نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان،رایگەیاند، یەكپارچەیی خاكی عێراق بەزۆر ناپارێزرێ و کوردستانی سەربەخۆش بەڕێوەیە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ڕۆژی چوارشەممە 6-5-2015، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتڵەنتیك لە واشینگتۆن پانێڵێك بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێكخرا و بارزانی لە پانێڵەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لەوە كرد كە هاتنی ئێمە بۆ واشنتن بۆ گەیاندنی سوپاسی گەلی كوردستانە بە بەرپرسان و گەلانی ئەمریكا لە بەرامبەر پشتیوانیكردنی كورد لە شەڕی دژی داعش،پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانان رۆڵێکی گەورەی هەیە لە شەڕەكەدا. لەبارەی داعشیش ئاماژەی بەوەدا كە داعش درێژکراوی رێکخراوی قاعیدەیە، رەوتێکی تەکفیری و شۆڤینین و دژی ئازادی و هەموو بنەماکانی دیموکراسین لە جیهاندا، داعش لە هەر شوێنێک بێت ئازادی و دیموکراسی نییە“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا وتی:”پلانی داعش گرتنی موسڵ و دواتر کوردستان بوو، بەڵام پێشمەرگە بووە کۆسپ و شکستی بە پلانەکەی هێنا، ئێستا هەست بە شانازی دەکەین كە لەسەر دەستی پێشمەرگە هەیبەتی داعش شکێندرا و کوردستان بووە پەناگەی لێقەوماوان”. جەختیشكردەوە كە داعش بە چەکی سوپای سووریا و عێراق هێرشیکردە سەر كوردستان، بەڵام نەك تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە کۆبانێش پێشمەرگە داعشی تێکشکاند“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”لەبارەی راگەیاندنی سەربەخۆییش سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی:” یەكپارچەیی خاكی عێراق بەزۆر ناپارێزرێ، هیچ شتێک رێگری لە کورد ناکات چارەنووسی خۆی دیاری بکات، هەرچەندە ناتوانم کاتەکەی دیاری بکەم، بەڵام کوردستانی سەربەخۆ بەڕێوەیە“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لە پانێڵەكەدا بارزانی ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعشی راگەیاندو گوتی “تاوەكو ئێستا هەزار و 200 پێشمەرگە شەهیدبوونە و ئێمە بەرگریمان لە بەها مرۆییەکانی جیهان کردووە، بەڵام پێویستیمان بە کۆمەکی سەربازی زیاتر هەیە بۆ تێکشکاندنی چەكدارانی تووندڕەو، ئێستا لە گفتوگۆی بەردەوامداین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی داعش“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكانیش لە هەرێمی كوردستان،بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان و زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە نزیكەی 250 هەزاریان خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و سووریان“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێڵەكەدا هێمای بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و گوتی:” سەرەڕای هەندێ گرفت، بەڵام کوردستان پابەندی رێککەوتنەکەیەتی لەگەڵ بەغدا، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش ئامادەباشیان تێیدابێت بۆ هەموو جۆرە دەستپێشخەریبەک، یەکێتی خاکی عێراقیش پەیوەستە بە پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسییەوە“.