کورد لە عێراق چۆن لە حەشدی شەعبی بروانێت؟
رامان مەجيد فەقێ
لەدوای ئازادکردنی عێراقەوە، بەردەوام لێرە و لەوێ دەبینین و دەبیستین ،ھێزی جۆراو جۆر ی چەکدار دروست دەبێت. لە کاتی بوونی قەیرانی سیاسی، یان سەربازی لەم ولاًتەدا، ھەمیشە ھێزی چەکداری نوێ خۆی قوت دەکاتەوە.
ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە عێراق سیستەمێکی سیاسی و سەربازی تۆکمەی نیە بۆ پارێزگاریکردن لەسیادەی وڵات.
بەڵکو ھەمیشە جۆرێک لە زاڵ بوونی هێزی تائیفی لەم وڵاتەدا بوونی هەبووە و لەسایەیاندا خەڵک ھەست بەمتمانە و ئارامی ناکات ،ئینتیما و متمانە و خۆشەویستی بۆ ئەم ھێزە لاوازە، هاوڵاتی پێی وایە ناتوانن پارێزگاری لەسەروەری عێراق بکەن و لەدوژمن بیانپارێزێت، چونکە وەک ھێزێکی بێ لایەنی نیشتمانی دەرناکەون و مامەڵە ناکەن.
ھاتنی داعش باشترین دەرخەری ئەو راستیە بوو، کە لەگەڵ ھێرشەکانیان بۆ سنوورەکانی عێراق مەنزومەی بەرگری (پۆلیس و ئاسایش و سەرباز)ی عێراق نەیتوانی پارێزگاری بکات، ناچار مەرجەعیەتی باڵای شیعە فەتوای دروست کردنی حەشدی شەعبی دا.حکومەتی عێراقیش لەرێگەی پڕچەککردن و دابین کردنی بودجە لەمیزانیەی ساڵی ٢٠١٥ وەکو جۆرێک لەھێزی نیمچە رەسمی ناساندی.
بەڵام پێویستە حکومەتی عێراق لەچوارچێوەی مەنزومەی بەرگری و بەشێوەیەکی رێکخراو و بێ ئەوەی ھیچ بۆنێکی تائیفی و نەتەوەیی لێ بێت جێگایان بۆ بکاتەوە. چونکە گەر وا نەکات (لەکاتێک دا عێراق خۆی لەلێواری شەری تائیفی دایە)، ئەوا ئەو ھێزە بەو شێوەیە دەبێتە سەرەتای ھەڵگیرساندنی ئەو ئاگری شەڕە تائیفیەی کە کوژانەوەی زەحمەتە، ئەم شەڕەش وا دەکات عێراق تووشی لێک ترازانێکی تەواوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت جوگرافیش بکاتەوە.
بۆيە پێویستە بە ووردی و ھەستیاری و ژیریەوە مامەڵە لەگەل ئەو دۆسیەیە بکرێت، بەجۆرێک سەرباری سوودەکانی لەبەرگریکردن لەخاکی عێراق، بەڵام دواڕۆژ عێراق تووشی ماڵوێرانی نەکاتەوە کە لەوانەيە جياوازی کاريگەريە خرپەکانی لەگەڵ کارەساتی داعش زۆر کەم بێت، بۆ رێگریکردن لەم ئەگەرانەی کە زۆربەی لایەنەکان ترسیان لێی ھەیە ،پێویستە:
١-بەجۆرێک پەروەردە و ئاڕاستە بکرێن، کە ئینتمای نیشتمانی، لەسەرووی ھەموو ئینتماکانی ترەوە بێت.
٢-ھێزەکان بخرێنە چوارچێوەی ھێزی پاراستنی شارەکان و لەژێر فەرمانی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگادا بێت.
٣-لەسەرئاستی عێراق نەبێتە ھێزێکی میلیشیایی و ھەڕەشەکەر و گورز وەشێن.
٤-دڵنيای ئەوە بدرێت لەشەڕی مەزھەبی و تائیفی و نەتەوەیی بەکارنەھێنرێن.
٥- لەدوای نەمانی ترسی داعش لەوڵات، بەجۆرێک لەجۆرەکان ھەڵوەشێنرێنەەوە، یان لەناو سوپا و دامەزراوە سەربازیەکانی تر بتوێنرێنەوە.
٦-نابێت ببێتە جێگرەوەی ھیچ ھێزێکی چەکداری تری وڵات.
ئەگەر ئەوانەی باسمان کرد ترسی لایەنی عێراقیەکانی بێت، ئەوا بۆ کورستان زیاتر جێگەی ترس و نیگەرانی و گومانە و پێويست دەکات زيادتر بە دوای جێگير کردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە بن، چونکە بەدرێژایی دروست بوونی حکومەتەکانی عێراق ھەمیشە ھێزی چەکداری عێراقی بۆ سەرکوتکردنی کوردستان و خەڵکەکەی بەکارھێنراوە، چ جای ھێزێکی نا رێکخراوی تائیفی؟
بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، خاوەنی یەک گوتار و یەک دەنگ بن و ھاوبیربن لە مامەڵەکردن و پەیوەندیان بەم ھێزانەوە و تۆکمەکردنی سەرنگەرەکانی پێشەوەو نەھێشتنی ھاتنە ژوورەوەی ھیچ ھێزێکی دیکە، جا چ حەشدی شەعبی بێت، یان ھەر ھێزێکی تری عێراق، مەگەر بە رێککەوتن و بە پێی پێویستی، وە ھەوڵ بدرێت بابەتی حەشدی شەعبی لەچوارچێوەی عێراقیەوە سەیربکرێت و لەم چوارچێوەیە ھەوڵوێستی لەبارەوە دەرببڕدرێت. پیشتیوانی لەھەموو ئەو ھێزانەش بکرێت لەعێراق، کە داوای لەچوارچێوە دانان و سنووردارکردنی ئەم ھێزانە دەکرێت بۆ ئەوەی نەکرێتە بابەتی کێشەی نێوان کورد و عەرب.