نوچەنێت.هەولێر
لیژنەی رۆشنبیری و ڕایگەیاندن لەپەڕلەمانی کوردستان، كە بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ ئەو 20 ملیار دینارەی نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی حەوتەم بۆ بنیاتنانی ژێر خانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی تەرخانی كردبوو، سەردانی سلێمانیان كرد، ئاشکرای دەکەن پارێزگاری ئەو شارە سوكایەتی پێكردون و بەو هۆیەوە کێشە لەنێوانیان سەریهەڵداوە.
فەرحان جەوهەر سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لاپەرەی تایبەتی خۆی لەفەیسبووک ئاشکرای کردووە”پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی ساردو سڕ پێشوازی لێکردین، و دواتریش وەک سەرپەرشتی کۆبونەوە بکات لەسەر مێز لەگەڵ پەڕلەمانتاران دانیشتووە، لەکاتێکدا ئەوە ناکرێ لەڕووی پرۆتۆکۆڵییەوە”، دەشڵێت” ئەو ئەندام پەرلەمانەی برادەرانی یەكێتی كە لە تەنیشت منەوە دانیشتبوو لە لیژنەكەش جێگرە، پێم گوت تۆ پێی بڵێ باشترە لەبەرئەوەی نەوەك بە حەساسیەتی حیزبی تێبگات ئەگەر من پێی بڵێم، ئەمە دورست نییە و ناكرێ لەوێ دانیشێ، بەڵام وێرای نیگەرانی، ئەویش پێی نەگوت وچاوەڕێی من بوو، كاتێ پێم گوت جەنابی پارێزگار ناكرێ لە رووی پرۆتۆكۆڵیەوە تۆ لە سەرەوەی ئێمە دابنیشی و وەك ئەوەی دیار بیت تۆ سەرپەرشتی كۆبونەوەكە بكەیت، چونكە ئێمە دەسەڵاتی یاسادانانیین و جەنابت دەسەڵاتی جێ بەجێ كردنی ، مەسەلەكەش یاسایە و ئەگەر بییتە ماڵیش نەك تۆ بەڵكۆ بۆ هەر هاوڵاتییەك ئامادەم پێلاو دابنێم، دیاربوو زۆر تێكچوو و گوتی لێرە هەڵناستم و من رەئیسی وەحدەی ئیداریم”.
بەگوتەی فەرحان جەوهەر، پارێزگاریان ناچارکردووە لەو ژورە کۆبونەوەکە نەکرێت و بچنە ژورێکی تر دابنیشن، بەڵام ئەوکاتیش سکرتێری پارێزگاری سلێمانی لەپارێزگار زیاتر قسەی لەگەڵ پەڕلەمانتاران کردووە.
دەقی نوسینەکەی فەرحان جەوهەر سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لەپەڕلەمانی کوردستان
لە بارەی ئەو گرژییەی دوێنێی نێوان ئێمەو پارێزگاری سلێمانی
دوێنی رێكەوتی 20 /4 /2015 لە سەردانمان وەك لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان بۆ شاری سلێمانی، بە مەبەستی لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ ئەو 20 ملیار دینارەی كە سەرۆكی حكومەت كاك نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی حەفتەم بۆ بنیاتنانی ژێر خانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی تەرخان كردبوو، سەردانی پارێزگاری سلێمانی مان كرد، وێرای ئەوەی كە پارێزگار هەر لە سەرەتاوە زۆر بە ساردی و دور لە ئەتەكێت و پرۆتۆكۆلی پێشوازی لێ كردین، بەڵام ئێمە گوێمان بەوە نەداو لە هۆڵی كۆبونەوە دانیشتن چاوەڕێمان كرد، تا جەنابیان هات، كە هاتیش یەكسەر چوە سەری مێزەكەوە دانیشت، وەك ئەوەی سەرپەرشتی كۆبونەوەكە بكات، سەرەتا هەندێك چاوەڕێم كرد، بەڵكو خۆی هەست بكات ،كە ئەمە ناكرێ لە رووی پڕۆتۆكۆڵییەوە پارێزگار لە سەرەوەی مێز دانیشێت و سەرپەرشتی كۆبونەوە بكات ،لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی، كەچی هەر لە شوێنی خۆی مایەوە، چوم بۆ بنگۆێی ئەو ئەندام پەرلەمانەی برادەرانی یەكێتی كە لە تەنیشت منەوە دانیشتبوو لە لیژنەكەش جێگرە، پێم گوت تۆ پێی بڵێ باشترە لەبەرئەوەی نەوەك بە حەساسیەتی حیزبی تێبگات ئەگەر من پێی بڵێم، ئەمە دورست نییە و ناكرێ لەوێ دانیشێ، بەڵام وێرای نیگەرانی، ئەویش پێی نەگوت وچاوەڕێی من بوو، كاتێ پێم گوت جەنابی پارێزگار ناكرێ لە رووی پرۆتۆكۆڵیەوە تۆ لە سەرەوەی ئێمە دابنیشی و وەك ئەوەی دیار بیت تۆ سەرپەرشتی كۆبونەوەكە بكەیت، چونكە ئێمە دەسەڵاتی یاسادانانیین و جەنابت دەسەڵاتی جێ بەجێ كردنی ، مەسەلەكەش یاسایە و ئەگەر بییتە ماڵیش نەك تۆ بەڵكۆ بۆ هەر هاوڵاتییەك ئامادەم پێلاو دابنێم، دیاربوو زۆر تێكچوو و گوتی لێرە هەڵناستم و من رەئیسی وەحدەی ئیداریم ،پێم گوت: باشە، بەڵام ئێمە پەرلەمانتارین و لیژنەین و بۆ ڵێكۆڵینەوە هاتووین، گوتی ئەمە دانیشتنێكی ودیە ، گوتم نەخێر ئێمە بۆ كارێكی جددی هاتین ، دیار بوو كەسێكی تر كەڵەگەڵ خۆی هاتبووە ژوورە هەر زۆر بە توڕەیی و عەنتەری نڕاندی و گوتی : نەخێر جەنابی پارێزگار لە شوێنی هەڵناستێ، من لە پارێزگارم پرسی ئەمە چییەو كاری چییە، گوتی” سكرتێری راگەیاندنی منە و هەموو شتێكە، پێم گوت هەموو شتێكە یانی چی دیسان گوتی ” یانی هەموو شتێكە، ئێمەش هەر سوور بووین كە ناكرێ وا دابنیشین، دواتر پارێزگارناچار بوو گوتی ” كەواتە با بچینە ژوورەكەی من، ئێمەش گوتمان باشەو هەڵساین چوینە ژووری دانیشتی خۆی وەك لە وێنەی دووەم دیارە ، لەوێش ئەوەی سەیر بوو سكرتێرەكەی زیاتری ئەو قسەی دەكرد و بە ئێمە ی دەگوت ” ئێوە هاتوون پارێزگار نەسیحەت بكەن، پێم گوت ” حەقە پارێزگار نەهێڵێ تۆ وا بە بێ رێزی قسە بكەیت، كەچی دیار بوو زیاتر قسەی دەكرد، دوای گفتوگۆیەكی كەم بە ساردو سڕی خواحافیزیمان كرد، لە ئەنجام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك كە ئایا ئەم پارەیە چۆن سەرف كراوە ئەوەی ماوە چۆن سەرف دەكرێت، بەڵام ئەوەی دەستمان كەوت ئەوە بوو كە پارەكە لە بانك نەماوە.
