نوچەنێت.ههولێر:
كونسلی گشتيی ئەڵمانیا لهكۆبونهوهی لهگهڵ سهرۆكی حكومهت پشتگیریی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێم و بەردەواميی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و پێشكەشكردنی یارمەتيی زیاتر لە هەموو ڕوویهكەوە، دووپات كردهوه.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”سەرلەبەیانيی ئەمڕۆ سێشەممە 21/4/2015 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دیێتێر لاملێ كونسلی گشتيی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرا دەربڕی كە هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، هەروەها پشتگیریی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێم و بەردەواميی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و پێشكەشكردنی یارمەتيی زیاتر لە هەموو ڕوویهكەوە، دووپات كردهوه. ئاماژەی بەوەش كرد هێڵی ئاسمانيی لۆفت هانزا كە ماوەیەك لهمهوبهر گەشتەكانی بۆ هەولێر ڕاگرتبوو، دەست بە گەشتەكانی دەكاتەوە“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”ههروهها پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ كەسوكاری شەهید و قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستییەكەی هەفتەی ڕابردووی شارۆچكەی عەنكاوە دهربڕى و دەستخۆشی لە حكوومەت و هێزەكانی ئاسایشی هەرێم كرد كە لە كاتێكی زۆر نزیكدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە تیرۆریستییەیان دەستگیر كردووە. سوپاس و پێزانینى پێشكەش به حكوومەتی هەرێم و لايهنه پهيوهندارهكانيش بۆ ئەو پشتگیرییەی كە لە قوتابخانەى ئەڵمانى لە ههولێر دەكرێت“.
لەبەرانبەریشدا”سەرۆك وەزیران سوپاس و پێزانینی بۆ یارمەتی و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیا بۆ حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوای كرد كە یارمەتییەكان لە ڕووی سەربازی و مەشق و مرۆییەوە بەردەوام بن و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ سەردانی بەردەوامی شاندە باڵاكانيان بۆ ههرێمى كوردستان، بەتایبەتی شاندی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەروەها دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانيی لۆفت هانزاى بۆ هەولێر به جێگەی دڵخۆشی له قهڵهم دا و جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێم لە پشتگیریكردنی قوتابخانهى ئەڵمانى له ههولێر بەردەوام دهبێت و كار و سەلامەتييان پارێزراوه“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”سەرۆك وەزیران باسی لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و عێراقيش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵی بەردەوام لە ئارادان بۆ باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە و ڕوونى كردەوە كە هەناردەی نەوت لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدایە و هەوڵ دەدرێت زیاتر بكرێت و ئهو گرفتانهى لەمبارەیەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن، چارەسەر بكرێن“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی گشتيی ئابووريی هەرێمی كوردستان و گرفتەكان و دوا پێشهاتەكانی بەرەی شەڕی دژی تیرۆر كرا و ئاماژە بەوە درا كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بهسهر تیرۆریستانی داعشدا بەردەوامە و نەبەردانە بەرگری لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو جیهانی ئازاد دەكات و ڕۆژانە تیرۆر دووچاری شكستی گەورە دەكاتەوە، كە ئەمەش بووەتە جێگەی ڕێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی“.