رزگار رەزا چوچانی
جەنابی سەرۆک، ئەمە شعر نییە کە بڵێم، تەمەنێکە غەدر لەپێشمەرگە دەکرێت و پێشمەرگە بێ هیوا نابێ، زەمەنێکە بێ نازدەکرێت و ئەو سارد نابێتەوە لەخەبات.
زۆر لەسەر خەمەکانی پێشمەرگە باسکرا، بەڵام هێشتاش نیوەی ئەو خەمە نەبوو، کەهەیانە، ئێوە ئەزانن فەرمانبەرانی کەرتەکانی تر، هەمیشە هەرەشەی جێهێشتنی ئەرکاکانیان دەکەن بۆ ئەوەی موچەیان دوا دەکەوت، تەنها ساڵێک مانگ نا مانگێک موچە دواکەوتنی فەرمانبەران و چینەکانی تر ڕوویدا، چەندین خۆپیشاندان کرا، چەندین قوتابخانە وانە وتنەوەی تیا وەستا، نەخۆش لەژووری نەشتەرگەرییەکان جێهێڵدرا، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، پێشمەرگە موچەی دوادەکەوێت و بێ موچە دەکرێت، رۆژێک سەنگەرێکی چۆڵ نەکرد، رۆژێک خۆپیشاندانێکی نەکرد.
جەنابی سەرۆک، جگە لەموچە، لەدابەشکردنی پلەو ئیمتیاز لەخزمەتکردن پێشمەرگە بێنازترین چین و توێژ بوون، هەتا دوێنێش پێشمەرگە لەهیچ دادگایەکی وڵات، بەشاهید قبوڵ نەدەکرا، لەهیچ فەرمانەگەیکی حکومەت و کەرتی تایبەتیش، پێشمەرگە بەکەفیل قبوڵ نەدەکرا، بەڵام پێشمەرگە بڕوای بەپێشمەرگایەتی لەق نەبوو.
تۆ ئەزانی، هۆکاری خۆڕاگری پێشمەرگە هیوایەک بوو بەچارەسەرکردنی ئەو گرفتانە لەسەر دەستی تۆ؟
ئەزانی هۆکاری ماندونەبوونیان ئەوە بوو، چاوەڕێ بوون رۆژێک ئەو بێ دادییەی بەرانبەریان دەکرێت بەتۆ بگات؟
دڵنیابوون گەر بەتۆ گەشت نەقبوڵی دەکەیت و نە رێگە دەدەی ئەوە بەرانبەر پێشمەرگە بکرێت.
لەناخی پێشمەرگەدا، رقی هەرچی بێ دادی بەرپرسان هەبوو، داخی هەرچی نا عەدالەتی لەدابەشکردنی پلە و گەندەڵی هەبوو، پەنگی دەخوارد، لێ چاوەڕێ بوون کە رۆژێک بێت راستییەکان بگات بەئێوەو ئێوەش خاڵی کۆتاییان بۆ دابنێن، بەڵام نەخۆت ئاگات لێی هەبوو، نە راوێژکارەکانت بەبەڕێزتیان گەیاند.
رێزدار جەنابی سەرۆک، گریمان لەڕابردوو هیچ کام لەو ئاوات و خەمە گەورانەی کەپێشمەرگە هەیبوو بە جەنابتیان نەدەگەیاند، کە دڵنیام پێت نەگەشتووە.
بەڵام خۆ دوێنێ گوێت لێ بوو !
دوێنێ لەگەورەترین کەمپەین بۆ هاوکاری شەهیدانی پێشمەرگە، لە گەورەترین کەناڵی کوردستان، بیستت چی بەرانبەر پێشمەرگە دەکرێت، خۆ ئەگەر نەشت بیستبێ، دیتم راوێژکارەکانتان ئاگایان لەو کەمپەینە و قسەکانی ناو ئەو کەمپەینە هەیەو دەبێ وەکو ئەرکی خۆیان پێتی بگەیەنن، کە تا ئەمرۆش یەک بەپرس ئەرکی نەکێشاوە، مناڵە بێ نازەکانی پێشمەرگە دیلکراوەکان، دایکە جەرگ سوتاوەکانی ئەوان، باوکە پشت شکاوەکانی ئەوان، کەسوکاری شەهیدەکان بەسەر بکاتەوە.
بیستت، مانگێک پێشمەرگەیەکی بریندار لەجێگادا بووە، بەئازاری برینەکەیەوە چاوەڕوانی چارەسەر یان مەرگ بووە، بەرپرسێک نەبووە لەدەرگای بدات و لێی بپرسێ، تا ئەوکاتی بەتەنهاو بەبێ نازی، بەدەردی برینە چارەنەکراوەکەی، بەتەنیشتی هاوسەرە بێ نازەکەیەوە گیان دەبەخشێت و شەهید دەبێت.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەدەنگ بێی؟
پێت وانییە ئەگەر لەمە بێ دەنگ بیت، پێشمەرگە ئەو هیوا گەورەیە لەدەستت دەدەن کە بەجەنابتیان هەبوو ؟
بێگومان کاتی بەدەنگ هاتنی ئێوەیە، کاتی ئەوەیە، لەو بەرپرسانەی پێشمەرگە بپرسیتەوە، کە نازانن خێرایی ترپەی دڵی مناڵێکی باوک ئەسیرکراو، خەمی گەورەی ژنێکی هاوسەر بەدیلگیراو، دایكێکی جەرگ سوتاو، باوکێکی پشت شکاو، چییە، نەک ئامادەنین خزمەتیان بکەن، ئامادەنین بەیەک سەردانیش، خەمەکانیان لەگەڵ بەش بکەن، کاتیەتی پێیان بڵێی بەرپرسیارەتی تەنها بریتی نییە لەوەرگرتنی ئۆتۆمبێلی گران بەهاو، موچەی بەرز و نەسرییەی بێ هەژمار.
سەرۆک دڵنیابن، بەدەنگ نەیەن، هیواکان بەئێوە دەڕوخێن، چاوەڕوانییەکان لەئێوە کۆتایی پێ دێت.
ئاخر ئێوە تەمەنێکتان پێشکەشی دروستکردنی ئەو متمانەیەکردووە کەپێشمەرگەو کەسوکاری پێشمەرگە بەئێوەی هەیە، تکایە رێگە مەدەن، نابەرپرسیاری بەرپرسان، هیوای پێشمەرگە بە ئێوە بڕوخێنن.