نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كۆبونەوەو باسیان لەوەكرد كە هەڕەشەكانی تیرۆریستان و بوونی ناكۆكیی لە نێوان لایەنە كوردییەكان هەبوون و مانەوەی كورد لە ڕۆژئاوا دەخاتە ژێر مەترسیییەكی گەورە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی 4ـی 2015 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد كە پێكهاتبوون لە حەمید دەروێش سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریا و سعود مەلا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ئیبراهیم برۆ سكرتێری پارتی یەكێتیی كورد لە سووریا“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەو پەرۆشییەی كە بۆ بارودۆخی ڕۆژئاوا هەیەتی و هەوڵی سەرۆك بارزانیان بۆ ڕێكخستنەوەی گوتاری كورد و یارمەتیدانی دۆزی كورد لەم بەشەی كوردستاندا بەرز نرخاند“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆریستان و ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و تەمومژاوییەی لە سووریادا هەیە،جەختی لە پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە لایەنەكان بە تەبایی و برایەتی لە تەك یەكتردا كار بۆ بەهێزتركردنی دۆزی كورد بكەن و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان لەبەرچاو بگرن“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستان و مەترسیی گۆڕانی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكانی ڕۆژئاوای كوردستان خرایە بەر باس و ئەوەیش باس كرا كە هەڕەشەكانی تیرۆریستان و بوونی ناكۆكیی لە نێوان لایەنە كوردییەكان هەبوون مانەوەی كورد لە ڕۆژئاوا دەخاتە ژێر مەترسیییەكی گەورە“.