نوچه نێت تایبه‌ت
بزوتنەوەی گۆڕان هۆکاری پێداگری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەپەڕلەمانی کوردستان، ئاشکرا دەکات، و رایدەگەیەنێت، هۆکار خۆ بەبچوکزانینی خەڵکی کوردستانە، کە بەقسەی ئەوان“خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆك خۆیان به بچووك ده‌زانن”. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت” کێشەی سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئەم عەقڵیەتەیە کە خەڵکی کوردستان بەکەم دەزانێت”
د.ئیسماعیل نامیق، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان، باس له خراپییه‌كانى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و ئەوە دەخاتەڕوو”خەڵکی ئێمە سەرکردەکانی لا موقەدەسە، بۆیە لەسیستەمی سەرۆکایەتی تەحەفوزمان هەیە، مه‌به‌ستم له جیاوازى جۆرى بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكه، هه‌روه‌ها جیاوازى جۆرى گرنگیدانێتى”.
له لێدوانێكى تایبه‌ت به نوچه نێت، ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان نموونه ده‌هێنێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، خه‌ڵك خۆیان له‌به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركرده به‌بچووك ده‌زانن و ده‌ڵێت”له هه‌رێمى خۆمان و ووڵاتانى ده‌وروبه‌ریش خه‌ڵكى گرنگیه‌كى زۆر به ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ده‌ن، تاڕاده‌یه‌كى وا به كه‌سێكی ئاسایی نایبینن، به‌ڵكو خۆیان به بچوكتر و ئه‌و به گه‌وره‌تر، ئیتر لێره‌وه جیاوازییه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاتدار وا خۆى ده‌بینێت كه مرۆڤێكى باڵاتره، بۆیه نه خۆى قبوڵ ئه‌كات له‌و باڵایه‌ى كه‌م بكرێته‌وه، نه به لاى خه‌ڵكیه‌وه ئاساییه كه له و باڵاییه بخرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات قۆناغی ئاسایبونه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ دۆخى پێش بون به سه‌رۆك ببێت به كارێكى ئاسته‌م، له به‌رئه‌وه ده‌بینین سه‌رۆكه‌كانى ئه‌م وڵاتانه یان ئه‌بێت مردن بیانگه‌ڕێنێته‌وه دۆخی سروشتى خۆیان، یان ده‌بێت به رێگه‌یه‌كى ناسروشتى و به هێز له‌كار بخرێن و بخرێنه‌وه قه‌باره‌ى خۆیان”.
له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌شدا نموونه ئەوە دەخاتەڕوو کە ناکرێ نمونەی ئەمریکا لەکوردستان پەیڕەو بکرێت، چونکە”ئه‌مه له وڵاتێكى وه‌كو ئه‌مریكادا ته‌واو جیاوازه، سه‌رۆك پێش بونى به سه‌رۆك و له قۆناغى بون به سه‌رۆك و دواى ده‌ستبه‌رداربون له سه‌رۆكایه‌تیش هه‌م خۆى خۆى به ئاسایی و له یه‌ك ئاستدا ده‌بینێت، هه‌م خه‌ڵكیش به ئاسایى و به یه‌ك ئاست سه‌یرى ده‌كه‌ن، ده‌ره‌نجام نه سه‌رۆك خۆى به پیرۆز ده‌زانێت، نه خه‌ڵكیش به پێویستى، ئه‌مه‌ش رێگر ده‌بێت له له‌دایكبونى دیكتاتور”.
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ نوچەنێت، کەبەهۆی ئەوەی”گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە” نەیویوست ناوی بهێنرێت، لەوەڵامی ئەو لێدوانەی رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەڵێت”کێشەی سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئەم عەقڵیەتەیە کە خەڵکی کوردستان بەکەم دەزانێت، لەگەڵ ئەو تێگەشتنەدایە، کە خەڵکی کوردستان بەوە نازانن رای خۆیان لەسەر پرسە سیاسییەکان هەبێ، و دەیانەوێ خۆیان لەجێی هەموو خەڵک بڕیار بدەن، ئێمە وەکو پارتی پێداگرین لەسەر ئەوەی کە دەبێ خەڵکی کوردستان، بەشداری زیاتریان لەپرۆسە سیاسییەکاندا هەبێت و ئەوان سەرۆکی خۆیان هەڵبژێرن، ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت سیستەم سەرۆکایەتی بێت، بەڵکو بەمانای پێداگری ئێمەیە لەبەشداری خەڵکی کوردستان لەپرۆسە سیاسییەکان”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد” ئەگەر بۆ ئەم خولەش، بەهۆی بارودۆخی کوردستان، قەیرانی دارایی کەمی ماوە لەبەردەم هەڵبژاردندا، پارتی نەرمی بنوێنێ لەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک لەپەڕلەمان بکرێت، ئەوە هەرگیز رێگە بەوە نادات، ئەو بڕوایە بەپێ یاسا‌و دەستور بچەسپێنرێت، کە خەڵک سەرۆکی وڵات هەڵنەبژێرن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا”.