لە سلێمانی 1600 دۆنم زەوی دەدرێتە شێخ جەعفەری كۆنە پارێزگار

0

نوچەنێت.رووداو:

دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بەگەڕاندنەوەی زیاتر لە 1600 دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە نزیك ناوچەی تاسڵوجە بۆ شێخ جەعفەر عەبدولكەریم بەرزنجی، پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا. پەرلەمانتارێكیش ئەوە بە “خیانەت” وەسف دەكات.

 

بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای تەمیز، رووبەرێكی فراوانی زەوی بۆ شێخ جەعفەر ‌و براكانی دەگەڕێتەوە كە پێنج گوندی ناوچەكە لەخۆدەگرن: (تەپەڕەش، كانی جنەی سەروو ‌و خواروو، كەنەكەوە ‌و ئیسكان). بەڵام ئەو زەویانە ئێستا بە دەست 200 جوتیارەوەن كە بە گرێبەست لە وەزارەتی كشتوكاڵیان وەرگرتووە.

 

شێخ جەعفەر بەرزنجی لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا پارێزگاری سلێمانی بووە و تۆمەتبارە بە گوللەبارانكردن و بێسەروشوێنكردنی دەیان گەنجی سلێمانی و دەوروبەری، بۆیە لەگەڵ راپەڕینی بەهاری 1991 چووە بەغدا و ساڵی 2003 كە رژێمی عێراق رووخا، رووی لە شوێنێكی نادیاری دەرەوەی وڵات كرد و تائێستاش نازانرێ لەكوێیە.

 

چۆن دراون بە شێخ جەعفەر؟

 

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا شێخ جەعفەر ‌و پێنج برای، خاوەنی موڵكێكی زۆر بوون لە ناوچەی قادركەرەمی سەر بە پارێزگای كەركووك. حكومەتی عێراق پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 276ی ساڵی 1973 كە پێیدەگوترێ‌ بڕیاری (گۆڕینەوەی زەوی)، لەبری زەوییەكانیان لەناوچەی قادر كەرەم، زیاتر لە 1600 دۆنمی لە گوندەكانی نزیك ناوچەی تاسڵوجە كە موڵكی وەزارەتی دارایی بوون، پێداونەتەوە، بەڵام هەر بەپێی ئەو بڕیارە، پێویستە 2 مەرج بۆ گۆڕینەوەكە هەبێت: یەكەم، لەسەر داوای فەرمانگەیەكی حكومی. دووەم، بۆ بەرژەوەندیی گشتی بێت، بەڵام بەگوتەی فریاد خدر، لێپرسراوی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی “هیچ یەكێك لەو مەرجانە لە گۆڕینەوەی ئەو كاتەی زەوییەكاندا نەبووە ‌و زیاتر بەهۆی پێگەی سیاسییەوە بۆ شێخ جەعفەر ‌و براكانی كراوە”.

 

بڕیاری گۆڕینەوەكە راگیراوە

 

بەپێی دوو بەڵگەنامە كە دەست (رووداو) كەوتوون، یەكەمیان بە ژمارە (10-2655 لە 15/11/1992) كە لەلایەن قادر عەزیز، وەزیری ئەوكاتی كشتوكاڵ ‌و ئاودێری دەرچووە‌و، دووەمیان كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت بە ژمارە (140 لە 19ی ئاداری 1996) دەریكردووە، بڕیاریانداوە بەهەڵوەشانەوەی ئەو گۆڕینەوەیە ‌و گەڕانەوەی زەوییەكانی قادر كەرەم بۆ شێخ جەعفەر ‌و براكانی، بەڵام وەك فریاد خدر ئاماژەی پێدا “هەر بڕیارێك كە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەردەچێ پێویستە لە وەقایعی رەسمیدا بڵاوبكرێتە‌وە، بەڵام ئەو كاتە وەقایع نەبووە، بۆیە هەڵوەشانەوەی هەردوو بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی گۆڕینەوەی زەوییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی ‌و كشتوكاڵی سلێمانی جێبەجێكراوە‌و بەگرێبەستی كشتوكاڵی دراوەتەوە بە جوتیارەكان”.

 

دادگا لە بەرژەوەندیی شێخ جەعفەر بڕیار دەدات

 

ساڵی 2012، براكانی شێخ جەعفەر لە رێگەی دادگای بەرایی سلێمانی (تانە)یان داوە لە بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و داوای زەوییەكانی نزیك تاسڵوجەیان كردووەتەوە، بەڵام داواكەیان لەلایەن دادگای بەرایی ‌و دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی رەتكراوەتەوە. دووبارە تانەیان لە بڕیارەكە داوەتەوە و دواجار ساڵی رابردوو دادگای تەممیز بڕیارەكەی لە بەرژەوەندی شێخ جەعفەر ‌و براكانی دەركردووە.

فریاد خدر گوتی “ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی ئەو زەوییانە بەنێوی شێخ جەعفەر ‌و براكانیەتی، بەڵام ئەو زەوییانە بەپێی یاسا بەشێوەی گرێبەست جوتیارەكان كاری لەسەر دەكەن”. گوتیشی “دادپەروەریی لەگەڕانەوەی ئەو زەوییانە بۆ ماڵی شێخ جەعفەر نابینم، پێویستە ئەوانیش قەرەبووی ئەو جوتیارانە بكەنەوە كە باخ ‌و خانوو ‌و بیریان تێدا دروستكردووە”.

 

“ئەوە خیانەتە”

 

پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 بە بڕیاری ژمارە 7 ‌و ساڵی 2004یش بە بڕیاری ژمارە 55 رێگەی داوە بەو بەعسییانەی دەست بەسەر موڵك ‌و ماڵیاندا گیرابوو، وەریبگرنەوە، بەڵام لەم خولەی پەرلەماندا‌و بە بڕیاری (ژمارە 16) كە لە 17ی تەمموزی 2014 دەرچووە، كاركردن بەو دوو بڕیارەی پێشتر راگیراوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند كە گرفتێكی بڕیارەكەی خولی چوارەم ئەوەیە ئەسەری رەجعی نییە، واتە لە رۆژی دەرچوونییەوە كاری پێدەكرێ، ئەگەر وا نەبووایە نەدەتوانرا ئەو زەوییانە بۆ شێخ جەعفەر بگەڕێندرێتەوە.

هەڵەدنی كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووشە، لەڕووی سیاسییەوە گەڕانەوەی ئەو زەوییانە بۆ شێخ جەعفەر بە خیانەت ناودەبات “ئەوە سووكایەتیكردن ‌و خیانەتێكی گەورەیە بەخوێنی شەهیدان، بەتایبەتیش كەسێكی وەكو شێخ جەعفەر كە دەستی سوورە بەخوێنی رۆڵەكانمان”.

 

جوتیارەكان: چۆڵی ناكەین

جوتیاران ‌و ئەنجوومەنی ئەو گوندانەی زەوییەكانیان دراونەتەوە بەشێخ جەعفەر، بێئاگایی خۆیان لەو بڕیارەی دادگا دەربڕی ‌و جەختیشیان كردەوە كە ئامادەنین بەهیچ شێوەیەك شوێنەكانیان چۆڵ بكەن.

سابیر حەمەئەمین دانیشتوویەكی گوندی تەپەڕەشە كە 20 دۆنم زەوی هەیە، گوتی ئامادە نین ئەو زەوییانە بگێڕنەوە “ئێمە ماڵی ئەوانمان داگیر نەكردووە، بەڵكو ئەوان زەوی ئێمەیان داگیر كردووە ‌و چۆڵی ناكەین”.

هەروەها كامیل عەلی ئەنجوومەنی گوندی (كانی جنەی خواروو) گوتی، هیچ جوتیارێك ئامادە نییە ئەو زەوییانە چۆڵ بكات، چونكە بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو زەوییانەیە، كامیل گوتی “ئەو زەوییانە بەگرێبەستی كشتوكاڵی دراوە بەجوتیاران ‌و ساڵانەش پارە دەدەین، بۆیە دڵنیایان دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك زەوی چۆڵ ناكرێ ‌و بەدڵنیاییشەوە كێشەی زۆر گەورەی لێدەكەوێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com