چوار حزبه‌كه‌ ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌  به‌ره‌یان دژى پارتى دروست كردبێت

0

پارتى:ئه‌مه‌ گه‌له‌كۆمه‌كىیه‌ و خۆیان ته‌حمولى مه‌سئولیه‌ت ده‌كه‌ن

نوچه‌ نێت. تایبه‌ت
یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و یه‌كێتى و گۆڕان ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ پێداگریان بۆ سیسته‌مى په‌ڕمانى گه‌له‌كۆمه‌كى بێت له‌دژى پارتى. كه‌چى ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى ده‌ڵێ” ئه‌مه‌ گه‌له‌كۆمه‌كییه‌ و خۆیان ته‌حمولى مه‌سئولیه‌ت ده‌كه‌ن”.
یه‌كگرتوو : یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نییه‌ دژی یەكتر بەرە دروست بكرێت
هیوا میرزا سابیر ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و وته‌بێژى ئه‌و حزبه‌ له‌لێدوانێكى تایبه‌ت به‌نوچه‌ نێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات داواكردنى سیسته‌مى په‌رله‌مانى له‌لایه‌ن یه‌كگرتوو پرۆژه‌یه‌كى پێشینه‌ بووه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ئێستاوه‌ نییه‌. ئه‌و ده‌ڵێ” وەك ئامانجێكمان لە كۆنگرەی شەشەمی حیزبدا ئه‌مه‌مان دیاریمان كردووە”.

ده‌شڵێت” لە كاتی سەردانی شاندی پەرلەمانی هەرێم بۆ مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو، لە باسی سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم هەموومان لەسەر ئەوە كۆك بووین كە سیستەمی پەرلەمانی باشە”.

هیوا میرزا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ جێگاى بۆچوونى جودا بێت په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆ ته‌جاوزكردن و كۆكردنه‌وه‌ى بۆچوونه‌كان له‌یه‌كتر هیوا میرزا پێیوایه‌ ده‌بێت”دوای ئەوەی دەستوورەكە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان‌ بە سازانی نیشتمانی لایەنەكان‌ و پێكهاتەكانی هەرێم‌ و بە دەنگدان لە پەرلەمان یەكلایی دەكرێتەوە هەموو ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر دەبێت‌ ئەوەی گرنگە هەرێمەكەمان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی”.
” پارتى حزبێكى نه‌ته‌وه‌یییه‌ نابێته‌ رێگر”
وه‌ك ده‌زانرێت پێشتر پارتى پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى بێت. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا پارتى ئه‌مجاره‌ رازى ده‌بێت یان نا. هیوا میرزا ده‌ڵێ”پارتیش حیزب‌ و هێزێكی نەتەوەیی‌ و نیشتمانی خاوەن ئەزموون‌ و بەرپرسیاریتیە‌ و، وا نازانم لەم قۆناغە هەستیار و مەترسیدارەدا ببنە ڕێگر لە ڕێگەی بە ئامانج گەیشتنی ئەم داواو دوزو پێویستیە نیشتمانی‌ و نەتەوەییەمان بە تایبەت كە هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی دەستوورەكە بە سازان‌ و پێكهاتن بێت”.
وه‌ك تێبینى ده‌كرێت یه‌كگرتوو و گۆڕان و كۆمه‌ڵ یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان سیسته‌مى په‌رله‌مانى له‌هه‌رێمى كوردستان په‌یڕه‌و بكرێت. ئه‌وه‌ى تا ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ ته‌نها پارتى له‌گه‌ڵ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تی دا. ئه‌مه‌ش وه‌ك پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى رانه‌گه‌یاندراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر پارتى كه‌چى هیوا میرزا له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ دا نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ره‌یه‌كى دژه‌ پارتى بێت. بۆیه‌ ئه‌و ده‌ڵێ”ئێمە(5)لایەنی سەرەكی حكومەتی بنكە فراوانین ‌و بڕیار و بەڵێنی شەراكەتی ڕاستیەقینە دراوەو، تەبایی ‌و یەكڕٍیزی و تۆكمەی ناوماڵی كوردستانی ستراتیژ و ئامانجە بۆ هەموومان‌ و ئەمەمان ڕاگەیاندووە، لە بەر ئەوە سەردەمی ئەوە بەسەر چووە كە چەند حیزب‌ و لایەنێك كۆببنەوە دژ بە بە حیزبێكی تر بە تایبەت كە مسئولیەت ئێستا لە ئەستۆی هەمووماندایەو،(5) قۆلیەكە ئەساسە بۆ هەر شتێك لەم هەرێمی كوردستانە لە بارەی دەسەڵاتەوە یا دەستوور یا هەر بابەتێكی تری هەستیار و چارەنووسساز لەسەر ئاستی هەرێم ‌و عێراق ‌و ناوچەكە بێت” . له‌كۆتایى قسه‌كانیشى ده‌ڵێ” لەبەر ئەوە ئێمە وەكو یەكگرتوو لەگەڵ ئەوە نین دژی یەكتر بەرە دروست بكرێت چونكە ئێمە بڕیارە هاوكار و تەواوكاری یەكتر بین‌ و،دەبێت هەر گرفت‌ و ڕەخنەو كێشەیەكیش هەبێت لە ڕێگەی دانوستاندنەوە بەو پەڕی ڕاشكاوی‌ و ڕوونی ‌و برایەتیەوە چارەسەری بكەین‌و، ڕێگە نەدەین دزرو نا تەبایی لە نێوانماندا دروست بێت‌و بەرامبەرە نەیارەكان بیقۆزنەوە بەتایبەت لەم دۆزە هەستیار و مەترسیدارە دا”.
پارتى: سیسته‌مى په‌رله‌مانى واته‌ دوو حزب خۆیان بكه‌ن به‌یه‌ك و گه‌مه‌ به‌وجودى سه‌رۆكایه‌تى بكه‌ن
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى پارتى و پێداگرییه‌كانى له‌سه‌ر سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى. عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌ و به‌رپرسی‌ لقی‌ 20ی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌شێخان له‌ لێداونێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌ نێت ده‌ڵێ”پارتی پێوایە مەنتیقێكی بەقوەتی لەدەستدایە،پارتی پیوایە كەسیستەمی سەرۆكایەتی سیستەمێكی باشە، ئەوەی ئێستا هەیە هەم سەرۆكایەتی و هەم پەرلەمانییە شتێكی تێكەڵە لە هەردوكیان یاساكانی كوردستان له‌په‌رله‌مان ده‌رده‌چن،دەسەڵاتەكان موتڵەق نین و مەحدودن،سەرۆكێك كە خەڵك دەنگی پێبدات سەرۆكێكی بەقوەتە بۆ ئەو قۆناغەی كە ئیمە تێداین،ئێمە پێویستمان بەسەرۆكێكە كە قوەتی هەبێت بۆ راپەڕاندنی ئەرك و كارەكانی” .
عه‌لى عه‌ونى ره‌خنه‌ له‌سیسته‌مى په‌رله‌مانى ده‌گرێت و ده‌ڵێ” ناكرێت هەردوو حیزب خۆیان بكەن بەیەك و گەمە بەوجودی سەرۆكایەتی بكەن چونكە ئەمە خزمەتی كوردستان ناكات،خەڵك دەنگی پێبداتن زۆر دیموكراسی تر و قایمترە نوێنەری هەڵبژێراوی میللەتە”.

عه‌لى عه‌ونى ناشارێته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كانى دیكه‌ له‌ دژى پارتى ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و له‌باره‌ى هۆكارى دژایه‌تییه‌كه‌ش ده‌ڵێ” ئەوەی من دەیبینم ئەم حیزبانە بەدوای نیزام و قانونێك دەگەرێن كە چۆن پارتی نەبێتن چونكە ئەو حیزبانە خۆیان كەسایەتێكی وایان تێدا نییە مونافەسەی هەیچ كام لەكەسایەتیەكانی ناوپارتی بكەن ئێستا تەنها لەناو پارتی دا ئەو شەخسیاتانە دەست دەكەون،ئەو حیزبانە كار دەكەن و بەدوای رێگایەك دەگەڕێن چۆن كاك مەسعود نەبێتەوە بەسەرۆك”.
مه‌سعود بارزانى ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌هه‌ڵه‌ به‌كارنه‌هێناوه‌
عه‌لى عه‌ونى چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتى سوور ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى بێت و ده‌شڵێ”ئێمه‌ به‌وه‌ رازینین سیسته‌م په‌رله‌مانی بێت ،من پێموایه‌ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی سیسته‌مێكی باشه‌ و هەتا ئێستاش كاك مه‌سعود سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كردوه‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌كارنه‌هێناوه‌،رێز له‌ده‌سەڵا‌تە ده‌وڵه‌تدارییه‌كه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان گیراوه،كاك مه‌سعود خازع بوه‌ بۆ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان،كاك مه‌سعود زۆر جار بوه‌ته‌ ئاخر خاڵ كه‌ خه‌ڵك بتوانێت سكاڵای خۆی بگه‌ێنه‌لا،هه‌روه‌ها ئه‌و قه‌وانینانه‌ی كه‌ شه‌قامی كوردستانی پێوابوه‌ ره‌وانین كاك مه‌سعود رایگرتون و داوای له‌په‌رله‌مان كردوه‌ پێیان دا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم ئاوا نه‌بوایه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌شی نه‌بوایه”
كه‌ پارتى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانى ده‌كرد په‌رله‌مان كۆیله‌ بوو به‌ڵام ئێستا چى؟
عه‌لى ‌عه‌ولى له‌باره‌ى ئه‌وه‌ حزبه‌كان گه‌له‌كۆمه‌یان له‌پارتى كردووه‌ ده‌ڵێ” ‌ئه‌گه‌ر بوه‌ گه‌له‌كۆمه‌كی له‌ پارتی ئه‌وكاته‌ ئه‌وان ته‌حه‌مولی مه‌سئولیه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وان خۆیان به‌و زمانه‌ ده‌ڵێن پارتی مه‌سئولیه‌تی شكسته‌كه‌یه‌ چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت لایه‌نێكی گه‌وره‌ له‌گه‌مه‌كه‌ ده‌ربكه‌ن كە پارتییە،ئێمه‌ پێمان وایه‌ سه‌رۆكی هه‌ریم نابێت له‌په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێت به‌ڵكو ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی موحتاجی موزەرەباتی حیزبەكانی ناو پەرلەمان نەبینەوە،ئەو خەڵكەی جاران ئیتیهامی پەرلەمانی دەكرد و دەیان وت پەرلەمان كویلە و دیلی دەستی حیزبە،هەمان ئەو حیزب كە ئێستا گۆڕانە و سەرۆك پەرلەمانیش گۆڕانە ئەوە خێر بوو كە ئیمە دەمان كرد پەرلەمانێكی تەسلیم بوبو،ئێمە كۆیلە و نەزان بوبین،ئەوە خێرە ئێستا ئەوان موراجەعاتی هەموو ئەحزاب دەكەن”.

كۆمه‌ڵ: ره‌زامه‌ندى پارتى بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ زه‌رووره‌ 
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى پارتى نازم عەبدوڵڵا،ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان له‌لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌ نێت ده‌ڵێ”ئێمە وەكو ئەو لایەنانە كە داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكەین بۆ هەرێمی كوردستان دەشمانەوێت لە دەستورردا ئەوە تەسبیت و جێگر بكرێت حەتمەن رەزامەندی لایەنی پارتیش بۆ ئەو بابەتە زەرورە چونكە ئێمە دەمانەوێت تەوافوقێكی نیشتیمانی هەبێت،هەروەها دەبێت لایەنەكان پێكەوە لەسەر ئەو پرس و بابەتە موتەفیق بن دوای رێگەی سروشتی خۆی بگرێتە بەر،وەڵامی ئەم پرسیارەش لای پارتییە كە ئایا قبوڵی دەكات یان نا”. هه‌ر له‌و لێدوانه‌ى دا نازم عه‌بدوڵڵا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌” ئێمە لێمان دیارە پارتیش پێ خۆشە كە تەوافوق بكرێت لەسەر سیستەمێك و چیتر دەستور بەوشێوەی ئێستا بە هەڵپەسێراوی نەمێنیتەوەو رێگەی سروشتی خۆی بگرێتەبەر”.
دواتریش ده‌ڵێ” دۆخی ئێستا هەرێمی كوردستان وەكو ساڵانی رابردوو نییە،ساڵانی رابردوو جۆرێك بوو ئیستا هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی سیاسی و دارایی دایە بە گرفتێكی گەورەدا تێپەڕ دەبێت،حەتمەن گۆڕانكاری ناوچەكەش وای كردوە كە پارتیش قەناعەتی بگۆڕێت و قەناعەتی وابێت كە سیستەمی پەرلەمانیش سیستەمێكە و ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتانی دونیا كاری لەسەر دەكرێت،لەكوردستانیش مادام داوای لایەنەكانە پێویستە كار بەو سیستەمە بكرێت”.
هاوپه‌یمانى نییه‌ و داوایه‌كه‌ له‌پارتى
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێ ئه‌و هه‌ڵوێستەى حزبه‌كان له‌سه‌ر سیسته‌مى په‌رله‌مانى هاوپه‌یمانى نییه‌. به‌ڵكو داواكارییه‌كه‌ له‌پارتى، ئه‌و ده‌ڵێ”پێ ناوترێت هاوپەیمانی،ئێمە هەموو لایەنەكان رێكەوتوین و داواكارێكمان هەیە دیارە داوا لێكراوەكەش پارتییە و هەموو لایەكمان روومان لەوە،خۆ ئەگەر بێت و ئەمڕۆ لەجێ پارتی لایەنێكی تر لەسەر دەسەڵات و حكوم بوایە بەتەئكید پارتی و هەموو لایەنەكان رایان دەكرد بۆ لای ئەو لایەنە،ئەمرۆ سەرۆكی هەرێم و حكومەت پارتین ئیتر رومان لەوانە و گۆڕانكارییەكان رێژەیەك پەیوەندی بەسەرۆكی هەرێمەوە هەیە سەرۆكی هەرێمیش پارتییە و داواكارییەكانیش روو لەوانە بەحوكمی ئەوەی كە داوا لە ئەوان بكرێت بەربەست دروست نەكەن و ئەو بابەتە رێگەی سروشتی خۆی بگرێتە بەر”.
یه‌كێتى : خوێندنه‌وه‌ى پارتیش زۆر له‌جاران جیاوازتره‌
بێگەرد تاڵەبانی،ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان له‌لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌ نێت ده‌ڵێ” خوێندنەوە لەنێوان لایەنەكان دا جیاوازە،ئێمە وەكو یەكێتی نیشتیمانی و گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ داوای سیستەمێكی پەرلەمانی دەكەین،راستە برادەرانی پارتی زۆرجار باس لە سیستەمی سەرۆكایەتی دەكەن و داكۆكی لەو مەوقیفە دەكەن كە هەرێمی كوردستان سیستەمی سەرۆكایەتی بێت بەوەی كە سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێرێت بەڵام لەئێستادا بەپێ لێدوانەكانیان و مامەڵەكردنی رۆژانەی ئێمە لەگەڵ فڕاكسیۆنی زەرد زۆرجار باس لەوەی دەكرێت كە زەمەنەكە گۆڕاوە”
ده‌بێت هه‌موو شتێك به‌ ته‌وافوق بێت
بێگه‌رد تاڵه‌بانى روونى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو پڕۆژه‌ سیاسیه‌كان به‌ ته‌وافوق بێت و له‌باره‌ى دیاركردنى مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆكایه‌تى یان سیسته‌مى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ”ئێستا ئێمە لە حكومەتێكی شەراكەتی نیشتیمانین پێویستمان بەتەوافوق و لێكتێگەیشتنە،ئەوانیش خوێندنەوەكانیان لەئێستادا لەگەڵ جاران جیاوازی زۆری تێدایە و تاڕادەیەك مڕونەتیان تێدایە و زۆر ئیلحاحێكی بەقوەت ناكەن و دەڵێن زەمەنەكە گۆڕاوە و ئێمە پێویستمان بەتەوافوق و لێك تێگەیشتنە،ئێمە لەناو پەرلەمانی كوردستان چوار فڕاكسیۆنین و پێكەوە 58 كورسی پەرلەمانین لەبەر ئەوە جۆرێك لەتەوافوق و لێكتێگەیشتن لەسەر ئەم بابەتەش دێتە ئاراوە”.
فریا ناكه‌وێن سه‌رۆك له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێرین
دواتر بێگه‌رد باس له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆى نه‌بوونى كاته‌وه‌ ناتوانرێت سه‌رۆك له‌  ناو خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت و ده‌ڵێ”ئەو میكانیزمانەی كە پێویستن بۆ ئەوەی كە سیستەم سەرۆكایەتی بێت لە ئیستادا جێبەجێ نابێت بۆ نموونە لە 19/8 وادەكە كۆتایی دێت چەند مانگێك ماوە چۆن دەتوانیت سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێرێت لەكاتێكدا ئەو ماوەیەی كە لەبەردەمتدایە گونجاو نیە و قەیرانی دارایت هەیە وە جگە لەوەش لەسەروی هەموو ئەوانەشەوە داواكارێك هەیە لەلایەن چوار هێزی سەرەكی كە پێكهاتەی حكومەتی شەراكەتی نیشتمانین لەبەرامبەریشدا پارتی دیموكراتی كوردستان شەریكە لەم حكومەتە دا ئێمە هەموومان پێكەوە هاوبەشین لە دەسەڵات دا لەبەر ئەوە من پێموایە پارتیش بیەوێت رێز لە ئیرادەی زۆرینە لەناو هەرێمی كوردستان و ئەو بابەتە كە ئێستا بارودۆخی خەڵكی كوردستانیش هەستیارە بگیرێت”.
یه‌كێتى له‌دژى پارتى هاوپه‌یمانى نییه‌
بێگه‌رد تاڵه‌بانى ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌به‌رامبه‌ر پارتى بۆچوونى جیاوازى هه‌بێت گه‌له‌كۆمه‌ى له‌دژى پارتى پێكهێنابى و ده‌ڵێ”ناكرێت بڵێن هاوپەیمانییە،هاوپەیمانی نییە،ئێمە فڕاكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان روئیایەكی هاوبەشمان هەیە،ستراتیژێكی دیاری كراومان هەیە بۆ ئایندە و بەرجەستەكردنی دیموكراسیەتێكی راستەقینە بۆ ئەوەی بتوانین ئێمە دیدگایەكی واڵاتر بكەینەوە بەرووی هەرتاكێك لەهەرێمی كوردستان دا “.
گۆڕان: بێگومانین پارتى ره‌چاوى بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى گۆڕانه‌وه‌، بابەكر دڕەیی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ده‌ڵێ” ئێمە داواكاری سیتەمی پەرلەمانین،قسەی ئیمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان داواكاری سیتەمی پەرلەمانیە لەكوردستان،ئەوەی پارتی یان حیزبێكی تر قبوڵی دەكات یان نایكات ئەوە پەیوەندی بەو جەدەل و موناقەشەیە هەیە كە لەپەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەكرێت،ئێستا كات لەبەردەم دایە بۆ جەدەل و موناقەشەكە ئەوە پڕۆسیەكە كە لەبەردەمان دایە،ئێمە ناتوانین عەقڵی حیزبێكی تر بخوێنینەوە كە چۆن بیر دەكاتەوە یان چۆن بیر ناكاتەوە،ئێمە لە ئیئتیلافێكی حكومی داین پیكەوەین لە كوردستان و پەرلەمان،حكومەتێكمان هەیە لەكوردستان كە ئیئتیلافیە دەبێت هەموو لایەك ریعایەتی یەكتر بكەن و بێگومان پارتیش ریعایەتی ئەو وەزعە دەكات دڵنیام لەوەی كە دەگەینە نەتیجەێكی باشتر لەو وەزعەی كەهەیە.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا هه‌ڵوێستى پارتى چى ده‌بێت بابه‌كر دڕه‌یى وتى”ئەوە وەڵامەكەی لای برادەرانی پارتییە،بەڵام ئەوەی كە كاتی خۆی كراوە بەقانونی كراوە كەس ئینقیلابی نەكردوە،كاتی خۆی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێراوە جارێك بەدەنگدانی خەڵك هەڵبژێراوەو جارێكیش بەدەنگدانی پەرلەمان هەڵبژێراوە،هەموو حزبێك لەم دونیایەدا محاوەلەی ئەوە دەكات كە كادیر و سەركردەكانی خۆی بچنە پۆستی یەكەمەوە.

نزیكى هه‌ڵوێستى چوار حزبه‌كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ى دیموكراسییه‌
بابه‌كر دڕه‌یى له‌لێدوانێكه‌ى بۆ نوچه‌ نێت، نیگه‌رانى خۆى له‌و پرسیاره‌ ده‌ربڕى كه‌ له‌باره‌ى دروستكردنى هاوپه‌یمانیه‌كى دژى پارتى ده‌كرێت. ئه‌و وتى”من وتەبێژی ئیئتیلافێكی چوار قۆڵی نیم لەبەینی گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵ و یەكێتی و ئاگاداری مەوقیفی ئەوان نیم و نازانم مەوقیفیان چیە و تائیستاش گوێم لەو حیزبانە نەبوە كە داوای سیستەمی پەرلەمانی بكەن،تۆ دەتەوێت بەو شیوەیە قسە بەمن بكەیت كە ئەو چوار حیزبە دژی پارتین من بەو شیوازە قسەناكەم و ئەو جۆرە پرسیارانەی ئێوە خۆش نین كەدەیكەن،من كادیرێكی گۆڕانم و رەئی من وایە بزوتنەوەكەی ئیمە دیفاع لە سیستەمی پەرلەمانی دەكات و رێكخەری گشتیش ئەو قسەیەی كردوەو پیمان وایە شتێكی باشە لە سیستەمی عێراقەوە نزیكە،دیموكراتیانەترە،بێ موشكیلەترە ،ئاسانتر دەچێتە پیشەوە ئەمە رای ئیمەیە،كە دەڵێت چوار حیزب رەئیان وەكو یەكە من ئەوە نازانم و وتەبێژی ئەو چوار حیزبەش نیم،ئەمە دیموكراسیەتە و دەشیت چوار حیزب پێكەوە رەئیان لەسەر بابەتێك یەكگرتوو بیت یان سیانیان دوانیان” له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌شى وتى”بابەتەكە سەرۆكایەتی هەرێم نییە كۆمەڵێك قانون لەم وڵاتە هەیە پێویستیان بە گۆڕینە و ئەو گۆڕینانە چۆن چارەسەر بكرێن،مەسەلەكە شەخس نییە بەڵكو پڕۆسەی چاكسازی لەكوردستان بەشیوەیەك بچێتە پێشەوە سازانی نیشتیمانی لەسەر بێت و هەموو لایەك قەناعەتیان پێبێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com