نوچەنێت.ههولێر:
پەرلەمانتارێکى گۆڕان،دەڵێت،حكومەتی عێراق یاساى بودجەى پێشێلکردوەو (307) ملیار دینار کەمترى بۆ هەرێم داناوە و دەبێت وەزیرە كوردەكانی بەغدا لێى بێدەنگ نەبن.
مەسعود حەیدەر، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لەسەر فراکسیۆنى گۆڕان، لەلێدوانێك بۆ میدیاكانی حیزبەكەی ئاماژە بەوە دەکات”لە مانگی كانونی دوەم و شوباتی ساڵی (2015)دا پشكی هەرێم بەپێى رێژەی نەوتی هەناردەكراوى حكومەتی هەرێم لە بەغداوە پارەى بۆ رەوانە کراوە بۆئەوەش حکومەتى ناوەند پاساوى ئەوەى هەبوە کە هەرێم پابەندى یاسای بودجەی ساڵی (2015) نەبوە بە رەوانەکردنى بڕى دیاریکراوى نەوت“.
ئەو پەرلەمانتارە رونى دەکاتەوە”ئەگەر پشت بە داتاکانى وەزارەتی نەوتی عێراقیش ببەسترێت کە لەگەڵ داتاکانى سامانە سروشتیەكان جیاوازییان هەیە، هێشتا دەردەکەوێت کە هەرێم لە مانگی نیسانی (2015)دا رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە بە تێکڕای نرخی (51.7) دۆلار بۆ یەك بەرمیل بۆیە ئەگەر بەرامبەر ئەو بڕەش پارە بنێردرێت دەبوایە مانگی نیسان (698) ملیۆن دولارى وەربگرتایە کە دەکاتە زیاتر لە (800) ملیار دینارى عێراقی، نەک (543) ملیار دینار کە (33) ملیار دینارى بۆ هێزى پێشمەرگەیە“.
مەسعود حەیدەر دەشڵێت”بە رەچاوکردنى ئەو دو بڕە پارەیە دەردەکەوێت حکومەتى ناوەند یاسای بودجەی ساڵی (2015)ى پیشێلکردوە و دەبێت وەزیرە كوردەكانی بەغدا لێى بێدەنگ نەبن و ئێمەش لە پەرلەمانی عیراق داوای بانگهیشتكردنی وەزیری نەوت و وەزیری دارایی عێراق دەكەین لەسەر ئەم بابەتە“.
ناوبراو ئەوەشى خستوەتەڕو”بە پشتبەستن بە داتاکانى بڕى هەناردەکردنى نەوت، پشكی هەرێم بۆ مانگی نیسانی ساڵی (2015) زیاتر لە (850) ملیار دینارە بە بودجەی هێزی پیشمەرگەوە“.