نوچه نێت
دوای ئەوەی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستان داوای ئێزدییەكانیان لەبەرچاو نەگرت و لە لیژنە دەستوورییەكە بێبەشیان كردن، فراكسیۆنی پارتی بڕیاری دا، لە پشكی خۆی كورسییەك بە ئێزیدییەكان بدات، نوێنەری ئێزیدییەكانیش دەڵێت: “ئەم بڕیارەی پارتی ئەوە دەگەیەنێت كە ئێزیدییەكان ئەمانەتێكن لە دەستی ئەودا”.
ئەمڕۆ سێ شەممە رێكەوتی (5/5/2015) فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان، بڕیاریدا كە لە پشكی خۆی، لە لیژنەی ئامادەكاری دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی، كورسییەك بە كوردانی ئێزیدی بدات، ئەم بڕیارەی فراكسیۆنی پارتی لە دوای ئەوەوە دێت، كە سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی تر، داوای ئێزیدییەكانیان پشتگوێ خستن و لەو لیژنەدا بەشداریان پێنەكردن.
شێخ شامۆ شێخۆ نەعۆ ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان، لە لێدولنێكی رۆژنامەوانییدا نیگەرانی خۆی لەبەرانبەر سەرۆكایەتی پەڕلەمان و فراكسیۆنەكانی (گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ) دەربڕی و بەوە تۆمەتباری كردن، كە بۆ پێكهێنانی لیژنە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان، تایبەتمەندی ئێزیدییەكانیان لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە وەك ئەو وتی: “ئێمە داوامان كرد كە بۆ درووستكردنی ئەو لیژنە دەستوورییە، ئەندامێكی ئێزیدی دابنرێت، بەڵام بە داخەوە ئەو داوەیە لەبەرچاو نەگیرا، لە كاتێكدا دانانی ئەو ئەندامە لەبەرژەوەندی هەموو لایەكدا بوو و زیاتر وای دەكرد ئێزیدییەكان هەست بە دڵنیایی بكەن، بە تایبەت لە پرۆژەیەكی گرنگی وەك دەستوور، كە پەیوەندی بە ئێستا و پاشەڕۆژی هەموومانەوە هەیە”.
شێخ شامۆ كە تاكە نوێنەری ئێزیدییەكانە لە پەڕلەمانی كوردستان، ئەوەیشی روونكردەوە كە نابێت تایبەتمەندی ئێزیدی بە پارتییەوە گرێ بدرێت، وەك ئەو وتی: “راستە من لە رووی نەتەوەییەوە كوردم و لە رووی سیاسییشەوە پارتیم، بەڵام ئێمە وەك ئێزیدی تایبەتمەندی خۆمان هەیە و پێویستە هەمووان ئەو تایبەتمەندێتییە لەبەرچاو بگرن”.
شێخ شەمۆ لە بارەی بڕیارەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، وتی: “ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت كە كوردی ئێزیدی و ناوچەكانیان ئەمانەتی دەستی پارتیین، بۆیە ئێزیدییەكانیش هەر داوایەكیان هەبێت ڕوو لە پارتی دەكەن”.
فراكسیۆنی پارتی لە پشكی خۆی لە لیژنە دەستوورییەكە كورسییەك بە ئێزیدییەكان دەدات
0
Share.