نوچەنێت.تایبەت:
سهرۆكی لیژنهی داكۆكیكردن له مافەكانی ئافرهتان لە پهرلهمانی كوردستان ریگەیاند،بڕیارە كهیسی ژنانی ئێزدی بگەێنه كۆنفرانسێكی نێودهوڵهتی و هەوڵیش دەدەن لە دادگای لاهاش سكاڵا تۆمار بكەن.
ئێڤار ئیبراهیم، سهرۆكی لیژنهی داكۆكیكردن له مافەكانی ئافرهتان لە پهرلهمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت وتی”سەبارەت بەو كۆنفڕانسەی 8 و 9 مانگی داهاتوو لە توركیا دەبەسترێت سەبارەت بەپرسی ژنانی پەنابەرە و زیاتر لە (40) وڵاتی جیهان بەشداری كۆنفڕانسەكە دەكەن و ئیمەش بانگهێشت كراوین“.
وتیشی”ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی داكۆكیكردن لەمافەكانی ئافرەتان بەگرنگی دەزانین كەیسی ژنانی ئێزدی ببەین لەوێ باسی بكەین چونكە تەوەرێكمان لەو كۆنفڕانسە پێدراوەو لەوتەوەرەش باس له خراپی دۆخی دهرونی و تهندروستی ژنانی ئێزدی دەكەین“.
سهرۆكی لیژنهی داكۆكیكردن له مافەكانی ئافرهتان ئاماژهی بهوهشكرد”ئێمە لەگەڵ دروست بوونی ئەو رووداوە نەخوازراوە كاری جدیمان كردوە كە ئەم كەیسە بەوڵاتان بناسێنرێت بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان“.
ئێڤار ئیبراهیم ئاشكراشی كرد كە”كاتی خۆی حكومەتی هەرێم ئەم كەیسەی شنگالیان بەگشتی بردوە بۆ دادگای لاهای،بەڵام ئێمە بەپێویستی دەزانین لەداهاتوو كاری جدی لەسەر ئەو پرسە بكەین بۆ ئەوەی لە دادگای لاهای سكاڵا تۆمار بكەن سەبارەت بەپرسی ژنانی ئێزیدی“.