پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو نهێنی كۆبوونەوەكانی حكومەت دەداتە كۆمپانیایەكی نەوت

0

danaxaz

نوچە.نیت.روداوو

 

 

 

 ئیمایلە کان

ژمارەیەك ئیمەیڵی دزەپێكراو وا دەردەخەن كە كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی پەیوەندییەكی گەرموگوڕی لەگەڵ سەرۆكی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان دروستكردووە. كۆمپانیاكە پرسیاری تایبەتی بۆ ناردووە، كاتێك وەزیری سامانە سروشتییەكان بانگی پەرلەمان كراوە، یان لەگەڵ لێژنەی باڵای نەوت و غاز كۆبووەتەوە.

پەیوەندییەكان ئاشكرا دەبن

بەگوێرەی چەند ئیمەیڵێكی كۆمپانیای دانا غاز كە لە سەرچاوەیەكەوە دەست (رووداو) كەوتوون، شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی كوردستان هاوئاهەنگیی گەرموگوڕی لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز هەبووە و زانیاری هەستیاری كۆبوونەوە تایبەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوە بەو كۆمپانیایە كە لەكێشەیەكی یاساییدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شێركۆ جەودەت لە پەیوەندییەكی بەردەوامدا بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی باڵای دانا غاز، تەنانەت هەندێ پەیوەندی تەلەفۆنی خێرا و بەپەلەش هەبووە بۆ ئاشكراكردنی هەندێ نهێنی نێو كۆبوونەوەكان.

ئیمەیلەكان پەیوەندی گەرموگوڕ و دۆستانەی شێركۆ ئاشكرا دەكەن لەگەڵ كۆمپانیاكە كە داوای لێدەكەن پرسیاری دژ بكات لەناو پەرلەمان و لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.

نهێنی كۆبوونەوەكان دەگەنە ئیمارات

شێركۆ جەودەت، لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو ئیمێلانە قسە بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێ “گرنگیی سێكتەری غاز هیچی لە نەوت كەمتر نییە و تا ئێستا بۆ ئێمە روون نییە كە بۆچی گرنگی پێنەدراوە تاوەكو هەموو ماڵێك لە گازی سروشتی سوودمەند بێ”. گوتیشی “دەبێ گوێ لە دانا غاز بگرین، چونكە لە دادگای بەریتانیا سكاڵای تۆمار كردووە، دادگای بەریتانیش لە بەرژەوەندیی دانا گاز بڕیاری داوە”.

شێركۆ جەودەت رەتیكردەوە كە قسەی نێو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز و پەرلەمانی كوردستانی بۆ كۆمپانیای دانا غاز بردبێ “جارێ مەسەلەی غاز لە هەرێمی كوردستان زۆر كەم باس دەكرێ و هیچ قسەی كۆبوونەوەكانیشم بۆ بەڕێوەبەرانی دانا غاز باس نەكردووە”.

بەڵام بەگوێرەی ئیمەیڵەكان، هەر دوای كۆبوونەوەكان، شێركۆ جەودەت یەكسەر پەیوەندی بە شاكر شاكر، بەڕێوەبەری دانا غاز لە هەرێمی كوردستان كردووە و قسەی نێو كۆبوونەوەكانی باسكردووە.

حەمید جەعفەر، خاوەنی دانا غاز خاوەنكارێكی ئیماراتییە و پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو كە گومانیان هەیە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ خێزانی سەدام حوسێن هەبووە و سەرقاڵی كڕینی نفوز بووە لە هەرێمی كوردستاندا لەرێگەی تۆڕێك لە پەیوەندییەكانی خۆیەوە.

بەگوێرەی ئیمێلێك كە لە 12/11/2014 شاكر شاكر، بۆ بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكەی ناردووە، تێیدا باسی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی خێرا لەنێوان خۆی و شیركۆ جەودەت دەكات “ئەمڕۆ گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی خێرام لەگەڵ شێركۆدا كرد و پێیگوتم كە مەسەلەی دادگایی ناوبژیوانیەكەی دانا غاز لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا بۆ ماوەی 30 خولەك باس كراوە. شێركۆ بە بەشدارانی گوتووە كە دانا غاز كەیسەكەی بردووەتەوە و ئاشتی هەورامی نكوڵی لێكردووە “.

بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پێداگری دەكات كە دادگا لە بەرژەوەندیی دانا غاز بڕیاری نەداوە، شێركۆ جەودەت لەوبارەیەوە دەڵێ “بەڵێ یەكلایی نەبووەتەوە، بەڵام هەندێ حوكمی بەرایی دراوە. بەپێی بەڵگەكانی ئێمە، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوها و ئاوها نەكات دەدۆڕێت”. گوتیشی “بڕیارە یەك دوو مانگی دیكە بڕیاری كۆتایی دەربچێ، بۆ ئێمە گرنگە هەرێمی كوردستان هیچ پارە لەسەر ئەم كەیسە دانەنێ”.

داوای پۆستی بۆ خەڵك كردووە

دانا غاز رازی بووە پۆستێك بۆ هاوڕێیەكی شێركۆ جەودەت دابین بكات. لە ئیمەیڵێكدا كە رێكەوتی 16/10/2014 نێردراوە، شاكر شاكر، بۆ ماجد جەعفەر، كوڕی حەمید جەعفەری نووسیوە و تێیدا پشتگیری لە دامەزراندنی هاوڕێكەی شێركۆ جەودەت دەكات لە كۆمپانیاكەیان. ئەمەش لە وەڵامی نامەیەكدا لە شێركۆ جەودەتەوە كە داوا دەكات دانا غاز، قانع ئەحمەد سلێمان دابمەزرێنێ. شێركۆ دەڵێت “داوای پشتگیری بەڕێزتان دەكەم بۆ یارمەتیدانی لە بەدەستهێنانی پۆستێك لە كۆمپانیاكەتان.”
بەڵام شێركۆ جەودەت گوتی “لەبەر خاتری من نەبووە و تەنیا یەكجار بینیومە، بە تەواوەتیش نازانم ناوی قانعە یان نا”.

پرسیاریان بۆ نووسیوە

هەروەها لە ئیمەیڵێكدا كە رێكەوتی 30/7/2014ی لەسەرە، محەممەد ئەلمەككاوی، بەڕێوەبەری كارگێڕی بۆ شاكر شاكری نووسیوە و لیستێك لە پرسیاری هاوپێچ كردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی شێركۆ جەودەتەوە بكرێن.

لە ئیمەیڵێكی دیكەدا لە 24/8/2014 مەككاوی بۆ شاكر شاكری نووسیوە: “پرسیارەكانم دەربارەی راستیەكان دەستەبەر كردووە، كە پەرلەمانتارەكە دەتوانێت بەكاریان بهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە راستیی وەڵامەكانی ئاشتی هەورامی و تەحەداكردنی كاتێك درۆ دەكات”.

ستایشیان كردووە

لە هەمان رۆژدا، ئیمەیڵێك لە شاكر شاكرەوە نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی باڵای دانا غاز كە باس لە چالاكییەكانی جەودەت دەكات لە پەیوەندیدا بە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی كوردستانەوە كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سەرۆكایەتی كراوە و ستایشی پەرلەمانتارەكە دەكات و دەڵێت “واز ناهێنێ، بە تایبەتی پاش ئەوەی كە ئێمە پرسیارەكانمان بۆ دەستەبەركرد”.

سەبارەت بەوەی ئاخۆ بۆچی دانا غاز پرسیار بۆ سەرۆكی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی كوردستان دەنووسێ؟ شێركۆ جەودەت دەڵێ “من وەكو پەرلەمانتار مافی خۆمە پرسیار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكەم”. شێركۆ جەودەت دان بەوەدا دەنێ كە پرسیاری لە دانا غاز وەرگرتووە و بە “شتێكی سروشتی” دەزانێ و دەڵێ “من لە دانا غازم پرسی كە كێشەكانی ئێوە چین و ئەوانیش گوتوویانە كێشەكانی ئێمە ئەمانەن، منیش گوتوومە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز وەڵامی ئێوە چییە بۆ ئەم كێشانە”. شێركۆ جەودەت گوتیشی “كەسێك ناناسم بە ناوی مەككاوی”.

 هەروەها دەڵێ “بابەتەكە بەو شێوەیە نییە، هاووڵاتییەكیش كە كێشەی هەبێ پێیدەڵێم بنووسە، ئەوانیش یان بە ئیمێڵ یان بە دەستنووس دەینێرن و منیش دەیكەمە پرسیار و كاری لەسەر دەكەم، هەموو دنیاش دەزانێ كە دانا غاز لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی هەیە”.

بەڵام ئیمەیڵێكی دیكە لە رۆژی 9/11/2014 لە شاكر شاكرەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی باڵای دانا غاز، ئەوە ئاشكرا دەكات كە شێركۆ جەودەت سەرقاڵی رێكخستنی سەردانێكی دانا غاز بووە بۆ پەرلەمانی كوردستان، تاوەكو كورتەیەك لەسەر چالاكیەكانیان پێشكەش بە 11 ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز بكەن.
شێركۆ جەودەت، پشتڕاستی دەكاتەوە كە داوایان كردووە دانا غاز بێتە پەرلەمانی كوردستان و روونكردنەوە بدەن. گوتیشی “تەنانەت داوامان كردبوو دانا غاز و نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز پێكەوە بێن و روونكردنەوە بدەن”.

بەپێی ئەو ئیمەیڵانەی دەست (رووداو) كەوتوون، شێركۆ جەودەت بە تەواوی دانا غازی ئاگادار كردووەتەوە لەو كۆبوونەوانەی كە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمدا ئەنجامیداون سەبارەت بە كەیسی دادگاییەكەی دانا غاز دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شێركۆ جەودەت بەرگری لەو كارەی خۆی دەكات لەگەڵ دانا غاز و دەڵێ “كە باسی مەسەلەی چاكسازی دەكەم لە نەوت و غاز و بەدواداچوون بۆ مەسەلەی گەندەڵی دەكەم، بێگومان لەوانەیە بەعزێ كەس بێ تاقەت بكات و ئەمەش كاردانەوەی دەبێ، بەڵام من ئامادەم بۆ هەموو پرسیار و لێپرسینەوەیەك”. ئەو گوتی “گومانمان لە گرێبەستەكان، داهات، چۆنیەتی ئیدارەكردنی مەلەفی نەوت هەیە”.

زانیاری كۆبوونەوەكانیان دەداتێ‌

رۆژی 9/11/2014 شاكر شاكر، بۆ بەڕێوەبەرایەتی باڵای دانا غازی نووسیوە و ئاگاداری كردوونەتەوە سەبارەت بە تەلەفۆنێكی لەگەڵ شێركۆ جەودەتدا “پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ترم لە شێركۆوە بۆ هات و دووپاتی كردەوە بۆم كە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز بە نوێنەرایەتی سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرانی دارایی و پلاندانان و سامانە سروشتیەكان سبەینێ لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردستان كۆدەبنەوە لە بینای پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەندین مەسەلەی پەیوەست بە نەوت و غاز و قەیرانی دارایی. مەسەلەی ناوبژیوانییەكەی ئێمەش لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە ئەجێنداكەدا دەبێت و بە توندی باسی لێوە دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا … بۆ زانیاریتان.”

شاكر پێش هەورامی كەوت

پاشان لە 12/11/2014 شاكر شاكر بە بەڕێوەبەرایەتی باڵای دانا غاز دەڵێت كە “شێركۆ جەودەت كورتەیەكی داوەتێ سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە تێیدا كەیسە یاساییەكەی دانا غاز دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئاشتی هەورامییەوە باسكراوە. جەودەت دەڵێت كە ئاشتی هەورامی داوای كۆبوونەوەیەكی كردووە لەگەڵیدا بۆ ئەوەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەسەر كەیسە یاساییەكەی دانا غاز روون بكاتەوە”. پاشان شاكر شاكر پەیمان دەدات “لەگەڵ شێركۆ جەودەت كۆدەبمەوە لەم رۆژانەدا بۆ ئەوەی هەموو چیرۆكەكە بزانم و كورتەیەكی بدەمێ پێش كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئاشتی هەورامی”.

شاكر شاكر، ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەسەر ناوەڕۆكی ئەو ئیمەیلانە بۆ (رووداو) بكات و رەتیشی نەكردنەوە و گوتی ئەوە پەیوەندی بە ئۆفیسی سەرەكی كۆمپانیای دانا غازەوە هەیە كە لە شاریقەیە.

(رووداو) بۆ لێدوان لەبارەی ئیمەیڵەكان، پەیوەندی كرد بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام لێدوانیان نەدا و گوتیان ناتوانن لێدوانی لەسەر بدەن تاوەكو دیراسەی بابەتەكە نەكەن. بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بە (رووداو)ی راگەیاند  “وەزارەت لەوانەیە نامەیەك بۆ سەرۆكی پەرلەمان بنووسێ كە تێیدا داوای روونكردنەوە بكات لەبارەی چالاكییەكانی شێركۆ جەودەت لە پەیوەندیدا بە دانا غازەوە”.

ئیمەیلەكانی دانا غاز:

ئیمەیلی 1: 30/7/2014
لە محەممەد مەكاوی بۆ شاكر شاكر
بابەت: پرسیار بۆ پەرلەمانتاران

بەڕێز شاكر، هیوادارم خۆت و خێزانت پشوویەكی خۆشتان بردبێتە سەر لە جەژندا.

وەك گفتوگۆمان لەبارەوە كرد ئەو رۆژەی كە لە شاریقە بوویت، لیستی چەند پرسیارێكت بۆ هاوپێچ دەكەم كە پێویستە پەرلەمانتارەكان بیانكەن. ئەگەر هەر پرسیارێكت هەیە لەسەر هەر یەكێك لە خاڵەكان، تكایە تەلەفۆنم بۆ بكە. پاسوێردەكەت بە sms بۆ دەنێرم.

لەگەڵ رێزدا
محەممەد

ئیمەیڵی 2: 24/8/2014
لە محەممەد مەكاوی بۆ شاكر شاكر
بابەت: پرسیار بۆ پەرلەمانتاران

بەڕێز كاك شاكر،
وەڵامی راستیەكانم دابین كرد كە پەرلەمانتارەكە دەتوانێت بەكاریان بهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لە راستی و دروستی وەڵامەكانی ئاشتی هەورامی و بۆ ئەوەی تەحەدای بكات كاتێك درۆ دەكات. تكایە بڕوانە هاوپێچ.
لەگەڵ رێزمدا.
محەممەد

ئیمەیلی 3: 24/8/2014
لە شاكر شاكر بۆ بەڕێوەبەرایەتی باڵا
بابەت: پرسیارەكان بۆ پەرلەمانتاران

بەڕێزان،
ئەمڕۆ كاك شێركۆ و هەموو ئەندامانی لیژنەی وزەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی گرنگیان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نەوت و غازدا ئەنجامدابوو كە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سەرۆكایەتی كرابوو و بە ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان. لە هەواڵەكاندا بینیم كاك شێركۆ قسەی دەكرد و گوزارشتی لە نیگەرانییەكانی خۆی كرد سەبارەت بە بەكارهێنانی دیزڵ لە وێستگەكانی كارەبادا لەبری غازی سروشتی و هەروەها ئاماژە درا بەوەی كە د.ئاشتی، پلانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان روونكردووەتەوە بۆ جێگرتنەوەی دیزڵ بە غازی سروشتی. ئێستا شێركۆ و پەرلەمانی كوردستان بەدوای ئەم مەسەلەیەوەن و واز نا‌هێنن، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئێمە پرسیارەكانمان بۆ دابینكردن. هەروەها باسیان لە نرخ و كەمیی بەنزین و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە كردبوو.
بەدواداچوون دەكەم تاوەكو تێبگەم چی روویداوە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا.
هەر خۆشیتان
شاكر شاكر

ئیمەیلی 4: 16/10/2014 هاوپێچ “نامەیەك لە شێركۆوە”
لە: شاكر شاكر
بۆ: ماجد جەعفەر
بابەت: داواكاری

بەڕێز كاك ماجد
ئەم داواكارییە هاوپێچەم لە د.شێركۆوە پێگەیشتووە و پێشنیاز دەكەم بۆی بكەن. پێشنیار دەكەم كە بۆ (MEM)ی روون بكەیتەوە و جێگەیەك بۆ كاندیدەكە بدۆزنەوە بەپێی لێهاتوویی و ئەزموونی.
لەگەڵ رێزدا
شاكر شاكر

 
ئیمەیڵی 5: 4/11/2014
لە: شاكر شاكر
بۆ: محەمەد مەكاوی
بابەت: پەیوەندی تەلەفونی لە د. شێركۆوە

بەڕێز ئەبو ئەحمەد
پەیوەندیەكی تەلەفونیم لە د.شێركۆوە پێوەكرا و داوای وردەكاری دەكرد لەسەر كەمیی غازی شل (LPG)  لە بازاڕدا، بۆم روونكردەوە كە ئێمە بەرهەم و دابەشكردنی غازی شل  (LPG)مان زیادكردووە لە پارێزگاكاندا و بەرپرسیارێتی (كریسێنت پێترۆلیەم – دانا غاز) نییە و پێویستی بەوەیە بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا بكات. د.شێركۆ دەزانێت هەندێك بڕی غازی شل (LPG) دەچێتە دەرەوەی وڵات و گوتی كە بە دواداچوون دەكات لەگەڵ كڕیاران و وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا …. بۆ زانیاریتان.

هەر خۆشیت

ئیمەیڵی 6: 9/11/2014
لە: شاكر شاكر
بۆ: بەڕێوەبەرایەتی باڵا
بابەت: پرێزنتەیشنی دانا غاز – كریسێنت بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان
ئەمڕۆ پەیوەندیەكی تەلەفونیم لەگەڵ د.شێركۆ جەودەت هەبوو، ئاگاداری كردمەوە كە ئەو (وەكو سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی كوردستان) نامەیەكی رەسمی ئاراستەی دانا غاز دەكات لەم هەفتەیەدا و بانگهێشتمان دەكات بۆ كۆبوونەوە و پێشكەشكردنی پرێزنتەیشنێك بۆ 11 ئەندام پەرلەمان لە لیژنەی نەوت و غاز لەسەر چالاكییەكان و پرۆژەكانی دانا غاز لە هەرێمی كوردستان لەوانەش كێشە و گرفتەكەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. پێمگوت لانیكەم دوو كاتژمێرم پێویستە و بەڕێوەبەری پڕۆژەمان بەڕێز مەككاوی دەهێنم كە لەگەڵم دەبێت بۆ روونكردنەوەی چالاكییەكانمان بۆ پەرلەمانتارەكان. رازی بوو و ئێمەش میوانداری دەكرێین لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە رۆژی یەكشەممە 16/11 یان دووشەممە 17/11 كاتژمێر 11ی بەیانی.

بەڕێز ئەبو ئەحمەد، پێویستە پرێزنتەیشنێك بە پاوەرپۆینت ئامادە بكەین بۆ لیژنەی نەوت و غاز. با سبەینێ گفتوگۆی لەبارەوە بكەین كاتێك دەگەیتە هەولێر ئینشائەڵڵا.
هەرخۆشیت
شاكر شاكر

ئیمەیلی 7: 9/11/2014
لە: شاكر شاكر
بۆ: بەڕێوەبەرایەتی باڵا
بابەت: پرێزنتەیشنی دانا غاز – كریسێنت بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان

بەرێزان،
ئەم ئێوارەیە پەیوەندیەكی تەلەفونی ترم لە شێركۆوە پێوەكرا و دووپاتیكردەوە بۆم كە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز بە نوێنەرایەتی سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرانی دارایی و پلاندانان و سامانە سروشتیەكان سبەینێ لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەكانی كوردستان كۆدەبنەوە لە بینای پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەندین مەسەلەی پەیوەست بە نەوت و غاز و قەیرانی دارایی. مەسەلەی ناوبژیوانیەكەی ئێمەش لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەجێنداكەدا دەبێت و بە توندی باسی لێوە دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا.. بۆ زانیاریتان.

هەر خۆشیتان
شاكر شاكر

ئیمەیلی 8: 12/11/2014
لە: شاكر شاكر
بۆ: بەڕێوەبەرایەتی باڵا
بابەت: كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان

بەڕێزان..
ئەمڕۆ گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی خێرام لەگەڵ شێركۆدا كرد و پێیگوتم كە مەسەلەی دادگایی ناوبژیوانییەكەی دانا غاز لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا بۆ ماوەی 30 خولەك باس كراوە. شێركۆ بە بەشدارانی گوتووە كە دانا غاز كەیسەكەی بردووەتەوە و ئاشتی هەورامی نكوڵی لێكردووە.

شێركۆ بە ئاشتی هەورامی گوتووە ئەمە چۆنە كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رایگەیاندبوو دانا غاز بڕی 4.8 ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارە دەداتە دانا غاز و رێگە بە كۆمپانیاكە دەدات بەرهەمەكانی بخاتە بازاڕەوە و ئاماژەشی داوە بە دركاندنەكان لەلایەن ئێمەوە؟؟ ئاشتی هەورامی داوای لە شێركۆ كردووە كۆبوونەوە بكەن و هەموو چیرۆكەكە بۆ ئەو و هەموو لیژنەی نەوت و غاز روونبكاتەوە.

ئاشتی هەورامی دووپاتی كردووەتەوە و دڵنیایی داوەتە هەموو ئەندام پەرلەمانەكان كە دانا غاز دادگاییەكە دەدۆڕێنێ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كەیسەكە دەباتەوە. لەم رۆژانەدا شێركۆ دەبینم تاوەكو هەموو چیرۆكەكە تێبگەم و هەروەها كورتەیەكی بدەمێ پێش ئەوەی ئاشتی هەورامی ببینێ.

چەندین جار بە شێركۆم گوتووە كە دادگا داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە پاداشتەكانی دڵدانەوە (relief payment) ئەنجام بدات و ئێمە هێشتا كەیسەكەمان نەبردووەتەوە، بەڵام بە هەر حاڵ شێركۆ گوتی كە ئێستا ئاشتی هەورامی دەیەوێت كۆبوونەوەیەك بكات سەبارەت بە گیروگرفتەكەی دانا غاز لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.

هەر خۆشیتان
شاكر شاكر

shakir

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com