نوچەنێت: هەولێر
لە دوای تەقینەوەكەی شاری هەولێر، پەڕلەمانتارێكی پارتی، گللەیی لە بەشێك لە راگەیاندنەكان دەكات و بە راگەیاندنی “نابەرپرس” ناویان دەبات، چونكە بە وتەی ئەو، هەولێیان بۆ درووستكردنی درز كردووە، لە ناو ماڵی كوردیدا.
شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان، دوای تەقینەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێكەوتی (16/4/2015)ی شاری هەولێر، لە پۆستێكدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە، گللەیی لەو راگەیاندنانە دەكات، كە خۆی بە “ڕاگەیاندنی نابەرپرس” ناویان دەبات.
ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی كوردستان لە پۆستەكەیدا، هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان و گەیشتن بە بەهەشت بۆ شەهیدەكان دەخوازێت، هەروەها لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی: “ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە كە گلەییی و ڕووی ڕەخنەم ئاراستەی كۆمەڵێك لەو راگەیاندنە نابەرپرسیارانە بكەم، كە ماوەیەكە دەیانەوێت درز بخەنە نێو ماڵی كورد و بەهیچ شێوەیەك حیساب بۆ بەرژەوەندی باڵای میللەت و ئەو مەترسییەی كە ڕووبەڕووی گەلەكەمان دەبێتەوە، ناكەن”.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان نووسیویەتی: “ناوماڵی كورد یەك بێت، یەكگرتوو و تەبا و یەك هەڵوێستی نیشتمانی بین. دەیان تەقینەوەی وەك ئەمڕۆ كار لە خۆڕاگری میللەتەكەمان و ئیرادەی پێشمەرگە قارەمانەكانی ناكات، بەپێچەوانەوە، تووشی مەترسی زۆر گەورە دەبینەوە و دوور نییە، زیانی گەورە بكەین”.
لە كۆتاییی پۆستەكەیدا ڕوو لە هاووڵاتیانی هەرێم نووسیویەتی: “پێویستە هاووڵاتیانی كوردستانیش چاو كراوە بن بۆ پاراستنی خاك و وڵاتیان و هە موو لایەك هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی بكات و رَی نەدرێت یەكڕیزی ناوماڵی كورد بە هیچ جۆرێك و مەبەستێك تێك بجێت”.
ئێوارەی ئەمڕۆ رێكەوتی (16/4/2015)، لە شارەدێی عەنكاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە نزیك كونسوڵخانەی ئەمریكا ڕوویدا، كە بە هۆیەوە چەند كەسێك بوونە قوربانی.