نوچەنێت.هه‌ولێر:
جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت،جیاوازی له‌نێوان بڕی نه‌وتی نێردراو و پاره‌ی ته‌سلیمكراو بەهەرێم هەیە بۆ ئەومەبەستەش ئێمه خه‌ریكی بەدواداچونین و پرسیار لەسەر ئەو جیاوازیانە دەکەین.
ئارام شێخ محه‌مه‌د،جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای رایگه‌یاند‌وە”جیاوازی له‌نێوان بڕی نه‌وتی نێردراو و پاره‌ی ته‌سلیمكراو هه‌یه، ئێمه خه‌ریكی بەدواداچونین و پرسیار لەسەر ئەو جیاوازیانە دەکەین“.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رونیشیكردوەتەوە كە”به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه‌و له بریکاری وه‌زاره‌تی نه‌وت وه‌رگیراون،له مانگی نیساندا 495 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێم له رۆژێكدا خراوه‌ته سه‌ر حسابی سۆمۆ، به‌م پێیه پێویسته بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێم نێردراوه كه 543 ملیار دیناره، زۆر زیاتر بێت“.
ئارام شێخ محه‌مه‌د”هەروەک لەسەر زاری سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقیه‌وه ئاشكرایكردوه، كه خه‌رجی سیادی و موچه‌ی كه‌ركوك له پاره‌ی ئه‌و بڕه نه‌وته ده‌بڕدرێت و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان نێردراوه‌و ئێمه‌ش له ئێستادا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ین له‌وباره‌یه‌وه تا بزانین بۆچی وایه“.