بۆچوونی منیش لەمەڕ ئەو قوتابییەی ئازاری دەروونی ئەدەن

0

بۆچوونی منیش لەمەڕ ئەو قوتابییەی ئازاری دەروونی ئەدەن

حەمەڕەشید هەرەس

Hemereshid.heres@yahoo.ca

چەند رۆژێکە نووچەنێتی خۆشەویست، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لەسەر سایتەکەی داناوە و هەر زوو چاوم لێکرد و هەندێک تێڕامام، بۆچوونی تایبەتیی خۆمم لا دروست بوو، بەڵام هیچم لە سەر نەنووسی! بۆ؟ چونکە منیش وەک مامۆستایەکی دێرین بۆچوونێکم هەیە، لەوانەیە زۆر جیاواز بێت لەو بۆچوونانەی ئەو هێژایانەی لە سەریان نووسیوە، من ناتوانم نەڵێم ئەو بینراوە سۆزهەژێنەر نیە، هەروەها ناشتوانم بڵێم ئەو مامۆستایە هەڵەی نیە، بەڵام ئەوندەی هەڵەی مامۆستاکەیە سەد ئەوەندە هەڵەی سیستەمی پەروەردەیە. راستە ئێستا من لە هەندەران ئەژیم و ئەو شێوازی هەڵسوکەوتە لەگەڵ مناڵی ئێرەدا کفرە و ئەگەر شتێکی وا روو بدات ئەو مناڵە تا ماوە بیمەی رۆحسووتانی خۆی وەرئەگرێت، ئەو ئازارەی بۆ قەرەبوو ئەکرێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەو سیستەمەی ئەوێ و ئێرە ئاسمان و ریسمانی بەینە، تۆ وەرە سەیرکە مامۆستایەکی گەنجی خەڵکی هەولێر چوار سەعات بە ئوتومۆبیل تا ئەگاتە گوندێکی دوور، هیچ دەروویەک لە کوێرە گوندێکدا شک نابات، ئەوەی تەنها دڵی خۆش ئەکات ئەوەیە هەموو رۆژێك خۆی بکات بەو زیندانەدا کە ناوی قوتابخانەیە و مناڵی نەتەوەکەی فێری زانین بکات، چەند ناخۆشە مناڵ بە گوێی مامۆستا نەکات و ئەرکەکەی ماڵەوە جێبەجێ نەکات، جارێک دووان سیان دە، ئاخر مامۆستاش ئەیەوێت بەرهەمی رەنجی خۆی ببینێت، مامۆستا هەیە گوێ ناداتێ و ساڵەکەی ئەباتە سەر، هەیشە ئەیەوێت بەرهەمێکی هەبێت، ئەوە کۆمەڵگاکەی ئێمەیە، زۆربەی مناڵەکانمان ترسی نەبێت روو لە فێربوون ناکات، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە ئەو شتانە بە لای مناڵی ئێمەوە ئاسایین چونکە لەگەڵ توندوتیژیدا راهاتوون، ئەو دەچێتە ماڵەوە خێزانەکەی بەرامبەری توند وتیژە، لە دەرەوە برادەرەکانی توند و تیژن، ژیانەکەشی، دەوروبەر و شوێنەوارەکەشی هەر فێری سەختی ژیانیان ئەکات، ئێمە کاتێک ئەتوانین رەخنە لەو مامۆستایە بگرین، کە هەموو پێداویستییەکانی ژیان بۆ قوتابی و بۆ مامۆستاش دەستەبەر کرابێت، لە بەر ئەوە ببینن چەند ئەو بینراوە بەلای باوکی قوتابییەکەوە ئاسایی بووە و هیچ داوایەکی نیە لە مامۆستاکە، خەڵک لە تێری قسە دەکات، من کاتی خۆی بە دەگمەن ئەگەر ئازاری قوتابییەکم دابێت، رووم ئەکردە پەنجەرەکە لە تاو دەردی ئەم کۆمەڵگایە و دەردی خۆم بە دزیی قوتابیەکانەوە ئەگریام.

رۆژێکیان لە لەندەنی بەریتانیا، چووم بۆ کەبابخانەیەکی کوردی نان بخۆم، لە نیوەی نانخواردنەکەدا بووم ئەو کوڕەی خزمەتی ئەکردین وتی: مامۆستا تۆ مامۆستام بوویت، من زۆرم تۆ خۆشئەوێت هەرچەندە جارێکیش ئازارت داوم. منیش وتم: دەستم بشکێت برا جوانەکەم، باوەڕ بکە ئازاری خۆم زیاتر بووە، ئەوە ئیتر نانیشم پێ ناخورێت، هەر چەند پەشیمان بووەوە من سەریم ماچکرد و نانەکەم جێهێشت و هەستم کرد زۆر تاوانبارم، دە ئێستاش ببمەوە مامۆستا ناچارم بە خۆشی، بە ناخۆشی، بە سزا، نەک سزای پڕ ئازار،  بە هەرچی رێگایەک بێت بتوانم قوتابی فێر بکەم، ئاخر زۆر جار دایک و باوکیش ناچارە هەندێک توندی بەرامبەر جەرگەکەی خۆشی بەکار بهێنێت.

من ناڵێم ئەو مامۆستایە شتێکی باشی کردووە، بەڵام با بە زیادە رۆییشەوە سەیری دیاردەکە نەکەین، بەڕاستی ئەوەی کاریگەریی کردۆتە سەر بینەر، ئەو دەموچاوە سۆزاوییەی ئەو مناڵەیە، لەو باوەڕەدام ئەگەر مناڵێکی تر بوایە بەو شێوەیە کاریگەر نەبوایە، بە هەر حاڵ ئەگەر من بەرێوەبەری ئەو قوتابخانەیە بوومایە، مامۆستاکەم بانگ ئەکرد ئەمووت: چۆن دڵت دێت ئاوا لەو بیتاوانە بکەیت؟ لەو باوەڕەدا بووم مامۆستاکە ئەیوت: بەخوا ناچارم بیترسێنم زۆرم بە قسەی خۆش پێووتوە با کەس شتت بۆ نەنووسێتەوە، سوودی نەبووە، بۆ ئەوەی لەمەولا متمانە بە خۆی پەیدا بکات ناچار ئەو کارەم کرد خۆیشم پەشیمانم.

من لە کۆتاییشدا ئەڵێمەوە مامۆستاکەش و قوتابییەکەش هەردوو قوربانی سیستەمێکی پەروەردەیی کەفتەکارن، بە هیوای دابین کردنی ژیانێکی جیاوازی شیاوی پەروەردە کردن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com