عادل موراد:ئەوەی بەناوی منەوە لەبارەی سەردانەكەی بارزانی بڵاوكراوەتەوە قسەی من نییە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی دەڵێت،چەندین لاپەڕە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەناوی منەوە كراونەتەوە كە هیچ پەیوەندیان بەمنەوە نییە.

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،لە رونكردنەوەیەكدا ریگەیاندوە”ماوەیەكە چەندین لاپەڕە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەناوی منەوە كراونەتەوە بابەتی جۆراوجۆر سەبارەت بەپرسە گرنگەكانی هەرێم و عیراق بەناوی منەوە بڵاو دەكەنەوە،لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆ رای گشتی روون بكەمەوە كە ئەو لاپەڕانە دوورو نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەمنەوە نیە“.

لەبەشێكی تری رونكردنەوەكەیدا عادل موراد دەشڵێت”سەبارەت بەسەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمریكا، هیچ لێدوان یاخود نوسراوێكم بڵاونەكردوەتەوە كە وەك هەواڵ لەچەندین ماڵپەڕ بڵاوكراوەتەوە، لەوبارەشەوە روونكردنەوەیەكم بڵاوكردوەتەوە “.
دەقی رونكردنەوەكە:

هاوڕێیان ماوەیەكە چەندین لاپەڕە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بەناوی منەوە كراونەتەوە بابەتی جۆراوجۆر سەبارەت بەپرسە گرنگەكانی هەرێم و عیراق بەناوی منەوە بڵاو دەكەنەوە، لێرەوە بەگرنگی دەزانم بۆ رای گشتی روون بكەمەوە كە ئەو لاپەڕانە دوورو نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەمنەوە نیە.

دوپاتیدەكەمەوە كە هەر لێدوان و بۆچونێكم هەبێت لەلاپەڕەی خۆم لەفەیسبوك و ماڵپەڕی رەسمی ئەنجومەنی ناوەندی بڵاوی دەكەمەوە، جگە لەوە هەر هەواڵ و لێدوانێك یاخود نوسێنێك پەیوەندی بەمنەوە نیە.

پێشتریش لەمبارەیەوە رونكردنەوەیەك لەماڵپەری رەسمی ئەنجومەنی ناوەندی و لاپەڕەكەم لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردەوە.

*سەبارەت بەسەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمریكا، هیچ لێدوان یاخود نوسراوێكم بڵاونەكردوەتەوە كە وەك هەواڵ لەچەندین ماڵپەڕ بڵاوكراوەتەوە، لەوبارەشەوە روونكردنەوەیەكم بڵاوكردوەتەوە .

* سەبارەت بەنوسراوێكی تر كە بەناوی منەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە وتبێتم”ئەگەر دەوڵەتی كوردی لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێت ئامادە نیم لەژێر ئاسمانەكەیدا بژیم” ئەو نوسراوە هیچ پەیوەندی بەمنەوە نیەو تەعبیر لەبۆچونی من ناكات، ئەو كەسەی ئەوەی بەناوی منەوە بڵاویكردوەتەوە نەیاری منەو مەبەستی ناو زڕاندنمە.

من كە لەتەمەنی هەرزەكاریمەوە تێكۆشاوم بۆ رزگاركردنی كوردستان و بەدیهێنانی مافە رەواكانی میللـەتەكەمان، هەمیشە بەئاواتی ئەوەم كە كوردستانێكی سەربەخۆو ئازاد دابمەزرێت، هەر لەو رێگایەشدا خۆم و خانەوادەكەشم قوربانی زۆرمانداوە، باوكم و دوو مامم لەو پێناوەدا بەخشیوە،خۆشم هەر لەسەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی رزگاری گەلی كوردستان لەخەباتی سیاسی بێوچان دانەبڕاوم،هەر ئەوەبوە مایەی ئەوەی كە رژێمی بەعسی لەناوچوو ناسنامەی عیراقی لەخۆم و خانەوادەكەم بسەنەوە كە ئەوكاتە سكرتێری قوتابیانی كوردستان بووم.

سەر بەرزم وەكو ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی هەتا ئێستا هیچ دەستكەوتێكی شەخسی ئامانجم نەبوەو بەهیچ شێوەیەك بەرژەوەندی خۆم نەخستوەتە پێش بەرژەوەندی گەلەكەم.

سەرەڕای هێرشی ناڕەوایانەی (نەیاران و بەناو دۆستانم) هەڵبەستنی بوختانی جۆراو جۆر و چەواشەكار لە دژم، هەرگیز لە وتنی قسەی حەق دەستبەردار نابم، تەنها ئامانجیشم مورتاحكردنی ویژدانی خۆمە بەرامبەر بەخوای گەورەو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بۆ بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەڵێن دوپاتدەكەمەوە هەتا دواین هەناسەم لەسەنگەری خەباتدابم بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان.

براتان
عادل موراد

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com