نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، قسەكانی (دۆران كاڵكان) بە مەترسی بۆ سەر كوردستان دەزانێت و بڕوایشی وایە، هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، دەستدرێژیكردنە بۆ سەر شعووری خەڵكی باشووری كوردستان.
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان (بەهمەن عەبدوڵڵا)، بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندوە”خەریكە لەجیاتی ئەوەی یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، بەربینە گیانی خۆمان بە بێ ئەوەی ئاگامان لەوە هەبێت دوژمنێكی گەورە لە بەرانبەرمانە، ئێستا هەموو ئاراستەكانی داعش ڕووە و هەرێمی كوردستانە، هەموو دەزانن داعش دۆسیەیەك بوو بۆ عێراق دروست بوو كە گوایە لەگەڵ عێراق شەڕ بكات، كەچی لە بەرانبەردا پەلاماری كوردستانی دا كە ئەمەیش كارەساتێكی گەورەی خوڵقاند،بۆیە حەق نییە هەندێك كەس خۆیان لە كاروباری پارچەكانی دیكەی كوردستان هەڵقورتێنن و، دەبێ هەوڵ بدەین یەكڕیزیی نیشتمانیی خۆمان بپارێزین نەك بێین بە لێدوانێك شڵەژانی سیاسی دروست بكەین،چونكە هێشتایش لە مەترسی دەرنەچووین،بۆیە هەر هێرشێك بۆ سەر دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، دەستدرێژیكردنە بۆ سەر شعووری خەڵكی باشووری كوردستان”.
وتیشی”هەر پارچەیە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە كاتێكدا لە بەرژەوەندی كێدایە باری سیاسیی باشووری كوردستان تێك بدرێت؟ بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بكرێت”.
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشان دەشڵێت: “زۆر بە داخەوە بابەتی بادینی و سۆرانی دەكرێتە دەستەواژەیەكی سیاسی،ئاخر لە كوێ عەقڵییەتی سیاسی هەبووە جیاكاری لە نێوان دوو دیالێكتی جیاوازدا بكات، ئەمە ترسناكە، چونكە خۆمان دەربەدەرین و پارچەپارچە كراوین، ئێستایش خۆمان بە دەستی خۆمان هەمان شت دووبارە بكەینەوە؟”.