بڕیاریکی حکومەتی سوید لەیەک کاتدا کورد دڵخۆش و نیگەران دەکات، پەڕلەمانتارانی کورد لەو بارەوە لێپرسینەوە دەکەن

0

نوچەنێت . سوید

بڕیارێکی حکومەتی سوید بۆ ناردنی هێزی هاوکاری بۆ کوردستان، لەیەک کاتدا خۆشحاڵی و نیگەرانی کوردانی بەدوای خۆیدا هێنا، پەڕلەمانتارانی کورد لەسوید رایدەگەیەنن، بەدواداچوون لەسەر نیگەرانییەکان دەکەن و لەهۆکارەکانی دەکۆڵنەوە، نوێنەری حکومەتی کوردستانی لەوڵاتیش سوید دەڵێت” ستایشی ئەو هەڵوێستەی حکومەتی سوید دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر نیگەرانییەکان پرسیارمان دەبێت”.

رۆژی ٩/٤/٢٠١٥ حکومەتی سوید بڕیاریدا بەناردنی هێزی یارمەتیدەر بۆ کوردستان، ئەو بڕیارەش وەک پرۆژە پێشنیارێک لەلایەن هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی سوید، ئاراستەی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە کرا بۆ دەنگ لەسەردانی، ئەم بریارەی حکومەتی سوید لەیەک کاتدا بووە مایەی خۆشحاڵی و نیگەرانی کوردستانیانیان، خۆشحاڵی بەوەی سوید بۆ یەکەم جار هاوکاری سەربازی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێش دەینێرێت بۆ کوردستان و بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە، نیگەرانیش بەوەی کە لەپرۆژە پێشنیارکراوەکەی حکومەتی سویددا بۆ پەڕلەمانی وڵاتەکەیان، ناوی کوردستان وەک هەرێمێکی دانپێنراو لەعێراقدا ناهێنێت، و بەباکوری عێراق ناوی دەبات، کەهەمان ئەو ناوەیە لەسەردەمی حکومی بەعس بۆ کوردستان بەکار دەهێنرا.

چاودێرێکی سیاسی بۆ نوچەنێت دەڵێت”ناوهێنانی کوردستان بەباکوری عێراق لەلایەن دوو وەزیری سویدەوە شایەن بەهەڵوەستە لەسەرکردنە، ئایا سوتفەو تەحەفوزاتە؟ رەنگە پاشەکشەی حکومەتی سویدبێ لەناسینی کوردستان، چونکە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی ئێستای سوید، سەرۆک وەزیرانی سوید کاتێک باسی رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی داعشی کرد، لەیەک کاتتدا و پێکەوە باسی هاوکاری حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستانی کرد، نەک حکومەتی عێراق و باکوری عێراق”.

بەڵام جەبار ئەمین وەک کوردێکی پەڕلەمانتاری پارتی ژینگە، لەپەڕلەمانی سوید، پێی وایە، بەلای سویدەوە”کە دەڵێی حکومەتی عێراق، مەبەست عەرەب و کوردو ئاشوری و ئێزیدی و تورکمان و هەموو پێهکهاتەکانە، گومانم لەوە نییە حکومەتی سوید بەرانبەر بەپرسی کورد و حکومەتی هەرێم پاشەکشەی لەڕای خۆی کردبێ، ناوهێنانیشی بەباکوری عێراق، رەچاوکردنی هەندێ لایەنی فەرمییە”.

هەروەها شادییە حەیدەری کەوەکو کوردێک ئەندامی پەڕلەمانی سویدە، لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان، کەحزبەکەی ئەو سەرۆکایەتی حکومەتی سوید دەکات و هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی سویدیش لەپارتەکەی ئەون، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت پێی وایە مادام لەپرۆژە پێشنیارەکەدا” ناوی پێشمەرگە وەک هێزی کوردی هاتووە، لەگەڵ هێزی عێرقدا، ئەو ناوهێنانە بەجیاواز هەمان ئەو مانایە دەدات کە بوترێ هەرێمی کوردستان” دەشڵێت”ئەو ناونەهێنانە کێشەیەک دروست ناکات، بەڵکو ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە هاوکاری بۆ پێشمەرگە دەنێرن، ناوهێنانی پێشمەرگەش لە پرۆژە پێشنیارەکەدا گرنگی تایبەتی خۆیی هەیە”.

جەبار ئەمین، لەبارەی گرنگی ناردنی ئەو هێزەو و هۆکاری ناوبردنی هەرێمی کوردستان بەباکوری عێراق زیاتریش دەڵێت”ئەمان وای دەبینن کە کوردستان هەر بەشێکە لەعێراق، من خۆم و ئەکید زۆرێک لەئەندامانی پەڕلەمان زۆر حەزمان دەکرد وەکو هەرێمی کوردستان ناوی کوردستان بێت، بەڵام پرسی گرنگتر بۆ من ئەوەیە کە سوید هەنگاوێکی ناوە بۆ ئەوەی کە بەشدار بێت لەدژایەتیکردنی داعش، بەشدار بێت لەهاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئەوەش هەنگاوێکی زۆر باشە بەڵام دەبێ بپرسین چین وایکردووە بنوسن باکوری عێراق، لەهەمان کاتدا زۆر گرنگە ئێمە کێشەیەک لەپەڕلەمانی سویددا دروست نەکەین، تا لەسەر هەندێ شتی فەرمی هەڵوێستێکی گرنگی حکومەتی سوید بۆ ناردنی هێز بۆ پشتیوانی لەپێشمەرگە بخەینە ژێر پرسیارەوە، ئێمە ئەبێ زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکەین، دەبێ لێی بکۆڵێنەوە پێش ئەوەی لەپەڕلەمان تەگەرە لەبەردەم ئەو کارە دروست بکەین و بیکەینە کێشە، چونکە بەڕاستی لای من ئەمرۆ لەهەلومەرجی کوردستاندا دژایەتیکردنی داعش و پارێزگاریکردن لەخاکی کودستان زیاتر گرنگە، لەوەی کەچۆن ناوی دەبەن، هەڵبەت دەکرێ کاری لەسەر بکەین، بەڵام بەوریایی”.

ئەندام پەڕلەمانەکوردەکەی حزبی سۆسیالدیموکراتەکانی سویدیش، شادییە حەیدەری، ئەوە دەخاتەڕوو کە”مافی کوردستانە کەلێرەش وەک هەرێم ناوی بێت نەک باکوری عێراق چونکە، لەدەستوری عێراقیشدا هەرێمی کوردستان دانپێدا نراوە، کە لێرە بەباکوری عێراق نوسراوە ئەبێ ئێمە پرسیار لەهۆکارەکە بکەین، ئایا نەبوونی زانیارییە لەسەر حکومەتی هەرێم، یان لایەنێکی تر هەیە کەبیریان لێکردۆتەوە، من لەو بارەیەوە، پرسیار لەلیژنەی کارو باری دەرەوە دەکەم، کە وەزیری دەرەوەو بەرگریش هاتنە پەڕلەمان بۆ ئەو پرسە راستەخۆ پرسیاریان لێ دەکەم بۆچی ناوی کوردستان وا هاتووە”.

هەر لەو بارەیەوە شۆرش قادر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکومەتی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت ستایشی هەڵوێستی حکومەتی سوید دەکات، لەبڕیاری ناردنی هێزێک بۆ یارمەتدانی پێشمەرگە، ئەوەش ئاشکرا دەکات کەداویانکردووە “هەم لەگەڵ لیژنەی دەرەوەی پەڕلەمانی سوید، هەمیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سوید، لەسەر ئەو پرۆژە پێشنیارکراوە، دانیشتن بکەین، لەگەڵ دەربڕینی پێزانینمان بۆیان، باس لەقۆناغەکانی داهاتووی ئەو بڕیارە دەکەین لەگەڵیان، باسی ئەوەش دەکەین دەبێ بوترێ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە نەک هەر لەم دانیشتنە پێشتریش لەسەر ئەوە قسەمان کردووە، و بەناوی هەرێمی کوردستانیشەوە مامەڵەمان لەگەڵ کراوە، داهاتووش هەر ئەوە دەکەین، ئێستاش کە لەم پرسەدا نوسراوە باکوری عێراق، شایەن بەپرسیارە، و لەو بارەوە پرسیارمان دەبێت”.

بۆخوێندنەوەی تەواوی دیمانەیەکی جەبار ئەمین لەو بارەوە کلیک بکە ……

بۆ خوێندنەوەی دیمانەیەکی نوێنەری حکومەتی کوردستان لەوڵاتی سوید، کلیک بکە……

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com