بۆچی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم دەورژێنرێت ؟

0

چاودێرێکی سیاسی . تایبەت بۆ نوچەنێت

لەكاتێكدا ماوەى سەرۆكايەتى هێشتا چەند مانگێکی ماوە. لەكاتێكدا كۆمەڵێك قەيرانى ئابوورى و سياسى لەناوچەكە دەگوزەرێت. جەنگێک بەڕای چاودێران هاوشێوەی جەنگە جیهانییەکان لەم ناوچەیەدا بەرقەرارە، مەسەلەى مانەوە و نەمانەوەى مەسعود بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم وروژێنرا و تا ئێستاش قسەی لەبارەوە دەکرێت.

لەو نێوانەدا ئەوەى جێگاى سەرنج و پرسيار بێت، ئەوەيە ئەو بابەتە چەند لەلايەن هاوڵاتييانەوە جێگاى بايەخە؟ بەو مانايەى وروژاندنى بابەتێكى وەها، ئايا داواو ویستی هاوڵاتيانە، يان لايەنێكى سياسى بۆ مەبەستێکی سیاسی و گەرمکردنی بازاڕی ویست و خواستە حزبییەکانە لەکوردستان؟ راستە دەبێ لەئێستاوە کار بۆ پرسێکی لەو شێوەیە بکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە، کارکردنەکان نیازپاکییە، یان ریسککردنە بەکوردستانەوە بۆ ئامانجێکی حزبی و سیاسی ؟

رەخنەگرتنێك دوور لەنيازپاكى

زۆرجار رەخنەگرتنەكان لەپێناو بەرژوەندى سياسى دەبێت. مەبەستيش لە بەرژوەندى سياسى ئەوە نييە كە بەجددى كار بۆ بەرنامەيەكى سياسى بۆ وڵات و هاوڵاتيان بكەيت. بەڵكو تەنها مەبەست بەرژوەندى سياسى لايەنێك يان حزبێكە. رەخنەگرتنيش لە سياسەت يان لەهەر بوارێكى ديكە دابێت، دەبێت چەند مەرجێكى بنەمايي هەبێت، كە بەر لەهەموو كەسێك لەلايەن بيرمەندانى يۆنانەوە دياركراوە. لەوانە دوو مەرجى سەرەكى بۆ هەر كەسێك و لايەنێك دانراوە كە رەخنە دەگرێت.

يەكەم : دەبێت ئەو كەسە نيازپاك بێت.

 دووەم : خاوەن مەعريفە بێت.

وەرگرتنی ئەو دوو كۆڵگەيەى رەخنە، وەک بنەمای هەڵسەنگاندنی رەخنەگرتنەکان لەکوردستان، دەمانگەیەنێتە ئەو یەقینەی، کە زۆرینەی هەرەزۆری رەخنەکان ناچنە چوارچێوەی رەخنەگرتنێکی دروست و بەدەگمەن رەخنە هەيە هەردوو مەرجى سەرەكى تێدا بێت.

لەرەخنەی سياسى ئێمەدا دەگمەنە رەخنەیەک ببینین لەپێناو بەرژوەندى خەڵك و لەبەرژوەندى وڵات بێت، ئەوەش پێمان دەڵێت، رەخنەکان ناچنە چوارچیوەی رەخنەوە، چونکە نيازپاكى تێدا نییە. لێرە لەکوردستان دەگمەنە رەخنەى سياسى لەسەر ئەساسى مەعريفە بێت، هەركەسێك کەرەخنەی هەیە، لەبەرژەوەندی ئامانجە تایبەتییەکەی خۆی قسە دەكات و رەخنە دەگرێت. بۆيە لەکوردستان رەخنەكان لەغيابى ئەو دوو مەرجەدا لەشەڕو شەرفرۆشتن زياتر هيچى ديكە نابن. هەرئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە لايەنە سياسيەكان و كەسانى سياسى، لە كۆمەڵگاى كوردى رەخنەكانيان ئەو ئامانجانە بەدیناهێنێ كە خواستى خەڵكی کوردستانە.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر بۆ خوێنەر، دوو پرسی زيندوو دەخەینەڕوو:

لەدوايين هەڵبژاردنى كوردستان بەر لەهەڵبژاردن كێشەى دەستوور و گەڕانەوە و نەگەڕانەوەى رەشنووسى دەستوور وروژێنرا. ئەگەر  بەجددى راپرسى بۆ بەندەكانى دەستوور بكرايە يان توێژينەوەيەك بكرايە، دەردەكەوت كە ئەوانەى ئەم شەڕەيان لەسەر دەستوور دەكرد دەستووريان نەبينيبوو. يان بەلايەنى كەمەوە لەچەمكى دەستوور و گرنگى دەستوور نەگەيشتبوون. بۆيە بينیمان دواى كۆتايى هاتنى هەڵبژاردن، کەفوکوڵێ هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، كەسێك خۆى لەو رەشنووسەى دەستوور کەداوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ پەڕلەمان نەكردە خاوەن و قسەکردن لەسەر دەستوور کۆتایی هات.

جياوازى لەنێوان وروژاندنى گەڕانەوەى دەستوور و نەمانەوەى بارزانى

 وەك لەسەرەوە باسكرا. زەرورەتى بابەتەكان بۆ خەڵك مەسەلەكان تەرح ناكات. هێندەى لايەنێكى سياسى بۆ ئامانجێكى سياسى بابەتەكان دەوروژێنێ. بۆيە لەسەرەوە ئاماژە بۆ ئەوە كرا، جۆرێك لەبيركردنەوەى سياسى مەسەلەى گێڕانەوەى رەشنووسى دەستوورى وروژاند (گەر وانەبوو، بۆچی لەدوای کەفوکوڵی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەو باسە خەوێنرا) هەر هەمان بيركردنەوەشە ئەمجارەشيان مانەوە و نەمانەوەى بارزانى لەم ساتەدا دەوروژێنێ. ئێمە ناڵێن ناكرێت تێبينى سياسى و ياسايى لەسەر هيچ كامێك لەبابەتەكان نەبێت، بەڵكو زياتر مەبەست خستنەڕووی ئەو راستیەیە کەئەوانەى بابەتەكان دەوروژێنن لەنيازپاكى و لەجددى بوونى خۆيان نييە.  لەرووى سەرچاوە هەردوو بابەت هەڵقوڵاوى يەكجار بيركردنەوە و رەفتارى سياسيين، بەڵام جياوازييەكان لە رووى هەلومەرج و كاتەوە هەیە. كاتێك مەسەلەى گێڕانەوەى دەستوور وروژێنرا، مەبەست بەدەستهێنانى دەنگ بوو، چونکە هەموو لايەنەكانى كوردستان لە هەڵمەتى بانگەشەی هەڵبژاردن دابوون. بەڵام هەڵبژاردنی ئەم کاتە، و رەچاونەکردنی دۆخی وڵات، کە بەهەموو پێوەرەکان، لەحاڵەتی تەنگەتاویدایە، بەدرێژایی زیاتر لەهەزار کیلۆمەتر لەجەنگدایە، و لەژێر ئابڵوقەیەکی ئامانجداری عێراقدایە، هەروەها ناوچەکە لەحاڵەتی جەنگێکی بەرفرەواندایە، گومانی جدیی لەسەر ئەو داوايە دێنێتە ئارا.

ئەگەر داواكە جدديە، كێ بەديلى بارزانی یە؟

مەسەلەى رابەر لە كوردستان مەسەلەيەكى ئاڵۆزە. بۆيە لايەنە سياسييەكان هەر لەدواى راپەڕينەوە ئيشكاليان لەسەر ئەو بابەتە هەبووەو هەیە. لەيەكەم هەڵبژاردنى كوردستان لەگەڵ ليستى پارتە سياسييەكان، ليستێكى ديكە بۆ هەڵبژاردنى رابەرى كوردستان هەبوو. كە چوار كەس لە كێبركێى دابوون. لەوانە مەلا عوسمان عەبدولعەزيز، رابەرى بزووتنەوەى ئيسلامى و جەلال تاڵەبانى سكرتێرى گشتى يەكێتى و دكتۆر مەحمود عوسمان وەک سۆسیالست و مەسعود بارزانى سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. بەڵام هەر زوو ئەو مەسەلەيە وەلا نرا. لەدواى يەكگرتنەوەى ئيدرە مەسعود بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم دانرا. دواتريش لەساڵى ٢٠٠٩ يەكەم جار مەسەلەى سەرۆكايەتى هەرێم هاتە ئاراوە، ئەو كاتە بارزانى چەند ركابەرێكى هەبوو، لێ بوونى ئەو ركابەرانە لەكۆميديايەكى سياسى دەچوو. مەبەست ئەوە نييە سوكايەتى بەكەسێك بكرێت، هەر كەسێك مافى خۆيەتى خۆى كانديد بكات. بەڵام خۆكانديدكردنى ئەو كەسانەى كەلەبەرامبەر بارزانى خۆيان هەڵبژارد، چەند لايەنێكيان لەپشتەوە بوو، زياتر بۆ لێدان و كەمتەرخەمكردنى سەرۆكايەتى هەرێم بوو. گۆڕان كانديدى نەبوو بۆ سەرۆكايەتى هەرێم، كەچى يەكێك لەو كانديدانەى سەرۆكايەتى هەرێم كەناوى حوسێن گەرميانى بوو، فەرمانبەرى كشتوكاڵ بوو خۆى دەنگى بەگۆڕان دابوو. بانگەشەى بۆ گۆڕان دەكرد، هەروەک کەمال میراودەلیش وەک کەسێکی نزیک لەنەوشیروان موستەفا خۆی نمایش دەکرد.

ئەوەى ئێستاش مەسەلەكە دووبارە دەوروژێنێتەوە، ئەگەر پرسيارى جددى لێ بكرێت: تۆ كێيت كانديدە بۆ سەرۆكايەتى هەرێم ؟ وەڵامێكى رۆشنى نابێت. ئەوەش پێمان دەڵێت، کەدیسان وروژاندنی ئەو پرسەو رەخنەگرتن لەسەر ئەو پرسە، نیازپاکی سیاسی نییە، هێندەی کارتی فشارو خۆشکردنی مامەڵەو موزایەداتی سیاسییە.

يەكێتى  و سەرۆكى هەرێم

ئەمساڵ يەكەمجار لەلايەن عادل مورادى سەرۆكى ئەنجومەنى ناوەندى يەكێتى، بابەتى مانەوەى بارزانى وروژێنرا.  دواتر چەند بەرپرسێك و چەند ئەندام پەرلەمانێكى يەكێتيش لە دەزگاكانى راگەياندن كەوتنەخۆ.  جارجارەش بەنەرمتر ئەندامانى بزووتنەوەى گۆڕان دەچنە ناو وروژاندنى بابەتەكەوە. ئەگەر بەخێرايى سەيرى رابردووى مەسەلەى سەرۆكايەتى هەرێم بكرێت، دەردەكەوێ كەيەكێتى لەرابردوو و لە ئێستا گرێى دەروونى لەگەڵ بابەتى سەرۆكايەتى هەرێم هەيە. ئەمەش لەئەنجامى رابردوو بووە. جارى يەكەم كە مەسعود بارزانى وەك سەرۆكى هەرێم دەستنيشان كرا. يەكێتى لەگەڵ پارتى هاوپەيمانىی ستراتيژى هەبوو، بۆيە مەسعود بارزانى كانديدى يەكێتى و پارتى بوو. بەڵام كە يەكێتى دەنگى كەم هێنا. كانديد و ئەندامانى ئەو حزبە كەوتنە رەخنە ئۆباڵى كورتهێنانى يەكێتيان بۆ ئەوە گێڕايەوە كە يەكێتى مەسعود بارزانى كانديد كردووە، بۆيە كەسانێك لەتوڕەيى دەنگيان بەيەكێتى نەداوە. دواتر لەهەڵبژاردنێكى ديكە يەكێتى رايگەياند كە سەربەخۆ بەشدارى لەهەڵبژاردنەكان دەكات. بەڵام كەمتر لەمانگێك لەنێو پەڕلەمان ئەندامانى يەكێتى دەنگيان بۆ درێژكردنەوەى ماوەى سەرۆكايەتى بارزانى دا. دووبارە لەهەڵبژاردن لەجارى پێشوو زياتر يەكێتى دەنگى كورتى هێنا. ئەمەش جارێكى ديكە نيگەرانى لێ كەوتەوە و دیسان بەوە پاساوی کەم دەنگهێنانی خۆیان دا، کە دەنگیان بۆ درێژکردنەوەی بارزانی داوە، ئەوە شتێکی زانستییە، هەرپرسێک زۆر لەناو رۆحی خۆتدا هێنات و بردت و بەناڕاستیش بێ بۆ بڕواهێنانی شکستێکی خۆت، ئەوت کردە هۆکار، لەبەرانبەر ئەوە، بێ ئەوەی بتەوێ گرێیەکی دەرونیت بۆ دروست دەبێت، یەکێتیش بەهۆی ئەوەی دووجار شکستی خۆی لەهەڵبژاردندا خستە پەنای پشتیوانی لەسەرۆکی هەرێم، ئەو پاساوەی لەناو رۆحی حزبی خۆیدا زۆر هێناو برد، توش بەو گرێیەکی دەرونی بووە لە بەرانبەر سەرۆکایەتی هەرێمدا، بۆیە زۆرکات بیری دەچێت، سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بەرانبەر بەسەرۆکایەتی کۆماری عێراقە، دەکەوێتە دژایەتی پارتی، و پێی وایە فشاردروستکردن لەسەر ئەو پرسە لایەنێکی تر دەباتە بەرەی پشتیوانی لەسەرۆکی هەرێم و ئەولایەنەش بەرانبەر بەیەکێتی توش بەشکست دەبێت، زیاتر لەو گومانەش کە دروستبوونی ئەو گرێیە ئەو هێزە هاندەدات بۆ دژایەتی سەرۆکی هەرێم، نوسەرێکی ئەردەنى ماوەيەك لەمەوبەر ئاشكراى كرد كە يەكێتى بەهاندانى ئێران، دەيەوێ كێشەى سەرۆكايەتى هەرێم بوروژێنێت.

ئايا گرنگە بارزانى بمێنێتەوە؟

هەموو ئەو تێبنيانەى سەرەوە دەمانخاتە بەردەم دوو ئەنجام.

يەكەم : بابەتى مانەوە و نەمانەوەى بارزانى لەسەرۆكايەتى هەرێم، بابەتى خەڵك نييە. بەڵكو گەرمکردنی بازاڕی ئامانجێکی سياسییە.

خەڵك ئێستا زياتر بەدواى ئاسايش و ژيانەوەیە. ترسى لەداعش هەیە و دەيەوێ جەنگەكە زياتر لەكورد دوور بكەوێتەوە، نەوەك بير لەوە بكاتەوە مانەوەى بارزانى ياساييە يان نا.

دووەم: ئەو لايەنانەى باسى بابەتەكە دەكەن كانديديان بۆ پۆستەكە نييە، كێشەى بەديليش لە ٢٤ ساڵەى رابردوو هەبووە و بارزانى جگە لەتاڵەبانى مونافسێكى ديكەی نەبووە.

ئەوە جگە لەوەی کە بارزانی :

لەماوەى ساڵى رابردوو زياتر لە ٢٠٠ پەيوەندى ديبلۆماسى لەگەڵ بەرپرسانى گەورەى وڵاتان ئەنجام داوە، توانيويەتى هاوكاریی سەربازى جیهان بۆ پێشمەرگە بەدەستبهێنێت، مەحاڵ تێکبشکێنێت، لەبەدەستهێنانی هاوکاری سەربازی جیهان بۆ کۆبانێ، لەکاتێکدا هێزێکی کوردی بەرگری لەکۆبانێ دەکردم کە بەپێی تێگەشتنی جیهان بەشێک بوو لەهاوپەیمانی ئێران – بەشار ئەسەد.

بارزانى پێگەى سياسى لەناوچەكە هەيە، سروشتى پەيوەندييەكان و سەرداوى بابەتەكان هەمووى بەدەست بارزانييەوەیە، وەك دەریشدەكەوێت زۆربەى لايەنە سياسيەكان درك بەو راستییە دەكەن.

هەروەها هۆكارى نێودەوڵەتى وئيقليمى رۆڵى لەمانەوەى بارزانى دەبێت، بۆ نموونە كاتێك ئۆباما رەخنەى ئەوەى لێ گيرا نەيتوانيوە پاڵپشتى سوريا بكات؟ وەڵامى ئەوە بوو، كەكەسێكى ئيعتراف پێكراو لە ئۆپۆزسيۆنى سوريا نەبووە تا مامەڵەى لەگەڵ بكات، ئەو وتەیەی ئۆباماش ئەو راستییە دەخاتەڕوو، کە ئەوەی وایکرد پشتیوانی جیهان بۆ کوردستان بەدەستبێت، پێگەی سیاسی و کەسایەتی بارزانییە.

کەوایە دیسان ئەو پرسیارە دێتە ئارا، ئایا نەمانی بارزانی لەسەرۆکایەتی هەرێمدا، کێشە بۆ گەمەی سیاسی ئێستای هەرێم لەسەر ئاستی جیهان دروست ناکات؟ ئایا کەسێک کەدێتە جێی بارزانی ئەو کەسە متمانە پێکراوە دەبێت، کە ئۆباماکانی جیهان، جیای بکەنەوە لە سەرکردە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ؟ ئایا دۆخی کوردستان هێندە دۆخێکی جێگیرە ریسک بە پرسێکەوە بکات، کەپەیوەندی بەپشتیوانی جیهان و پێگەی هەرێمەوە هەیە لەسەر ئاستی دونیا؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com