ئاشنا عومەر
***
فەریناز ئەو خانمەیە لەرۆژهەڵات و لەشاری مەهاباد، قبوڵی ئەوەی نەکرد دەستدرێژی بکرێتە سەرو ژیانی خۆی بەخشییە سەربەرز مانەوەی.
مەرگی بووە هۆکاری تەقینەوەی رقی خەڵکی مەهاباد، بەرانبەر بەدەسەڵاتی ئەو وڵاتە، و ئێستاش کورد لەهەموو جێیەکی وڵات و جیهان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی لەسەریان بەدەنگ دێن و پشتیوانی لەمەهاباد دەکەن.
بەڵام، دەبێ بپرسین بۆچی رقی شارێک دەتەقێتەوە بەرانبەر بەکوشتنی ژنێک؟ ئایا مەسەلە ئەوەیە کەغەدر قبوڵ ناکەن کوشتنی بەناهەقی مرۆڤ قبوڵ ناکەن؟ من پێموا نییە، چونکە ئەوەتا رۆژانە گەنجەکانمان لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێن بەناهەق و راپەڕین و هەستان روو نادات لەسەریان.
من وای دەبینم، بەشێکی زۆری هەستانی خەڵک بۆ مەسەلەی شەرەف و گەورەیی مانای تەعدا، دەستدرێژی دەگەڕێتەوە لەناوماندا، ئەمەش دیسان لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە.
مەبەستم نییە لەئازایەتی گەنجانی راپەڕیوو کەم بکەمەوە، لەوە جوامێرییەیان کەم بکەمەوە کەبەرانبەر توندترین دەسەڵات لەجیهاندا وەستاونەتەوە، لەکاتێکدا لەبەشی تری وڵات رووداو رووداوی تەعداکردن لەژنان هەبووە، بەبەرچاوی خەڵکی شارێکەوە کراوەو کەسێکیش غیرەتی ئینسان بوونی نەجوڵاوە رێگای بگرێت.
ناشمەوێ لێرەدا باسی لایەنی نێگەتیڤ بکەم، کە ئەویش قسە هەڵدەگرێ، بەڵام مادام مردنی فەریناز، بووەتە هۆی راپەڕین و هەستانی شارێک و میللەتێک، دەکرێ ئێمە کار لەسەر لایەنە پۆزەتیڤەکان بکەین، پشتیوان بین بۆ خەڵکی ئەو بەشەی وڵات، لەگەڵ ئەوان هاوار بکەین بۆ ئازادی ئەو بەشەی وڵات، هاوکاریان بین، لەگەڵیان بین.
من شانازی بەوە دەکەم، ژنێک بەو شێوەیە بێت و ئەوەندە سەربەرز بمرێ، بەڵام دەبێ چۆن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، مردنی ژنێکی سەربەرز دەکەنە هەنگاوێک بۆ قسەکردن لەسەر ئازادییەکانیان، بۆ سنور دانان بەو هەموو بێحورمەتیەی بەخەڵکی ئەو وڵاتەوە دەکرێت، ئێمەش لەباشوری کوردستان، لەگەڵ پشتیوانیمان لەرۆژهەڵات، ئەم پرسە بەکار بهێنین بۆ کولانەوەی برینە کۆنەکانی ژنی کورد لەم بەشەدا، بۆ ئەوەی لەجێی سڕکردنی ئەو برینانە، هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین.
با ئێمە ئەمە بکەینە دەرفەتێک بۆ پرسیار کردن لەخۆمان، ئاخۆ چەند ژنی هەڵگری هەمان گرفتی فەریناز لەم وڵاتەی ئێمەدا هەبن؟ کە بەرۆژی روناک تەعدایان لێ بکرێت، بەڵام ژیان و گوزەران و زۆر شت، دەرفەتی ئازایەتی فەرینازی لێ سەندبن؟
ناڵێم دەبێ ئازایی فەریناز بۆ خۆکوژی بکرێتە نمونەو ژنان چاوی لێ بکەن، بەڵام دەپرسم ئایا رێکخراوەکانی ژنان چەند لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە کردووە، تا ئەنجامەکەی بەئاشکرا لەم سەردەمی سۆسیال مدیاو کاریگەری میدیادا، بەکۆمەڵگە بگەیەنن و کۆمەڵگەکەیانی لێ ئاگاداربکەنەوە، لەپێناو بنەبڕکردنی ئەو دیاردانە؟
دەپرسم ئایا بۆچی تا ئێستا لێکۆڵینەوەو راپرسییەک نییە، کە گرنگی بەوە بدات، بۆچی لەهۆتێلەکان بۆ وەرگرتنی ژنان کەکار بکەن، گرنگی بەجوانی کارمەند دەدەن، نەک ویستی کار و بڕوانامەی کار ؟ ئایا ئامادەکردنیان بۆ پەلاماردان، یان بەکارهێنانی جوانییەکانیان نییە بۆ شتی تر؟
دەپرسم بۆچی راگەیاندنەکان گرنگی بەروخسار دەدەن لەوەرگرتنی ژندا، بۆچی هەر کارێک ژن بچێ پێش توانا سەیری جوانییەکەی دەکرێ، ئایا ئەوە یەکەم هەنگاوی بەفەرینازکردنیان نییە؟
ئەی بۆچی تا ئێستا راپرسییەک نەکراوە لەسەر ئەوەی ئەو جوانە هەڵبژێردراوانە، تاچەند رووبەڕووی هەوڵی ئیستغلالکردن بونەتەوە؟ تاچەند هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەریان دراوە؟ چی ناچاری بێدەنگی کردوون ؟
ئایا دەبێ ئێمە ئەوکارانە کاتێک بکەین کە فەرینازەکانمان خۆیان دەکوژن؟
تا کوشتنەکەیان بەکار بێنین بۆ تەقینەوەی رقی تری خۆمان، یان دەبێ بەر لەرووداو بیر لەهۆکارەکانی رووداو بکەینەوەو پێشی پێ بگرین .
بەهیوای پاراستنی فەرینازەکان.
بەهیوام چۆن رۆژهەكاتییەکان مەرگی فەریناز دەکەنە هەوێنی وەستانەوە بەڕووی بێدادی و ئەو بێ حورمەتییەی پێیان دەکرێت، باشوریش مەرگ و رۆحی فەریناز بکاتە هەوێنی کارکردن بۆ رێگری لەدەستدرێژی بۆ سەر کچان و ژنان لەجێگاکانی کارکردن.
سڵاو لەئازایەتی فەریناز، سڵاو لەگەنجان و خەڵکی بەورەی رۆژهەڵات
ئاشنا عومەر : ئەی فەرینازەکانی تر ؟ دوای مردنیان باسیان دەکەن، یان ؟
0
Share.