نوچەنێت.ههولێر:
پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت،ئیرادەیەکی بەهێز لەناو شیعە کار دەکات،بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بگەڕێنێتەوە سەردەمی حکومەتەکەی نووری مالیکی.
هۆشیار عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاندوە “کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کارتێکی بەهێزە،کە کورد دەتوانێت بەرامبەر بەغدا بەکاری بهێنێت،بەڵام دەبێت کورد لەکاتی کشانەوە بزانێت بۆ دەکشێتەوە و بە یەکجاری بێت کشانەوەکەی،نەوەک کارێک بکات بۆ ماوەیەک شوێنی وەزیرەکان بە وەکالەت پڕبکرێتەوە و دواتر بگەڕێینەوە بەغدا، زۆر خراپە بکشێینەوە و نەزانین بۆ کشاوینەتەوە”.
هۆشیار عەبدوڵڵا،رونیشی دەكاتەوە”ئەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقی بەیەکەوە بەستووەتەوە تەنها بودجەیە. بۆیە لە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی بەغدا لەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەولێر واژۆی کردووە، کە لەسەر بنەمای بودجەیە، کشانەوەی کورد کارتێکی بەهێزە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی”ئیرادەیەکی بەهێز لەناو شیعە کار دەکات، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بگەڕێنێتەوە سەردەمی حکومەتەکەی نووری مالیکی،چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی عەبادی ئەوەبوو، کە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باش بوو”.
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر دەڵێت “ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە کەموکوڕی سیاسی عەبادی نییە، بەڵکو گوشاری سیاسی هەیە و لە شوێنی دیکەوە کێشەی بۆ درووستدەکرێت و دەسەڵاتی عەبادی بەرتەسککراوەتەوە، بەتایبەت لەناو حەشدی شەعبی”.