نوچەنێت.رووداو:
لە شاری سلێمانی تەقە لە بارەگای سەركرداریەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت و تەقەكەرەكانیش دەستگیردەكرێن.
فارس نەورۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:” شەوی رابردوو كاژێر 3ی بەیانی، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پرادۆ و نیسان، كە 7 چەكداریان تێدابوون، تەقە لە باڵەخانەكەمان كرا و پاشان هەڵاتن”.
نەورۆڵی هەروەها گوتی:” دوای ئەوەی چەكدارەكان هەڵاتن، پاسەوانەكانی بارەگای سەركردایەتی پارتی دوایان كەوتن و دەستگیریانكردن”.
بەپێی قسەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی، دوای ئەوەی چەكدارەكانیان دەستگیركردوون، رادەستی پۆلیسی سلێمانی-یان كردوون و چاوەڕێن بدرێنە دادگا. گوتیشی:” ئێمە دەمانەوێت بزانین كێ لە پشت ئەم كارەوە بووە”.
تا ئێستا پارتی هیچ لایەنێكی لە سەر ئەو تەقەكردنە تۆمەتبارنەكردووە و چاوەڕێی دادگایە لایەنی پشت رووداوەكە ئاشكرابكات، چونكە وەك خۆیان دەڵێتن ئەوە بیستەهەمین جارە تەقە لە بارەگاكانیان لە سلێمانی دەكرێت.