خەسرەو گۆران: بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر هەرێم عەبادی بانگهێشتی پەرلەمان دەكەین

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی فڕاكسیۆنی لە پەرلەمانی عێراق،دەڵێت،ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لە پێشێلکاری بەرامبەر هەرێم هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوە دەبێت، تەنانەت بانگهێشتی عەبادی دەکەین بۆ پەرلەمان.

خەسرەو گۆران،سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندوە”حکومەتی عێراق سەبارەت بە رێککەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا پێشێلکاری کردووە، هەروەها سەرپێچی یاسای بودجەی کردووە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دراوە”.

ناوبراو روونیکردەوە کە”بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حکومەتی عێراق دەبێت بڕی 17%ی بودجەی عێراق دوای دەرکردنی خەرجی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات”.

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان ناردوویەتی، خەسرەو گۆران گوتی”بەپێی ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە رەوانەی کردووە، دەبوایە حکومەتی عێراق 800 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکردایە”.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند”کە وەکو پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا پێیان باشە شاندێکی سیاسی یان هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەو کێشەیە سەردانی بەغدا بکات. وتیشی”ئەگەر حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لەو پێشێلکارییە، ئەوا وەکو پەرلەمانتاران هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوە دەبێت، تەنانەت بانگهێشتی عەبادی دەکەین بۆ پەرلەمان”.

رۆژی چوارشەممە 6ی ئایار، بەغدا 543 ملیار دیناری خستە سەر حسابی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمترە لە بەهای ئەو رێژە نەوتەی کە لە مانگی نیساندا هەولێر بۆ بەغدای ناردووەو بەپێی لێدوانی خەسرەو گۆران، 257 ملیار دیناری کەمە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com