەرستە و دەیەوێت زیان بە كوردستان بگەیەنێت، بەڵام یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان رۆڵێكی گەورەی هەیە لە دورخستنەوەی ئەو مەترسییە.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی تەنها هیوای لای رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دروست نەکرد، کە بەگەشبینییەوە باسی ئایندەی کوردستان و یەکڕیزی کوردو پرسی دەستور بکات، بەڵکو بەستەڵکی نێوان پارتی و یەکێتیشی تواندووە، دوای ماوەیەکی زۆر لەساردی سیاسی نێوان ئەو دوو لایەنە سیاسییە، و لێدوانی توندی دژ بەیەک لەرێی سەکردەو بەرپرسەکانیانەوە، لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە، ئەوە ئاشکرا بوو کەسەردانەکەی بارزانی دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەشی لێکەتۆتەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
لەدوای کۆبونەوەی بارزانی و شاندی پارتی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەریەک لەفازل میرانی لەمەکتەبی سیاسی پارتی و مهلا بهختیار لە مهكتهبی سیاسی یهكێتیی، قسەیان بۆ راگەیاندنەکان کرد.
مەلا بەختیار ئەوەی خستەڕوو، له كۆبوونهوهکەدا باسمان لهو رووداوانه كرد كه له خۆرههڵاتی ناوهڕاست به گشتی روودهدات. یهكێتیی و پارتی بههۆی ئهو رووداوانهی عیراق بهگشتی و ههرێمی كوردستانی بهتایبهتی گرتووهتهوه مهسولیاتی سهر شانمان قورستر بووهو دهبێت سهرجهم حزبهكان له ئاست مهسولیاتا بن.
ئاشکراشی کرد کە”ههردوولا بڕیارمانداوه لیژنهیهك پێكبهێنین بۆ باشتركردنی پهیوهندییهكانی نێوانمان”.
لای خۆشیەوە فازڵ میرانی وتی” له كۆبوونهوهكهدا ئاماژهمان به یهكریزی نێوان حزبهكان و پێكهوه كاركردن بووه له پێناو بهرژهوهندی گشتیدا، ههردوولا هاوڕابوون لهسهر پاراستنی دهستكهوتهكان و درێژهدان به پهیوهندییهكانی نێوانمان و بهرهو پێش چوونیان”.
هەژاندنی گۆمی مەنگی پرۆژە وەستاوەکانی شار
لەڕووی ئاوەدانییەوە، قەیرانی دارایی پرۆژەکانی سلێمانی پەکخستبوو، زۆر پرۆژەیەکی گرنگ وەستابوون، نا ئارامی دۆخی سیاسی، یان گەورەکردنی کێشەی سیاسییەکانی سلێمانی، لەلایەن راگەیاندنەکانەوە، ترسی لای بەڵێندەرو خاوەن پرۆژەکانی سلێمانی خولقاندبوو، کەلەنیوەی پرۆژەکاندا پشتیوانی لەدەستدەدەن و ڕووبەڕووی زیانی گەورە دەبنەوە، ترسی بەڵێنەدەران و قەیرانی دارایی، هەرەشەی گەورەبوون لەسەر پرۆژەکانی بنیاتنانی زیاتری سلێمانی، بەڵام بەسەردانەکەی بۆ ئەو شارە، بارزانی دڵنیایی وەگەڕخستنەوەی پرۆژەکان و رەوینەی ترسی بەڵێندەرو سەرمایەدارانی بەخشییە سلێمانی.
نێچیرڤان بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، بەشێوەیەکی مەیدانی پرۆژەکانی شاری بەسەکردەوە، نزیکەوە سەردانی پڕۆژی چوارڕیانیی كۆبانێی لە شاری سلێمانی کرد، لە وتەیەكدا بۆ سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە دەستخۆشی لێکردن و گوتی”ئەوەی ئێمە بیستوومانە ئێوە لەو باروودۆخە سەختە داراییەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، پرۆژەکەتان رانەگرتووە و بەردەوام بوونە لە کارکردن، بۆیە ئێمە هاتوین تا سوپاس و پێزانینی خۆمتان پێشکەش بکەم، هەروەها سوپاسی ئەو بەڵێندەرانە دەکەم کە لە پڕۆژەكەدا بەشدار بوونە و خۆراگر بوونە لەبەرامبەر نەبوونی بوودجە و ئەوەیان لەبەر چاو گرتووە کە حکومەتی هەرێم لە چ دۆخێکی ئابووریدا بووە، کەبەڕاستی باروودۆخێکی سەختی دارایی بوو”.
زیاتر لەوە دڵنیایی پێدان، کە “ئەو باروودۆخە سەختەی دارایی تیدەپەڕێ”.
دواتر سەرۆکی حکومەت سەردانی شاری پزیشكی فاروقی کرد، كە پرۆژەیەكی پزیشكی كەرتی تایبەتە، بەشە جیاجیاكانی ئەو شارە پزیشكییەکان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە ئاگادری كار و چالاكییەكانی بوون.
لەو سەردانەشدا بارزانی بۆ راگەیاندنەکان قسەی کرد، و وتی دەمێك بوو دەیویست پڕۆژەی شاری پزیشكی فاروق لە سلێمانی ببینێت، دەستخۆشی لە فاروقی مەلا مستەفا كرد بۆ ئەو کارە جوانەی و گوتی”ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا بۆ سلێمانی، بەڵکو بۆ هەموو کوردستان و عێراقیش پڕۆژەیەکی دەگمەن و تا بڵێی رێکوپێک و جوانە “.
هەر لەقسەکانیدا بۆ راگەیاندنەکان، بارزانی لەڕێی سوپاسکردنی سەرمایەدار، فاروقی مەلا مستەفاوە، هانی زیاتری سەرمایەدارانی کوردیدا، کە داهاتی پرۆژەکانیان لەکوردستان بەکار بهێننەوە، کاتێک، دەستخۆشی لە فاروقی مەلا مستەفا كرد بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لە سلێمانی و كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ئەنجامی داون و هیوای خواست ئەو نموونانە لە كوردستان زۆرتر بن، بە تایبەتی كە سەرمایەی خۆیان لە كوردستان بەگەڕ خستووە و ئەو داهاتەی كە دەستیشیان كەوتووە، هەر لە كوردستان بەكاریان هێناوە.
هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەو شارە، نێچیرڤان بارزانی سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی كرد و لەلایەن پارێزگار و جێگرەكەی و ستافی پارێزگاوە پێشوازی لێكرا.
دواتریش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن،سەرۆکی حکومەت گوتی”لەگەڵ پارێزگار باسی کێشەکانی سلێمانیمان کرد و بەشێوەیەکی گشتی ئەو کێشانەی کە تا ئێستا ماونەتەوە و هەروەها باسی ئەو پرۆژانەمان کرد کە ئێستا پێویستیان بەوە هەیە پارەیان بۆ خەرج بکرێت و سلفەیان پێبدرێت. من و وەزیری دارایی پشتیوانی خۆمان بۆ پارێزگار دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەوکارانەی کە تا ئێستا کردویەتی و هەروەها دەستخۆشی لە پارێزگاری سلێمانی دەکەم کە لەوەتەی دەست بەکاربووە بەتیم لەگەڵ ستافەکەی کاردەکات، هیوادارم ئەو رۆحیەتی کارکردنە لەنێوانیاندا بمێنێ و هەموومان بتوانین بە تیم کاربکەین بۆئەوەی زیاتر خزمەتی ئەو وڵاتە بکەین”.
بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لەکۆبونەوەی لەگەڵ ستافی پارێزگا، بارزانی وەزیری دارایی حکومەتی کوردستانی راسپاردووە، هەوڵی تەواو بدەن پارەی پیویست بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی دابین بکەن و هەرچی زووە گڕوتین بەپرۆژەکان ببەخشینەوە.
بەمەش جارێکی جوڵانەوەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری سلێمانی، چالاکی بۆ دەگەڕێتەوە و کاریگەری مێدیای نێگەتیڤ بەسەر سەرمایەدارانیشەوە کەمکرایەوەو ترس و دڵەراوکێیەکانیان رەوییەوە.
لەپایتەختی رۆشنبیرییەوە دڵنیایی دەداتە هونەرمەندان
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، سیستی رووی لەهەموو بوارەکان کردووە، تەنانەت بوارەکانی هونەرو فەرهەنگیش هەست بەسستی دەکرا تێیدا، بەڵام لەئێوارەی 9/5/2015 یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، لەپایتەختی رۆشنبیریییەوە هیوا بۆ ئەو بوارەش دەگێڕێتەوەو دەڵێت”قەیرانی دارایى کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای حکوومەت هەبووە بۆ هاوکاریکردنی سەرجەم بوارەکان، بەڵام لای ئێمە، هونەر و پەیامە مرۆییەکانی، هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بایەخ و بەرنامەکانماندان و دڵنیاشیان دەكەمەوە كە پشتگیریی تەواویان دەكرێت”.
ئەو ئێوارەیە لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و سینەماكار و فیلمسازانی سینەمایی ناوخۆ و دەرەوە، یادی رۆژی ئەوروپا و ڕێوڕەسمی كردنەوەی یەكەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی یەكێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی لەوتارێکدا کە لەو بۆنەوە پێشکەشی کرد رایگەیاند”فەرهەنگ و هونەر، ڕاستگۆترین زمانی ناسنامە و بوونی شارستانیانەی گەلانە، پەیوەندییەکیش کە لە میانەی ئەم زمانە شارستانییەوە ڕێک بخرێت، هەمیشە دەروازەی فراوان بە ڕووی ئاسۆکانی دۆستایەتی و پێشکەوتن و بەها مرۆییە جوانەکاندا دەکاتەوە. هونەری حەوتەمیش، هونەری سینەما، وەک هەر کایەیەکی دیكهى هونەری و فەرهەنگی، یەکێکە لەو زمانە زیندووانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، کە بە جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەز و ڕەنگ و زمان و زێدیانەوە، هەمووان لە پەیامێکی ژیاندۆستانەدا کۆدەکاتەوە. پەیامێک بۆ مرۆڤ و ژیان و لەپێناو بەها جوان و بەنرخەکاندا”
گرنگی هەماهەنگی هونەری کوردی لەگەڵ جیهانیش بەرز نرخاند و وتی”ئەم جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییە هونەری و فەرهەنگییانە لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا، ئەگەر گرنگتر نەبێت، ئەوا هیچی کەمتر نییە لە پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسی و زانستی و سەربازییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دۆستدا. گەشەپێدانی کۆمەڵگاش بەبێ گەشەی فەرهەنگی و هونەری، لە باشترین دۆخدا، گەشەکردنێکی ناکامڵ و نەفەس کورته”.
دڵنیایشی راگەیاند کە”حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە مەسەلەی گەشەپێدانی هونەری و بوارە فەرهەنگییەکانی دیکە دەڕوانێت و لە میانەی کارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و پاڵپشتیکردنی ناوەندە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانەوە، بەردەوام خزمەتی بەم بوارە گرنگە کردووە و دەیكات. دیاریکردنی پارێزگای سلێمانیش وەک پایتەختی ڕۆشنبیریمان و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ چالاکی و بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی، بەڵگەی بایەخدان و پەرۆشیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە، بۆ گەشەپێدانی ڕۆشنبیری لەم هەرێمەدا”.
لەسلێمانییەوە داوا لەبەغدا دەکات رێککەوتنی جیابونەوەی کوردستان لەعێراق واژۆ بکەن
سیاسییەکانی عێراق بەرانبەر بەکوردستان، هەمیشە گرەویان لەسەر دابەشکردنی هەڵوێستی کوردستانە، هەندێکیان نایشارنەوەو بەئاشکرا ئەوە رادەگەیەنن، کە لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا رای جیاواز هەیە، ئەوە دەخەنەڕوو، کە ئەگەر لەگەڵ هەولێریش گرفتیان بۆ دروست بێت، لەسلێمانییەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان بەردەوامی پێدەدەن.
بەڵام لەم سەردانەدا بۆ سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوانییەکانی بەغدای لەسلێمانی مایەپوچ کرد، کاتێک لەگەڵ لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی سلێمانی کۆ دەبێتەوە، لەپەیامێکدا بۆ راگەیاندنەکان روو لەبەغدا دەڵێت، “رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا بەپێی یاسای بودجەی عێراقە بۆ ساڵی 2015 کە ئێمە 550 هەزار بەرمیل نەوت بدەین بە حکومەتی عێراق و لەبەرامبەردا ئەوان دەبێت بودجەی هەرێمی کوردستان کە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینارە، بدەنە هەرێم. بەداخەوە ئەوان تاوەکو ئێستا پابەندی ئەو رێککەوتنە نین. بە دڵنیاییەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پابەند بووین بەو رێککەوتنانە و هیوادارین عێراقیش پابەندی ئەو رێککەوتنانە بێت ، ئەگەر ئەوان دەیانەوێت لەسەر بنەمای كڕیاری نەوت هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، ئێمە لاریمان نییە، بەڵام ئەو كات دەبێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغدا بکەین چونکە دەبێت هەندێك شت لەو رێککەوتنە بگۆڕدرێت”.
بەڕای چاودێرانیش باسکردن لەکێشەکانی هەرێم و بەغدا لەسلێمانی و لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، پەیام و واتای تایبەتی خۆیی هەیە.
پێیان وایە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ئەمجار لەسلێمانییەوە بەهێزەوە بەرانبەر بەغدا قسەی کردو خاڵی لاوازی بەغدای گرت، بەڕای ئەوان، کاتێک بارزانی دەڵێ لاریمان نییە لەوەی بەغدا وەک کڕیاری نەوت مامەڵەمان لەگەڵ بکات رێککەوتنی لەگەڵ دەکەین، خستنە بەردەم دووڕیانێکی سەختی سیاسییەکانی بەغدایە، بەوەی ئەگەر قبوڵ بکەن وەک کڕیاری نەوت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و لەسەرئەوە رێککەوتن لەگەڵ کوردستان واژۆ بکەن، ئەو رێککەوتنە دەبێتە بەڵگەیەکی فەرمی قبوڵکردنی جیابونەوەی کوردستان لەعێراق لەلایەن سیاسییەکانی بەغداوە، چونکە ناکرێ لەوڵاتێکی یەک پارچەدا ناوەند وەک کڕیار رێککەوتن لەگەڵ هەرێمێکی خۆی بکات، خۆ ئەگەر ئەو رێککەوتنەش واژۆ نەکەن، ناتوانن خۆیان بدزێتەوە لەئیلتیزاماتی ناردنی بودجەی کوردستان، بەم پێیەش نێچیرڤان بارزانی پەنای بۆ ژیرانەترین دەربڕینی سیاسیی بردووە بەرانبەر بەبەغدا، کەناچاریان دەکات بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ کورد، بە واژۆکردنی رێککەوتنێک کەدەبێتە بەڵگەی قبوڵکردنی جیابونەوەی کوردستان لەلایەن بەغداوە، یان ئیلتیزامکردنی تەواو بەناردنی مافی کوردستانەوە لەبودجەی عێراق.
هەر بەڕای چاودێرانی سیاسی، لایەنێکی تری بەهێز و پاڵپشت بۆ قسەکانی بارزانی و هیواپڕوکێن بۆ بەغدا، ئەوەیە، کە بارزانی ئەمجارەیان لەخاڵی هێزەوە قسەی دەکرد، هێز لەدابینکردنی ئەو بڕە نەوتەی رێککەوتنی لەسەر کردووە لەگەڵ بەغدا، هێز لەیەکڕیزی کوردو کۆبونەوەی دۆستانەی هێزە سیاسییەکان و تەئکیدکردنەوەیان لەیەک هەڵوێستی کورد، هیوا پڕوکێن بۆ بەغدا لەوەی کەلەکۆبونەوەکانی بارزانی و هێزەکانی سلێمانیدا، کەلێنێک دەرنەکەوت کەلێیەوە پەرتەوازەیی خیتابی سیاسی کوردستان ببینرێت و ئەوان هیوای لەسەر هەڵچنن.