نوچەنێت: هەولێر
ئەندامێكی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ چۆنێتی خەرجكردنی بڕی (20) ملیار دینار دەكەن، كە لە ڕابردوودا بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كەلتووری پارێزگای سلێمانی، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خەرج كراوە.
حەیات مەجید پەرخی ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن و هونەری پەڕلەمانی كوردستانیشە، ڕۆژی سێ شەممە ڕێكەوتی (21/4/2015)، ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنێتی خەرجكردنی ئەو (20) ملیار دینارەی، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كەلتووری پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە، سەردانی پارێزگاری ئەو شارەیان كردووە، چونكە وەك ئەو وتی: “تا ئێستا چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە ڕوون نیە”.
لە بارەی ئەو زانیارییانەی كە لە زاری پارێزگاری سلێمانییەوە گوێبیستی بوون، وتی:”بەپێی وتەكانی پارێزگاری سلێمانی (3) ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی چەند هۆڵێك خەرجكراوە، هەروەها بڕی (5) ملیار دینار بۆ دروستكردنی مەسرەحی ڕۆمانی تەرخانكراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم كارە تەنها ناوە و نەبوەتە پرۆژە”.
وتیشی: “بۆ دڵنیابوون و بەدوداچوونی ئەم بابەتە داوای ڕوونكردنەوە و ڕاپۆرتی وردەكاریی خەرجیەكانمان لەپارێزگاری سلێمانی كردووە، بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ بۆردی ڕۆشنبیری پارێزگای سلێمانی بۆ هەمان مەبەست كۆببینەوە”.