نووسه‌رێكى ئیسلامى: ده‌كرێت ئيمام ئه‌بوبه‌كرى سدیقیش هه‌ڵه‌ى كردبێت

0

رۆشنبیر و نووسه‌رانى ئیسلامى: داعش سوودى له‌كه‌لتورى ئیسلام بینیوه‌ نه‌وه‌ك خودى ئیسلام

نوچه‌ نێت، تایبه‌ت
له‌ دیبه‌یتێكدا كه‌سایه‌تى و رۆشنبیرانى ئیسلامى پێیانوایه‌ داعش سوودى له‌كه‌لتوورى ئیسلام بینیوه‌ و نه‌ خودى ئیسلام، نوچه‌ له‌و دیبه‌ته‌ ئاماده‌ ده‌بێت و قسه‌كانى ئه‌و رۆشنبیرانه‌ لێره‌دا ده‌گوازێته‌وه‌ یه‌كێك له‌و رۆشنبیرانه‌ى ئیسلامى ده‌ڵێ” مێژووى ئیسلام مێژووى به‌شه‌ریه‌ته‌ ده‌كرێت ئه‌بوبه‌كرى سدیقیش هه‌ڵه‌بێت”.

به‌مه‌به‌ستی چۆنیه‌تی رێگه‌گرتن له‌فیكری توندره‌وی و په‌رگیری و كرده‌وه‌ توندره‌ویه‌كانی داعش و هاوشێوه‌كانی هه‌روه‌ها وشیاركردنه‌وه‌ی تاكی كورد له‌وجۆره‌،كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام رۆژی شەممە دیبەتێكی بەناونیشانی(بەرەو پێكەوە ژیانێكی هێمن و دور لە پەڕگیری و توندوتیژی)بۆ رۆشنبیرانی ئیسلامی و زانایانی ئاینی و له‌هۆتێل چوارچرا له‌شاری هه‌ولێر سازكرد كە نوێنەری ماڵپەڕی نوچەنێتیش بەشداری سیمینارەكەبوو.

سه‌لیم شوشكه‌یى: داعش سوودى له‌ كه‌لتوورى ئیسلام بینیوه‌

سەلیم شوشكەیی، مامۆستاى ئایینی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی وتی”ئەوەی ئێستا داعش و هاوشێوەكانی داعش دەیكەن ئەوەندەی كە خزمەت بە مەدی شیعی و ویست و خواستی رۆژئاوادەكات بەهیچ شێوەیەك خزمەتی بە ئیسلام نەكردوە“.

هه‌روه‌ها وتیشى”بەپێ ئەو لێكوڵینەوەی لەپەرلەمانی عێراق لەسەر داعش كراوە هەموو ئەو كەسانەی كە چونەتە ناو داعش لەجیهانی ئیسلامی لەو وڵاتانەوە چوون كە حوكمێكی دیكتاتۆری هەبوەو ئازادی تێدانەبووە لەوڵاتێكی وەكو تونس 12 هەزار كەس چوەتە ناوداعشەوە،دواتریش ئەو وڵاتانەی بەناوی ئیسلامەوە ستەم لەگەلی خۆیان دەكەن وەكو سعودایە كە 11 هەزار كەسی چوەتە ناوداعشەوە،خۆشبەخاتانە لەكوردستان كەمترین كەس پەیوەندی بەداعشەوە كردوە بەپێ ئەو لێكۆڵینەوەیە كە ناگاتە 500 كەس“.

شوشەكی پێیوایه‌ داعش توراسى ئیسلامى بۆ خۆى ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ و ده‌ڵێ”نابێت توراسی ئیسلامی بەعەقیدە وەربگیرێت،ئەوەی ئێستا داعش دەیكات لە توراسی ئیسلامیدا بەڵگەی هەیە،داعش هیچ كەسێكی نەكوشتوە ئیلا گەراوە لەتوڕاسەكەدا بەڵگەیەكی هێناوەو لەگەڵی داناوە. بۆیە دەبیت خوێندنەوەیەكی جوان و نوێ لەلایەن مامۆستایانی ئایینیەوە بكرێت و ئێمە ناكرێت بەچاوی مردوەكانەوە دەقەكان بخوێنینەوە“.

ئیدریس كارتى: سعودیا وئێران له‌سه‌ر خوێنى وڵاتان ده‌ژین

هەر لەو سمینارەدا ئیدریس كاریتانی، ماموستاى ئایینی و زانكۆ،باسی لەوەكرد”وروژاندنی ئەو بابەتە زۆر درەنگە بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێك كە لەتاسەیه‌ك بدات و ئەوكات ئیستاپ بكات هیچ سودی نابێت“.

وتیشی”ئێران و سعودیە دیارترین دەوریان هەیە لەو سینارۆیەی كە ئێستا لە جیهانی ئیسلامیدا دەگوزەرێت،ئەو دوو وڵاتە لە سەر خوینی وڵاتان دەژین، سعودیە بەئاسانی دەتوانێت هەموو سونەی عێراق بەكار بهێنێت و وەبەكاریشی هێناوە لە رێگەی چەندان فتوا،وەسعودیە ژینگەیەكی باشی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بۆ دروست بوونی داعش رەخساندوەو وەهەموو هاوكاریەكەش لەلایەن ئەو وڵاتەوە پێشكەش بەداعش دەكریت“.

ئەو زانا ئایینیە راشیگەیاند”مێژووی ئیسلامی فەهمی بەشەریەتە و هەتا دەكرێت ئیمامی ئەبوبەكر كە لەدوای پێغەمبەر كەس لەو گەورەتر نییە هەڵەی كردبێت“.

كاریتانی رونیشیكردەوە”ئەمریكا دەعمی هەمو ئەو رێكخراوە توندڕەویانە دەكات و پشت لەهەموو ئەو رێكخراوە ئیسلامیانە دەكات كەمیانەرەون و كەنارگیریان دەكات“.

وتیشى ”ئێمە وەكو مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بەكاری خۆمان هەڵنەستاوین و ئەوەی بەقسە دەیڵێن بەكردوە نەمان كردوە هەموو كاتێكیش دوومەتر خراپەكان لەخۆمان دوردەخەینەوەو بەسەر كەسێكی تری دا دەدەین لەكاتێكدا خۆمان بەپەلەی یەكەم لەوبوارە تاوانبارین“.

عه‌بدوڵڵا وه‌رتى: مێژووى فقهى ئیسلامى پڕه‌ له‌هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌
هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ر عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان،لەمیانەی وتەكانی رەخنەی توندی لەحیزبە ئیسلامیەكان گرت و وتی”بابەتی داعش بەنسبەتی ئێمەی ئیسلامی بابەتیكی هەستیار و گرنگە،بەڵام بەداخەوە ئیسلامیەكانی كوردستان هەمیشە لەمەیدانەكەدا بەجێ دەمینن و دوای روداوەكان دێنە سەرخەت. ئێمەی ئیسلامی ئەمرۆ لە هەرێمی كوردستان لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژووی زۆر گەورە داین بەسیفەتی ئەوەی ئەمرۆ كە هیرش دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان و روبەرومان بوەتەوە هەڵگری فیكریكی ئیسلامییە“.

وتیشی”مێژوو رەحم بەهیچ كەسێك ناكات،ئەمڕۆ هێزە ئیسلامییەكان مەیدانێكی گەورەیان لەبەر دەسدایە بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتێكی گەورە پێشكەش بەنەتەوەی خۆمان بكەین“.

عەبدوڵڵا وەرتی راشیگەیاند”مێژو و فیقهی ئیسلامی پڕە لەهەڵەی گەورە بۆیە پێویستە ئەو مێژووە و ئەو فیقهە ئیسلامیە مەسحێكی جدی بكرێت و دراسەتێكی جدی لەلایەن كەسانی پسپۆڕ لەسەری بكرێت“.

وتیشی”پێویستە هەموو هێزە ئیسلامییەكان و كەسانی پسپۆڕ كۆنفڕانسێكی گەورە ئەنجام بدەن و هەر هیچ نەبێت فتوایەك دەربكرێت كە كاركردن لەگەڵ داعش و پێوەندی كردن پێیەوە حەرام و دروست نییە“.
جه‌عفه‌ر گوانى: شه‌ڕى داعش واجبه‌
هەروەها مامۆستا جەعفەرگوانی، ماموستاى ئایینی و وتەبێژی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان،لەمیانەی وتەكانی رایگەیاند”كە شەری داعش واجبە چونكە داعش هیرش دەكاتە سەر نیشتیمان و خاك و وڵات و ناموسی هاوڵاتیان“.

وتیشی”ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنێن كەمەنهەجێكی هەڵەمان هەبووە چ لە خیتابی ئیسلامی چ لە وتار لە دروستبوونی ئەو توندڕەویە“.
ئه‌حمه‌د وه‌رتى: توندڕه‌وى په‌یه‌وه‌ندى به‌ شه‌ڕى مه‌زهه‌بى هه‌یه‌
هەروەها د.ئەحمەد وەرتی،چاودێری سیاسی و روناكبیری ئیسلامی،لەمیانەی وتەكانی وتی”یەكێك لەمەسەلە و گرفتە هەرە گرنگەكانی ئەمرۆی جیهانی ئیسلامی بریتیە لە توندڕەوی و پەڕگیڕی ئایینی،رژێمە سەركوتكەرەكان و عەلمانییەكانی جیهانی ئیسلامی هۆكارەكی سەرەكین بۆ دروست بونی توندڕەوی لەجیهانی ئیسلامیدا“.

ئەو چاودیره‌ وتیشی”دیاردەی دەمارگیری مەزهەبی لەناوچەكەدا نابێت نادیدە بگرین یەكێك لە هۆكارەكانی پەڕگیری بریتییە لە دیاردەی پەڕگیڕی توندڕەوی مەزهەبی لە جیهانی ئیسلامیدا،توندڕەوی مەزهەبی شیعە بەرامبەر سوننە یەكێك بوە لە هۆكارەكانی دروست بوون و هاتنی بۆ ناوچە سوننەكان“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com