نوچەنێت.رووداو:
ماوەی چەند ساڵێكە فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی مانگانە نزیكەی ملیارێك دینار دەداتە مەڵبەندەكانی یەكێتی و ئەوانیش دابەشی سەر 23 هەزار لایەنگری خۆیانی دەكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە (رووداو) راگەیاندوە”ماوەی چەند ساڵێكە مەڵبەندەكانی یەكێتی مووچەیەك بەناوی مووچەی تایبەت دەدەنە 23 هەزار لایەنگری خۆیان، ئەم مووچەیەش لەسەر بودجەی وەزارەتی كارە،بەڵام بەدەر لە رێنماییەكانی وەزارەتی كار دابەش دەكرێن”. بەپێی زانیارییەكان، كەمترین مووچەی ئەو كەسانە 15 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 650 هەزار دینارە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی”هیچ بنەمایەك نییە بۆ دابەشكردنی ئەم مووچەیە،لە بنەڕەتدا مووچەكە بەناوی كەسانی كەمدەرامەت درا،بەڵام هەیە زۆر دەوڵەمەندە و ئەم مووچەیە وەردەگرێت،هەشیانە مووچەی دیكەی هەیە و ئەو مووچەیەش وەردەگرێت”.
لەو 23 هەزار كەسە 10 هەزاریان لە سەنتەری شاری سلێمانین، 6800 كەس لە هەولێر، 1400 كەس لە دهۆك، 1300 كەس لە مووسڵ، 850 لە سۆران و 1900 كەسیش لە گەرمیانن. مووچەكەش لەسەر بودجەی وەزارەتی كارە، بەڵام لە رێگەی مەڵبەندەكانی یەكێتییەوە دابەش دەكرێت.
سەرچاوەكەی (رووداو) بڕی ئەو مووچەیەی ئاشكرا كرد كە ساڵانە نزیكەی 11 ملیار دینارە و وتیشی”لە نێو ئەو مووچەخۆرە تایبەتانە ناوی 350 كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانیش هەن كە لە كۆیە دادەنیشن”. وەك ئەو گوتی “پێدانی ئەم مووچەیە زیاتر بۆ كەسبی حیزبییە”.
وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەدوای یەكخستنەوەی ئیدارەكانی هەولێر و سلێمانی لەدەستی یەكێتی نیشتمانی بوو، لەم كابینەیەی ئێستاشدا لەدەستی یەكگرتووی ئیسلامییە.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە لیستی مووچەدا بچێتەوە، وەزارەتی كار لە كۆتایی ساڵی رابردوودا لێژنەیەكی بۆ پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی وەزارەتەكەی پێكهێنا و لە رێگەی ئەو لێژنەیەوە ئاشكرا بوو كە 23 هەزار كەس لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی كۆمەڵایەتی سلێمانی “مووچەی تایبەت”یان هەیە، بەڵام مووچەكە لە رێگەی مەڵبەندەكانی یەكێتییەوە دابەش دەكرێ.
ئێستا وەزارەتی كار لێژنەیەكی دیكەی پێكهێناوە بۆ رێكخستنی مووچەی ئەو كەسانە. هەر بۆیەش پێدانی ئەم مووچەیەی راگرتووە.ئەو سەرچاوەیە گوتی”مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی ئەو كەسانە هاتووە،بەڵام دابەشكردنەكەی لە هەولێر راگیراوە، تەنیا لە سلێمانی دابەشكراوە”.
ئیبراهیم رۆستەم، بەڕێوەبەری گشتیی پشكنین لە وەزارەتی كار كە سەرۆكایەتی لێژنەی دووەم دەكات، بە (رووداو)ی گوت “نازانین ناوی وەهمی تێدایە یان نا،ئێمە لە قۆناغی پێداچوونەوەین،بە دڵنیاییەوە ئەوانەی ناشایستەن ناوەكانیان دەردەهێنرێت و لە دەسەڵاتی وەزیردایە خەڵكی دیكە لە شوێنیان دابنێت”.