نوچەنێت: هەولێر
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پێداگیری دەكات لەسەر ئەوەی كە ناوچە كێشە لەسەرەكان، لە لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ ڕاپرسی، نوێنەریان هەبێت، بەڵام جەخت لەسەر ئەوەیش دەكاتەوە، ئازادی بە حیزب و پێكهاتەكان دراوە، خۆیان نوێنەر دیاری بكەن.
درووستكردنی لیژنەیەكی (21) كەسی بۆ ئامادەكردنەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی، لە دوای ئەو سازانە هات، كە لەسەر ئەو پرسە، لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان درووست بوو، بەڵام تا ئێستا ئەوە یەكلایی نەكراوەتەوە، كە ئایا ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چەند نوێنەرییان دەبێت لەو لیژنەیدا.
شوان شێخ ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەڕلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێكەوتی (27/4/2015) ڕایگەیاند، هەرچەندە بۆ دانانی ئەندامانی لیژنەكە ئازادی تەواو بە لایەنە سیاسییەكان دراوە كە خۆیان نوێنەری خۆیان دابنێن، بەڵام پێداگیری دەكات، كە دەبێت ئەو ناوچانەی كێشەیان لەسەرە، نوێنەرییان لە لیژنەكەدا هەبێت.
شوان شێخ ئەحمەد وتی: “تا ئێستا وا دانراوە كە ئەو ناوچانە نوێنەریان هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەو ئازادییەیش بە لایەنە سیاسییەكان دراوە، كە خۆیان نوێنەرەكانیان دابنێن، بۆیە حیزب و لایەن و پێكهاتەكان ئازادن لەوەی، نوێنەری ئەو ناوچانە دابنێن یان نا”.
شوان كە ئەندامی فراكسیۆنی زەردیشە لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، كە تا ئێستا چۆنێتی دابەشكردنی ئەندامانی لیژنە(21) كەسییەكە بەسەر لایەنەكاندا یەكلایی نەبۆتەوە، لە بارەی بڕیاری فراكسیۆنەكەیشی بۆ دانانی نوێنەری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەسەر پشكی ئەوان، وتی: “چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە ئەو بابەتەیش یەكلایی بێتەوە، ئەوكات بڕیاری لەسەر دەدەین”.