نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێکی سەركردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایدەگەیەنێت،عێراق ھەڵوەشاوەتەوە ،چارەنووسی ئایندەی کورد لەگەڵ بەغدا نییە.
ئەبوبەکر عەلی ئەندامی سەركردایەتی یەکگرتوو ئیسلامی کوردستان، لەدیدارێکی لەگەڵ SNN لەبارەی ئایندەی پرۆژەی دەستور دەڵێت”دەتوانین لەماوەی ساڵێکی دیکەدا ببینە خاوەنی دەستور خۆمان“.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش،ئەندامەكەی سەركردایەتی یەکگرتوو ئاشكرای دەكات كە” ھەرێمی کوردستان تەنھا دەبێت ئیدارەی کێشەکانی بکات لەگەڵ بەغدا،پێموانییە لەجەوھەردا ھیچ باشبونێک لەپەیوەندیەکاندا ھەبێت، تەنھا ئەوەیە ھێوربوونەوەیەک لەپەیوەندیەکاندا ھەیە،ئەگەرنا کێشە بنەڕەتییەکان وەک خۆیانن،عیراق ھەڵوەشاوەتەوە،چارەنووسی ئایندەی کورد لەگەڵ بەغدا نییە،بەڵام چۆن کارێک بکەین بەشێوەی پلە بەپلە و عاقڵانە ڕۆژ بەڕۆژ لەبەغدا دووربکەینەوە،بەبێ ئەوەی کێشمەکێشی نەخوازراوی گەورە دروست بکەین،لەپێش ئەوکاتانەی لەنەخشەی ئێمەدا نییە“.
ئەو برپرسەی یەكگرتوو،ئاماژە بەوەشدەكات”ئیسلامییەکان ھاوڵاتی یەکسان نین لەبەردەم یاسادا، بۆیان نییە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و عەمید و بەڕێوەبەری قوتابخانە بن…..ھتد، لەبەرئەوە نایەکسانییەکی گەورە دەرحەق بەرامبەر ئیسلامیەکان و ھەندێک خەڵکی بێ لایەنە تاوەکو ئێستا ڕەوا بینراوە، نازانم تاکەی بەڕەوا دەبینرێت، نابێت بزوتنەوەی چاکسازیخوازی کوردستان و ئیسلامییەکان و خەڵکی مەدەنیخواز ئەوە قبوڵ بکەن“.
ئەبوبەکر عەلی،سەلەفیەت بە بیرکردنەوەیەکی”مەترسیدارە” وەسف دەکات و دەڵێت”سەلەفیەت بیرکردنەوەیەکی مەترسیدارە،لەسەر ئاستی نەتەوەیی،دینی،کۆمەڵایەتی و دیموکراتی، ھەروەھا پرۆژەیەکی دواخراوی توندوتیژییە لەھەر وڵاتێکدابێت دەبێتە تەوژمێکی گەورە، پێگەیان لەجاران بەھێزترە لەھەرێم“.