نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێم رایگەیاند،ئۆباما بەڵێنی پێداوە کە هەرچیەک لەتوانایان دابێ دەیکەن تا هاوکاری پێشمەرگە بکەن و چەک بە دەستی پێشمەرگە بگات.
مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی CNNـی ئەمەریکای رایگەیاندوە”سوپاسی (ئۆباما) و (بایدن)م کرد کە هاوکاری ئیمەیان کرد و داوایشم لێکردن کە لە ئازاری گەلەکەمان تێبگەن؛ ئەوان بە باشی تێگەیشتن و بەڵێنیان دا هاوکاری زیاترمان بکەن“.
بارزانی دەشڵێت”بەڕێز(ئۆباما)زانیاری زۆر باشی هەبوو لەبارەی پێشمەرگە و ستاییشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد و بەڵێنیشی دا کە هەرچیەک لەتوانایان دابێ دەیکەن تا هاوکاری پێشمەرگە بکەن و چەک بە دەستی پێشمەرگە بگات“.
لەبارەی ئەوەی چەکەکان لەرێگەی بەغداوە دەگاتە دەست هەرێم،سەرۆكی هەرێم ئاشكرای دەكات كە”ئێمە حەز دەكەین راستەوخۆ چەكمان پێ بگات، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە پێشمەرگە چەك وەربگرێت“.
سەبارەت بەرزگاركردنی شاری موسڵیشەوە بارزانی رایگەیاندوە”رزگاركردنی موسڵ زۆر گرنگە،دەبێ خوێندنەوەیەکی باش و پلانێکی قوڵ بۆ رزگارکردنی موسڵ هەبێ؛دەبێت خەڵکی موسڵیش هاوکار بن،بەڵام پێشمەرگە هاوکاریان دەبێت“.
لەبارەی خەونی سەربەخۆیش بازانی جەختی لەوەكردوەتەوە”من تەنها ئەوە دەڵێم كە سەربەخۆیی پرۆسەیەكە و ئێمە دەستمان پێیی كردووە و بەردەوامیش دەبین لەگەڵی،ئەمە مافێكی سروشتی نەتەوەیی كوردە و ناتوانم بڵێم ئەم ساڵ دەبێت یان ساڵێكی دی،بەڵام بەو هیوایەم کە لەداهاتوویەکی نزیكدا بێت“.