نوچەنێت.ههولێر:
کۆسرەت رەسوڵ رایدەگەیێنێت،كە مەسعود بارزانی پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا،پەیوەندی پێوەكردووە و پێیگوتووە هەموو دەسەڵاتێکت هەیە.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ 2015/5/5 سەردانی هەردوو میحوەری گوێڕو مەخموری كرد و لەدەستپێكی سەردانەكەیدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەردانی میحوەری گوێڕی كردو لەلایەن سیروان بارزانی لێپرسراوی میحوەرو فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكەوە پێشوازی لێكرا.
لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی میحوەر و فەرماندە سەربازییەكانی سنورەكە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە رەوشی بەرەكانی جەنگی پرسی و وتی:قارەمانێتی ئەمجارەی پێشمەرگە لەسەرجەم میحوەرەكان قەزیەی كوردی گەورەتر كردو بەدنیای وت كە ئێمەی كورد خەبات دەكەین و كۆڵ نادەین بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی خۆمان.
وێستگەیەكی سەردانەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و وەفدی هاوڕێی سەردانی كردنی میحوەری مەخموور بوو، لەم سەردانەیدا كە لەلایەن نەجات عەلی و فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكە پێشوازی لێكرا، گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگی و بایەخی ئەم ناوچەیە بۆ كوردستان.
لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەو پێشمەرگەكانی سنوورەكە، كۆسرەت رەسول وتی:ئەم ناوچەیە بۆ كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی زۆر گرنگەو دەبێ بایەخی زیاتری پێ بدرێ.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتی:پێشمەرگە هی هەموو كوردستانەو لەم جەنگەی ئەمجارەدا سەلماندی كە بەخوێن و گیانی خۆیان كوردستان دەپارێزن و گەورەترین سەروەری و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار دەكەن.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكان تەرخانكرا بۆ قسەكردن لەسەر سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەفدی یاوەری بۆ ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستە كۆسرەت رەسوڵ وتی: سەردانی سەرۆكی هەرێم لەم كاتەدا زۆر گرنگەو تێیدا باس لە رەوشی پێشمەرگەو مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكا، ئومێدیشمان هەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمژدەی خۆشەوە بگەڕێتەوە كوردستان و هەموومان بەئەنجامی سەردانەكە دڵخۆش بین.
لەلایەكی تریشەوە کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەكاتی بەسەرکردنەوەی بەرەکانی شەڕی دژی داعش لە میحوەری گوێڕ مەخموور، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاندوە”كە مەسعود بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، پەیوەندی پێوەكردووە و پێیگوتووە هەموو دەسەڵاتێکت هەیە. داواشی لێكردووە ئاگای لە شەڕی داعش بێت و سەردانی بەرەکانی شەڕ بکات“.
لەبارەی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و داواكاری كورد، کۆسرەت رەسوڵ وتی”کورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت و داواکاری خەڵکی کوردستان لە کۆنفیدراڵی کەمتر نییە“.