نوچەنێت-فۆرین پۆلسی
گۆڤاری “فۆرین پۆلسی” ئەمریكی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتێكی بڵاو كردوەتەوە كە باس لە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و توركیا دەكات و دەڵێت :” رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا لە سەرەتاوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێران بنیات نا ، بەڵام ئێستا سەرباری تەوقە كردن و زەردەخەنەكان، لە جەنگێكی ناوچەییدا خۆی لە بەرامبەر ئێراندا دەبینێتەوە”.
رۆژنامەكە دەڵێت لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران دوای ئیمزا كردنی رێكەوتننامەكەی ئێران و رۆژئاوا تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ، ئەردۆگان پێیوانەبوو مانشێتی یەكێك لە رۆژنامە سەرەكییەكانی ئێران بەمشێوەیە دەبێت:” دۆنكیشۆتی عوسمانی لە تارانە”، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو كارەكتەرەی ناو رۆمانەكان كە بە خەیاڵ وادەزانێت پاڵەوانە و لە راستیدا بەوجۆرە نییە.
گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئێران
لە بابەتەكەدا هاتوە توركیا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە بوو كە رۆڵی نێوەندگیری دەبینی بۆ بەستنی رێكەوتنامەیەك لە نێوان ئێران و هێزە جیهانییەكان دەربارەی پرۆگرامی ناووكیی ئەو وڵاتە. دوای چەندین دەیەش لە گرژی پەیوەندییەكان لە نێوان ئێران و توركیا ، حكومەتەكەی ئەردوغان لە ساڵی 2010 دا هەوڵی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولای دا.
دوای چەند هەفتەیەك لە بوونی بە ئەندامی ناهەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە دژی ئەو بڕیارە دەنگیدا كە ئەمریكا پێشنیاری كردبوو بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێراندا. ئەمەش وای لە وڵاتانی رۆژئاواو لە پاڵیشیاندا ئیسرائیل و سعودیە كرد توركیا بەوە تاوانبار بكەن كە پشتی لە هاوپەیمانەكانی پیشووی كردوە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی سۆزی رەوتی ئیسلامیی رۆژهەڵاتی.
گرژیەكانی نێوان توركیا و ئێران دەگەڕێنەوە
گۆڤارەكە دەڵێت حكومەتەكەی پارتی داد و گەشەپێدان رووبەڕووی چەندین رەخنە بوەتەوە بەهۆی ئەوەی چوەتە ناو وڵاتانی ” تەوەرەی سوننە” دژی ئێران، هەروەها بوەتە هاوپەیمانی سعودیە و وڵاتانی كەنداو دژی ئەو لایەنانەی كە ئێران پشتیوانییان دەكات لە سوریا و یەمەن.
گۆڤارە ئەمریكییەكە دەڵێت مەترسی زۆر هەیە لەبارەی رۆڵی ئایدۆلۆجیا لە دروستكردنی سیاسەتی دەرەوەی توركیادا، ئاماژەی بەوە كردوە كە كە گرژییەكانی نێوان توركیا و ئێران بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی كە درزی خستوەتە ناو پێكهاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە روونی دیارە، هەروەها ئاستی ئەو پێشوازییەی هەفتەی رابردوو لە ئەردۆگان كرا لە تاران شایەنی شیوەن بۆگێڕانە.
روانگەی تائیفی
گۆڤارەكە ئاماژەی بە وتەكانی ئەردۆگان داوە كە لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا راستەوخۆ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەگوازرایەوە وتی :” ناوچەكە هەمووی گڕی گرتوە، من بە هێچ جۆرێك لە روانگەی تائیفییەوە سەیری ناكەم و شیعە و سوننە بەلامەوە گرنگ نییە، ئەوەی بەلامەوە گرنگە موسڵمانانن، پێویستە لەسەرمان یەك بگرین و رێگری لە كوشتن و خوێن رشتن بكەین”.
هەرچی حەسەن روحانییە ئەوە وتی :” ئێمە قسەمان لەسەر عێراق و سوریا و فەلەستین كرد هەروەها گفتوگۆیەكی دوور و درێژمان لەسەر كێشەی یەمەن كرد و خاڵی هاوبەشمان هەیە”، هەروەها وتی :” پێویستە لەسەرمان كۆتاییی جەنگ و خوێن رشتن بە زووترین كات لە یەمەن ببینین”.
فۆرین پۆلیسی دەڵێت ئێران و توركیا لە كێشەدان لەبارەی ململانێ توندەكانی ناوچەكە. لە كاتی گەڕانەوەیدا لە ئێران ئەردۆگان باسی لە سیاسەتی تائیفی ئێران كرد و بە سەرچاوەی كێشەكانی ناوچەكەی وەسف كرد ، تیشكی خستە سەر ئەو تاوانانەی لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدرێن ، وتی :” گەورەترین مەترسی لەلای من رەگەزپەرستی تائیفییە”.
گۆڤارەكە وتوشیەتی هەردوولا ماندوو بوون لە نەگەیشتنە رێككەوتنێك لەبارەی ئەو كێشانە، هەروەها پێش هەفتەیەك لە سەردانەكەی بۆ تاران “ئەردۆگان” نەیتوانی كۆنترۆڵی لێدوانەكانی بكات كاتێك پشتیوانی لەو هەڵمەتە سەربازییە كرد كە دەكرێتە سەر یەمەن، بەوەی وتی هەوڵەكانی ئێران بۆ فراوانكردنی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر قبوڵ ناكرێن، هەروەها داوای لە ئێران كرد هێزەكانی لە هەموو ناوچەكان بكشێنێتەوە وەك حوسیەكان لە یەمەن و هەروەها لە سوریا و عێراق و رێزی خاكەكەیان بگرێت”.