یه‌كگرتوو نه‌يتوانى نكۆڵى له‌ په‌یوه‌ندى په‌ڕله‌مانتاره‌كه‌ى خۆى و كۆمپانیاى دانه‌ گاز بكات

0

نوچه‌ نێت
فراكسیۆنى یه‌كگرتوو راگه‌یاندراوێك به‌ناوى پشگیرى له‌ په‌رله‌مانتار شێركۆ جه‌وده‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ناتوانێ نكۆڵى له‌وه‌ بكات كه‌ ناوبراو په‌یوه‌ندى نهێنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه‌ گاز هه‌بووه‌.
دواى ئه‌وه‌ى بڵاوكرایه‌وه‌ په‌رڵه‌مانتارى یه‌كگرتوو په‌یوه‌ندى نهێنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه‌گاز هه‌یه‌ و زانیارى به‌و كۆمپانیایه‌ ده‌دات. هێرشێكى راگه‌یاندن ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ى یه‌كگرتوو. ئه‌مڕۆ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو راگه‌یاندراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ناكات. پێشتریش هه‌ر ئه‌مڕۆ عومه‌ر نورده‌ینى ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى خولى پێشوو به‌ نوچه‌ نێت ى راگه‌یاندبوو تا ئێستا شێركۆ جه‌وده‌ت ره‌تى نه‌كردۆته‌وه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ هى ئه‌و نه‌بن.
ئه‌مه‌ ده‌قى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى فراكسیۆنى یه‌كگرتووه‌

” هەڵمەتی ناڕەوا بۆ سەر پەرلەمانتارەكانی كوردستان ئیدانە دەكەین”
ماوەیەكە لەگەڵ ئاشكرابوونی دۆسیەكانی گەندەڵی و هەوڵەكانی پەرلەمانتارە چالاكەكاندا بە ئاڕاستەی چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵیدا، بە شێوازی جیاواز و لە ڕێی جۆراو جۆرەوە هەوڵی لەكەداركردن و ساردكردنەوەیان دەدرێت و ئیرادەیەك هەیە دەیەوێت بەر بگرێت بە ئیرادەی چاكسازی كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە، پەرلەمانتار و فراكسیۆنە جیاوازەكان هەوڵ و كۆششی بۆ دەدەن.
لە كۆتا هەوڵدا دژ بە ئیرادەی چاكسازی و دژە گەندەڵیدا، یەكێك لە پەرلەمانتارە چالاكەكانی فراكسیۆنی یەكگرتوو بەڕێز (د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و ووزە و سامانە سروشتیەكان)، ڕوبەڕوی هەڵمەنتَكی ناڕەوا و نەزۆك بووەتەوە، كە دەویسترێت لە كاروانی چاكخوازاندا سارد بكرێتەوە.
ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وێڕای پشتیوانی تەواومان بۆ پەرلەمانتار شێركۆ جەودەت، كە یەكێكێكە لە پەرلەمانتارە دڵسۆز و ماندووەكان، دوپاتی دەكەینەوە كە ئەو جۆرە هەڵمەتانە، ساردمان ناكاتەوە لە خزمەتكردن و ئاشكراكردنی هەموو دۆسیەكانی گەندەڵی.
هەروەك بەشێكی ئەو هەڵمەتانە دەگەڕێتەوە بۆ هەستیاری پۆستی ئەو پەرلەمانتارەمان كە سەرۆكایەتی لیژنەی سامانە سروشتیەكان دەكات، بۆیە ئێمە دوپاتی دەكەینەوە فراكسیۆنەكەمان سورە لەسەر ئەوەی دەبێت كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا بە دامەزراوە بكرێت، ئەگەرچی بەرژەوەندی خوازان و پاوان خوازانیش زەرەرمەندی یەكەمی ئەم بەدامەزراوەیی كردنە دەبن، چونكە دواجار هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتوومان دەبنە سود مەندی یەكەم لەو سامانە سروشتیەی سەدان ساڵە نەك سوودی بۆیان نەبووە بەڵكو بووەتە مایەی نەهامەتی و دەردی سەری بۆیان…

هەروەك داواكارین لەسەرجەم پەرلەمانتار و فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان، پێكەوە لەم پێناوەدا هاوكار و هاوخەم بین .

سەركەوتوو بێت ئیرادەی چاكسازی و دژە گەندەڵی….

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان

15/4/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com