پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بەغدا وەکو کڕیاری نەوت مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەكات

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیان،بەغدا وەکو کڕیاری نەوتی کوردستانی لێهاتووە،دەشڵێت،حكومەتی هەرێم لە مانگی چواردا 505 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەڵام سۆمۆ 450 بەرمیلی بۆ نووسیوە.

ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری یەكێتی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە”ئەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەن هەروەک خۆیان دەمێننەوە،تا ئەوکاتەی ئەو ماددە دەستورییانەی کە هەن جێبەجێ نەکرێن، تاوەکو نەوت و غاز بە رەزامەندی هەردوولا جێبەجێ نەکرێت، تاوەکو ماددەی 140 جێبەجێ نەکرێت، تا ئەو کاتەی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دانەمەزرێ، تا دادگای فیدڕاڵی دانەمەزرێ، ئەو کێشانەی هەر دەمێننەوە”.

وتیشی”دەبوو حکومەتی عێراق بۆ مانگی چوار بڕی زیاتری پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ، چونکە هەم بەپێی رێککەوتنەکە، هەم بەوپێیە کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 550 هەزار بەمیل نەوت هەناردە بکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق لەسەدا 17 ی داهاتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ، ئەگەرچی مانگی سێ زیاتر بوو لە چاو مانگی دوو، بەڵام ئەو بڕەی لە مانگی چوار نێردراوە کەمە، ئەگەرچی ناردنی بڕە نەوتەکە زۆریش زیادی کردووە”.

ئارێز عەبدوڵڵا، پێیوایە عێراق ئێستا وەک کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکی لێهاتووە و بەبۆچوونی ئەو:”ئەمە تا سەر سەرناگرێ”. ئەو دەڵێ: “ئەگەر دەستور جێبەجێ بکرێت، هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی نابێت، بەڵام ئەگەر دەستور جێبەجێ نەکرێت هەموو رۆژێک کێشەکان سەرهەڵدەدەنەوە”.

ئارێز عەبدوڵڵا، دەڵێ هەڵەیەک روویداوە، ئەو هەڵەیەش ئاشکرادەکات و دەڵێ: “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی چواردا 505 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەڵام سۆمۆ 450 بەرمیلی بۆ هەرێمی کوردستان نووسیوە، واتە 55 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان حیساب نەکراوە، ئەگەرچی تۆمارکراوە، بەڵام لە عەمبارەکانی سۆمۆ هەناردە نەکراوە، کە من نازانم هەڵەی تەکنیکییە یاخود بەرپرسانی سۆمۆ وایانکردووە بۆ ئەوەی کێشەی لەنێوان بەغدا و هەولێر دروست ببێتەوە”.

بەبۆچوونی سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق: “ئەو کێشەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بە ناردنی شاند چارەسەر نابێت، پێویستە یاسایەک هەبێت بۆ رێکخستنی کاروباری نەوت و دەستنیشانکردنی ئەرک و مافی هەرێمی کوردستان و ئەو شارانەی کە نەوتیان لێوە بەرهەمدەهێنرێ”.

ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێ”لەنێو پەرلەمانی عێراقیشدا کۆمەڵێک دەست هەن کە کاریان ئەوەیە کێشە و گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەن،یەکێک لەوانەیش حەنان فتنەلاوییە،کە خۆی بە مەبەستەوە ناوەکەی لە (فەتلاوی)ییەوە کردووەتە (فتنەلاوی) ئەو دەڵێ: “لەبەرئەوەی کاری ئەو بووەتە دروستکردنی فیتنە بۆ هەرێمی کوردستان وای پێدەڵێم”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com