نوچەنێت.هه‌ولێر:
وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى سه‌ركرده‌یه‌كى پەكەكە ده‌داته‌وه و دەڵێت، ئه‌و جۆره لێدوانانه به هیچ شێوه‌یه‌ك مایه‌ى قبووڵكردن نین و ته‌نیا نه‌فامى و ڕق و قینى خاوه‌نه‌كانیان ده‌رده‌بڕێت و هیچى تر نا.
ده‌رباره‌ى لێدوانه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى دوران كالكان له سه‌ركردایه‌تیى PKK،سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له لێدوانێكى تایبه‌تدا بەماڵپهڕى فه‌رمی حكومه‌تى هه‌رێمى راگەیاندوە”دوران كالكان یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانى PKK به زمانێكى پڕ له ڕق و قین به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان و ئیراده‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كه به هه‌زاران ڕۆڵه‌ى كوردستان له‌پێناویدا شه‌هید بوون و ئێستاش به خوێن و گیانى خۆیان به‌رگرى لێ ده‌كه‌ن، لێدوانى نابه‌رپرسانه‌ى داوه و مافى به خۆى داوه داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و سیسته‌مه بكات كه خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له پرۆسه‌یه‌كى ئازادى دیموكراسیدا ده‌نگى بۆ داوه. سیسته‌مێك كه نموونه‌ى پێكه‌وه‌ژیانه و هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خۆیان تیایدا ده‌دۆزنه‌وه و بووه‌ته مایه‌ى ڕێز و پێزانینى ته‌واوى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى“.
سه‌فین دزه‌یى وتیشی”هه‌رێمى كوردستان كه سیسته‌مى سیاسى و كارگێڕیى خۆى له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و ئیراده‌ى ئازادى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بنیات ناوه و له چوارچێوه‌ى ده‌ستوور و یاساكانى عیرقدا له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه دانى پێدا نراوه، پێویستى به ئامۆژگاریى خه‌ڵكانێك نییه كه مێژوو و ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوویانه ئه‌وان له هه‌ر كوێ هه‌بن، له وێ ئازادى و دیموكراسى و فره‌یى و قبووڵكردنى خه‌ڵكى دیكه و هه‌موو ئه‌و به‌ها و چه‌مكانه‌ى جیهانى ئازاد و مۆدێرنیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه نین، به‌ڵكوو ته‌نیا خۆسه‌پاندن و لادان و قبووڵنهكردنى خه‌ڵكى دیكه و تاكڕه‌وى و ده‌مكوتكردن و سه‌ركوتكردنى ئه‌وانه هه‌یه كه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا نین، ئه‌مه‌ش وه‌ك ڕۆژى ڕووناك بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه و هیچ پێویست به هێنانه‌وه‌ى نموونه ناكات“.
وته‌بێژى فه‌رمی حكومه‌تى هه‌رێم راشیگەیاندوە”سیسته‌مى هه‌رێمى كوردستان كه له ته‌واوى هێز و پێكهاته سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان پێكهاتووه، كار بۆ یه‌كێتى و یه‌كڕیزیى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كات، نه‌ك بۆ لێكترازاندن و جیاكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كان و شێوه‌زاره‌كان و پارچهپارچهكردنى زیاترى كوردستان، ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتى كارگێڕیشى به پارێزگاكان و یه‌كه كارگێڕییه‌كان داوه و له سایه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه ئێستا هه‌رێمى كوردستان یه‌كێك له شوێنه پێشكه‌وتووه‌كانى ناوچه‌كه‌یه و بووه‌ته مایه‌ى سه‌رنجى جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، بۆیه ئه‌و جۆره لێدوانانه به هیچ شێوه‌یه‌ك مایه‌ى قبووڵكردن نین و ته‌نیا نه‌فامى و ڕق و قینى خاوه‌نه‌كانیان ده‌رده‌بڕێت و هیچى تر نا“.