رزگار رەزا چوچانی – سوید
ماوەیەک پێش ئێستا لەکورتە پۆستێکی فەیسبووک نوسیبووم، پەڕلەمانی کوردستان پڕە لەهەرزەکاری سیاسی، یەک دوو هاوڕێی پەڕلەمانتار بەوە بێزار بوون، یەکیان بۆی نوسیبوم، کاتێک قەڵەم بەدەستەکان شکۆی پەڕلەمان بشکێنن، بۆ دەسەڵاتی هەقی نییە گوێمان بۆ ناگرێت؟
من ئەوکاتیش نوسیبووم، زۆرینەی هەرزەرکاری سیاسین، نەک وتبێتم هەموو پەڕلەمان، ئێستاش بەبڕواوە ئەوە دووبارە دەکەمەوە، کە زۆرینەیان هەرزەکاری سیاسین، هەرزەکار بەمانای تەمەن نا، بەمانای کار، ئەوان لەکاری سیاسیدا فیعلەن هەرزەکارن و هەرزەکارانە مامەڵە دەکەن، رەنگە خولی داهاتووی پەڕلەمانیش خراپتر بێت لەم خولە، چونکە ئەوەی من دەیبینم لەئێستاوە لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە هەوڵ دەدرێت، ئەستێرەی جەماوەری دروست بکەن بۆ خولی داهاتووی پەڕلەمان، نەک خەڵکی کارزان و شارەزا لەکاری پەڕلەمانی پەوەردە بکەن.
کێشەی دەزگایەکی زۆرینە هەرزەکار هەر ئەوە نییە، کەکارەکانی کاڵوکرچ دەچێتە پێش، بەربەست لەبەردەم کارەکانی دروست دەبێت، بەڵکو مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە هەمیشە دەرگایەکی لەسەر پشت دەبێت بۆ دەستێوەردان.
با لێرەدا چەند نمونەیەک بخەینەڕوو، بزانین ئایا ئەوەی بەشیک لەپەڕلەمانتارانی کورد دەیکەن کاری هەرزەکاریی سیاسی نییە؟ ئایا کارەکانیان ئەو گومانە نادات بەدەستەوە کە ویستی دژ بەکوردستان هەرزەکاری ئەوانی ئیستغلال کردبێت؟
- پەڕلەمانتارێک بۆ ئەوەی ببێتە ئەستێرەی میدیا، بەبێ بەدواداچوون، بەبێ پرسیار لەلایەنی فەرمی کەوەزارەتی پێشمەرگەیە، پێشمەرگەیەکی قارەمان، گیانفیداو شەهید، دەکاتە چەکداری داعش و بەداعش بوون ناوی دەزڕێنێ لەڕاگەیاندنەکان، بەشێوەیەک جارێکی تر کەسایەتی و ناوی ئەو پێشمەرگە تیرۆر دەکاتەوە، خوێ دەکاتە زامی دڵی کەسوکارەکەی، سەرۆکی وڵاتێک ناچار دەکات بەدەنگ بێت.
باشە ئەمە هەرزەکاریی سیاسیی و نەزانیی لەکاری پەڕلەمانیدا نەبێ، چی ترە ؟
- حکومەتی کوردستان کێشەیەکی یاسایی لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ کۆمپانیایەکدا هەیە، هێشتا دادگا بڕیاری نەداوە کێشەکە بەکام لادا دەکەوێت، بەهەموو مانایەک ئەم کۆمپانیا مادام کێشەی یاسایی لەگەڵ حکومەتی کوردستان هەیە، بەلایەنی بەرانبەری حکومەتی کوردستان هەژمارە، تەرەفێک کەبۆ بردنەوەی خۆی دەیەوێ، هەرچی پێی بکرێ ناوی حکومەتی کوردستان بزڕێنێ، زۆرترین بابەتی دژ بەئەو بخاتە بازاڕی راگەیاندن، گەورەترین دەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر بێنێتە بوون.
بەڵام پەڕلەمانتارێکی کوردستان دەستی لەگەڵ تێکەڵ دەکات، زانیاری کۆبونەوەکانی لیژنەی نەوتی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی حکومەتی کوردستانیان بۆ دەگوازێتەوە، ئەدی ئەگەر ئەمە هەرزەکاریی سیاسی و پەڕلەمانی نەبێ، چی پێ دەڵێن؟
باشە مافمان نییە گومانمان هەبێ لەسەر دەستێکەڵکردنی ئەم پەڕلەمانتارە و کۆمپانیایەکی ساماندار، خۆ ئەگەر دەستێکەڵکردن و هەڵوێست فرۆشتن و نهێنی فرۆشتن نەبێ، کە جێی گومانە، بێگومان بۆ نەزاندووی کاری ساسی دەگەڕێتەوە، ئەی نەزانیی، هەرزەکاری نییە ؟
- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدرێژایی چەند ساڵێکە نەخۆشی مام جەلال لەڕای گشی دەشارێتەوە، تەنانەت بەناوی تاڵەبانییەوە لێدوانیان داوەو پەیامیان بڵاوکردۆتەوە، چەندین سەرکردەو سیاسی کوردستان و جیهان دوای گەڕانەوەی تاڵەبانی بۆ سلێمانی، سەردانیان کرد، وەک رۆژنامەنوسێک لەزۆرێکیاندا کول بووم، نەیانوت تەندروستی تاڵەبانی چۆنە، و قسەیەکیان بەپێچەوانەی قسەی یەکێتی یەوە نەکرد.
بەڵام لەیەکەم سەردانی پەڕلەمانتارەکانی فراکسیۆنی سەوز لەپەڕلەمانی کوردستان بۆ لای تاڵەبانی، بۆ راگەیاندنەکان وتیان، تاڵەبانی ناتوانێ هیچ قسەیەک بکات، تەنها لەبەرانبەرەکانی تێدەگات.
باشە ئەمە هەرزەکاری سیاسی نەبێ چییە؟ ئاخر هەرزەکاری لەوە هەرزەکارتر چییە، تۆ پێچەوانەی قسەی سەرکردایەتی ومەکتەبی سیاسی حزبەکەت، پێچەوانەی ئەو هەموو قسەی بەدەمی تاڵەبانییەوە بڵاوتان کردۆتەوەو لەڕێیەوە ئێوەش بوون بەپەڕلەمانتار، نەتوانی بەهێندەی سیاسیەکانی دژ بەحزبەکەشت، خۆ بگریت لەدرکاندنی ئەو نهێنییەو ئاشکرای بکەی کە تاڵەبانی ناتوانێ قسە بکات؟ هەرزەکاریی نەبێ، چییە؟
لەهەمووی ترسناکتر
کوردستان لەلایەن عێراقەوە ئابڵوقەی لەسەربێت، عێراق بەهەموو شێوەیەک هەوڵ بدات پرۆسەی نەوتی کوردستان هەرەس پێبهێنێ، تا لەو رێگایەوە کوردستان بەیەکجاری بگێڕێتەوە ژیر کۆنتڕۆڵی خۆی، لەو نێوانەدا حکومەتی کوردستان بەسیاسەتێکی ژیرانە توانبێتی دەروازەی تورکیا بەرووی نەوتی کوردستاندا بکاتەوە، بۆری نەوتی سەربەخۆ بەهاوکاری تورکیا بنیات بنێ، بەوەش حکومەتی عێراق لەفشارەوە ناچار بەهەوڵی رێککەوتن بکاتەوە، کۆمەڵێک پەڕلەمانتار هەوڵ بدەم ئەم چەکە لەدەستی حکومەتی کوردستان بسەنن، بێ بیرکردنەوە لەوەی لەدەستدانی پەیوەندی تورکیا کوردستان تەسلیم بونەوەیە بە عێراق، هەرزەکاریی سیاسیی ئەو پەڕلەمانتارانە نەبێ، چی ترە؟
بڕوانە دواین هەوڵی پەڕلەمانتارانی کورد، بەناوی پشتیوانی لەقوربانییەکانی ئەرمەن، خەریکی واژۆکردنەوەن بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەکان، بێ بیرکردنەوە لەهەستیاری تورکیا بەم پرسە، بێ بیرکردنەوە لەخەتەری پشتکردنە پەیوەندییەکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، بێ بیرکردنەوە لەناچاربوونی کوردستان بۆ تەسلیم بوونەوە بەعێراق بەهۆی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا.
ئاخر ئەمە موراهقی سیاسی نەبێ، چی ترە ؟
من نایشارمەوە، لەگەڵ هەرزەکاریی سیاسی ئەواندا، گومان دەکەم، ئەجێندایەکی گەورە هەبێ ئەم پرسە بجوڵێنێت لەکوردستان، بەڵام ئەوەی دەروازە بۆ ئەم ئەجێندایە دەکاتەوە لەسەر ئاستی رەسمی، هەرزەکاریی سیاسی پەڕلەمانتارانی کوردستانە، و تەسلیم بوونیانە بەو ئەجێندا، بەڵام بەهۆی نەزانینەوە، نەک خیانەت لەکوردستان.
ئاخر هیچ نەتەوەیەک بەهێندەی کورد، لەمسی ئازارەکانی جینۆساید ناکات، لەهەرجێیەکی ئەم جیهانە باسی جینۆسایدی میللەتێک بکرێت، کورد برینەکانی جینۆسایدکردنی دەکولێتەوە، لەهەر جێیەک میللەتێک جینۆساید کرابێت، کورد لەپێش هەموو میللەتەکانی تری دونیاوە هاوسۆزی بووە و هاسۆزییەتی، لەگەڵ ئەوەی ئێمە جینۆساید کراین و میللەتێک لەسەر ئەم ئەرزەدا هاسۆزمان نەبوو، بەڵام هەڵکەوتەی مرۆڤبوونی کورد وایە، میللەتە جینۆسایدکارەکانیشی جینۆسایدبکرێن و کرا بن، هاوسۆزیان بووەو هاوسۆزیشیان دەبێت.
کەوایە هیچ کەس کێشەی لەگەڵ ئەمە نییە کورد هاوسۆزی ئەرمەنەکان بێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر رەسمیاتی کاری حکومەتی و ناساندنی ئەم پرسە، ناکرێ کوردستان پێگەی خۆیی و پێویستییەکانی بەتورکیا و هەستیاری تورکیا بەوپرسە رەچاونەکات و عەتف بەسەریا زاڵ ببێت.
بەڵام پەڕلەمانتارانی کوردستان، بەبێ بیرکردنەوە لەپێگەی کوردستان، بێ بیرکردنەوە لەگرنگی پەیوەندی تورکیا و کوردستان، لەپەڕلەمانی کوردستاندا خەریکی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.
من لەم هەوڵەی پەڕلەمانتارانی کوردستاندا هەست بەمەترسی دەکەم، مەترسی ئەوەی موراهیقی ئەوان لەسیاسەتدا ئیستغلالکرابێت، لەلایەن ئەوانەی کە خەون بەگێڕانەوەی یەکجاری کوردستان دەبینن بۆ باوەشی عێراق، ئەوانەی کە بەهەموو هەوڵ تێدەکۆشن بۆ هەرەسهێنان بەو رێگای کەئەنجامەکەی سەربەخۆیی ئابوری بۆ کوردستان بەدینێت، بەخوێندنەوە بۆ هەوڵەکانی تێکدانی پەیوەندی تورکیا و کوردستان لەم ماوەی رابردوودا، بەخوێندنەوە بۆ ئەو هەموو حەساسیەتە عێراقی و ئیقلییمییە بەپرسی سەربەخۆیی بۆری نەوتی کوردستان، بەهەستیاری تورکیا بەپرسی ئەرمەنەکان، ماف بەخۆم دەدەم گومانم هەبێ کەپەڕلەمانتاران کەوتبنە داوی هەوڵەکانی تێکدانی پەیوەندی تورکیا و کوردستان.
ئەگەرنا، رەوا نییە، کەسێک بەخۆی بڵێ پەڕلەمانتار، نەزانێ لەهەموو جیهاندا تا ئێستا 21 وڵات کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان وەک جینۆساید ناساندووە، و هیچیان لەوڵاتانی دراوسێ و دەوروبەری تورکیا نین، هیچ لەو وڵاتانەش نین کەلەگەڵ تورکیادا دەکەونە یەک ناوچە جگە لەلوبنان، ڕەوا نییە بیر لەوە نەکەنەوە وڵاتانی خاوەن سیادەو هێزی ئەم ناوچەیە جورئەتی ئەوەیان بەرانبەر بەتورکیا نەبوێ، کوردستان بەم دۆخەی ئێستایەوە چۆن بتوانێ هەنگاوێکی وا هەڵبگرێت.
ئەگەر مراهیقیی سیاسی یان کەوتنە داوی هەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی تورکیا – کورداستان نەبێ، ڕەوا نییە پەڕلەمانتارانی کوردستان ئاگایان لەوە نەبێ تورکیا لەگەڵ وڵاتە هەرە بەهێزەکانی جیهاندا لە چ شەڕێکی گەورەدایە لەسەر ئەو پرسە، رەوا نییە تێنەگەن لەوەی تورکیا شەڕی جیهان بکات لەسەر ئەو پرسە کوردستان چ پاروییەکی ئاسانە بۆی لەو شەڕەدا.
ئەگەر موراهیقی پەڕلەمانتارانی کوردستان، یان ئیستغلالکردنی ئەو موراهقییەی ئەوان نەبێ لەلایەن دژەکانی پەیوەندی تورکیا – کوردستان، ناکرێ ئاگایان لەوە نەبێ، کاتێک پاپای ڤاتیکان بەو هەموو قورسیەتەوە لەساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا، وتی”یەکەمین کۆمەڵکوژی سەدەی بیستەم بەرامبەر بە ئەرمەنەکان کراوە”، لەبەرانبەردا حکومەتی تورکیا باڵیۆزی ڤاتیکانی لەئەنقەرە بانگهێشت کرد، ناڕەزایی وڵاتەکەی پێڕاگەیاند، زیاتر لەوەش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەڕاگەیەنراوێکدا، سەرسوڕمانی خۆی بەو لێدوانەی پاپا راگەیاند، هۆشداری گەرەی پێدا، کە ئەوەی پاپا وتویەتی جێگای قبوڵکردن نییە، پاپای تۆمەتبارکرد بەبەکارهێنانی پێگە ئاینییەکەی بۆ ئاراستەکردنی تۆمەتی بێبنەما و پەخشکردنی رق و کینە.
ناکرێ ئاگایان لەوە نەبێت، کاتێک لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەبارەی جنۆسایدی ئەرمەنەکانەوە، پرۆژە بریارێکی تێپەڕاند، کەتێیدا بەکۆمەڵ کوشتنی ئەرمەنەکان بەجینۆساید وەسف دەکات، لەبەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەتوندی وەڵامی کۆنگرێسی ئەمریکای دایەوەو هۆشداری پێدا، کەکۆنگرێس بەدەرکردنی ئەو بریارە سنووری دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەزاندووە.
ناکرێ ئاگایان لەوە نەبێ کەبۆ رەچاوکردنی نیگەرانییەکانی تورکیا، ئۆباما سەرۆکی گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی دونیا، لەپەیامەکەی خۆیدا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بەجنۆساید ناو نەبرد.
ناکرێ قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیایان بیر نەبێ، کەبەئاشکرا دوژمنایەتی بۆ هەرکەس و وڵاتێک ڕاگەیاند کە ئەو کۆمەڵکوژییە بەجینۆساید ناو ببات، و پێی وابوو، بەکارهێنانی وشەی جینۆساید بۆ ئەو کوشتارە، وتنی حەقیقەت نییە ئامانج هێرشکردنە سەر تورکیاو زیانگەیاندنە بەو وڵاتە.
بەڵام من بەگومانم لەو هەڵوێستەیان، بەهیوام ئەوەی پەڕلەمانتارانی کورد دەیکەن، تەنها موراهیقی سیاسییان بێت، تا بەئەزمونترێک لەخۆیان لەحزبەکانیان لە هەستیاری ئەو پرسە حاڵییان بکات، نەکەوتبنە داوی دژەکان بەپەیوەندی ئایندەسازیی، تورکیا – کوردستان.