نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی كۆمەڵگەی كەنیسەكانی ڕۆژهەڵات لە ڤاتیكان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دهكات و هاوكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئاوارە كرستیانەكان بەرز دەنرخێنێت.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2015/5/5 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز كاردینال لیۆناردۆ ساندری، سەرۆكی كۆمەڵگەی كەنیسەكانی ڕۆژهەڵات لە ڤاتیكان و شاندێكی یاوەری كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا كاردینال لیۆناردۆ سڵاو و ڕێزی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانی گەیاندە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروهك سوپاسگوزار بوو بەرامبەر بەو هەموو هاوكارییەی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان پێشكەش به هەموو ئاوارە و لێقەوماوانی عێراق بە گشتی و ئاوارە كرستیانەكانیان بە تایبەتی دهیكهن كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”تیشكى خسته سهر ئهوهى كە سەردانی كەمپی ئاوارە كرستیانهكان و كەنیسەكانی هەرێمی كردووە و لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی پەنابەران بووە كە لە كەشوهەوایەكی ئاسوودەدا ژیان بەسەر دەبەن و حكوومەتی هەرێمیش سەرەڕای ئەو بارگرانییەی بۆی دروست بووە، بە شێوەیەكی باش هاوكاری و خزمەتگوزاری پێگەیاندوون و بۆ ئەمەش سوپاسی دەزگاكانی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆمەڵگەی كەنیسەكانی ڕۆژهەڵات باسی لە پرۆگرامی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ كەنیسەكانی هەرێم كرد و ئاماژەی بەوە دا كە بە وردی لێكۆڵینەوەی له ڕەوشی ئاوارە كرستیانەكان كردووە كە زۆربەیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە دیدارەكانیدا ئاوارەكانی هان داوە كۆڵ نەدەن و خۆڕاگر بن و بەرەو هاندەران كۆچ نەكەن. لە هەمان كاتدا وەك ڤاتیكان داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئێن جی ئۆكان و ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن كە هاوكاریی زیاتری ئاوارەكان و هەرێمی كوردستان بە گشتی بكەن“.
لەبەرانبەریشدا”نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو سەردانەی سەرۆكی كۆمەڵگەی كەنیسەكانی ڕۆژهەڵات لە ڤاتیكان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ نامە تایبەتییەكەی قەداسەتی ڤاتیكان پیشان دا و باسی لە دوا سەردانی خۆی بۆ ڤاتیكان و دیداری لەگەڵ قەداسەتی پاپا كرد و دڵخۆشیی خۆی دەربڕی كە خوشك و برایانى كرستیان توانیویانە گەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت هەرێمی كوردستان وەك ئارامگەیەكی حەوانەوە بەكار بهێنن تا ناوچەكانیان ئازاد دەكرێن و دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”سهرۆك وهزیران دووپاتى كردهوه كه حكوومەتى ههرێمى كوردستان ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك و سەرەڕای توانا سنووردارەكان، بەڵام حكوومەت لە پاراستن و هاوكاریكردنیان بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژەی بە یەكڕیزی و یەكێتی و تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان كرد كە لە ناوچەكەدا كەم وێنەیە“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا بارودۆخی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی بارودۆخی مووسڵ و ڕەوشی ئابووری و كۆمەڵایەتیی ناوچەكە گفتوگۆی لەسەر كرا و بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كاردیناڵی كۆمەڵگەی كەنیسەكانی ڕۆژهەڵاتهوه، سڵاو ڕێزی خۆی و بهڕێز سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و خەڵكی كوردستانی بۆ قەداسەتی پاپای ڤاتیكان نارد و هیوای خواست لە داهاتوودا قەداسەتی پاپا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات“.