هه‌ڵوێستی كورد له حه‌شدی شه‌عبی
زانا سعید ڕۆستایی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق
دوای سیاسه‌ته تایفیگه‌ریه‌كانی نوری مالیكی، له به‌رامبه‌ر گشت پێكهاته‌كانی عیراق به تایبه‌تی پێكهاته‌ی سوننه و مامه‌ڵه نادادپه‌روه‌ریه‌كانی وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كورد وسوننه و چه‌ند لایه‌نێكی شیعه و به سیاسیكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وتۆمه‌ت دروست كردن بۆ نه‌یاره سیاسیه‌كانی، سه‌ره‌نجام و له كاردانه‌وه‌دا عیراق دوو چاری چه‌ندین قه‌یران بووه‌وه، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و خۆپیشاندان و كاری تێكده‌رانه و په‌ره‌سه‌ندنی گروپه چه‌كداره‌كان گه‌شه‌یان سه‌ند.
یه‌كێ له‌و گروپانه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام ناسراو به داعش كه زۆربه‌ی چالاكیه‌كانی له ناو سوریا ئه‌نجام ده‌دا و به‌شێكی چالاكیه‌كانی له عیراق بوو.
هاتنی داعش بۆ عیراق
دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سوریا و هاوپه‌یمان و دۆستی مالیكی، گوشارێكی زۆری خرایه سه‌ر له لایان گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه ، به پێی پیلانێكی ئیقلیمی و به هاوكاری نوری مالیكی، كارێكی واسازكرا كه گوشار له‌سه‌ر سوپای سووریا كه‌م بكرێته‌وه و هێزه‌كانی داعش به‌ره‌و عیراق ڕابكێشرێن، ئه‌ویش به سێ ئامانج:
یه‌كه‌م : هاوكاری كردنی به‌شار ئه‌سه‌د.
دووه‌م : لێدانی ناوچه سووننه نشینه‌كان و كاولكردنی و سه‌رشۆڕكردنی ڕكابه‌ره سیاسیه‌كانی سووننه، وه‌كو ئوسامه نوجه‌یفی.
سێیه‌م : په‌لكێشان و په‌ره‌پێدانی گروپه چه‌كداره شیعیه‌كان و ده‌ست گرتنیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری عیراق دا، وه‌ك ده‌وروبه‌ری به‌غدا و سه‌مه‌ڕه و دیالی.
ڕاگه‌یاندنی جیهادی كیفائی شیعه
دوای ئه‌وه‌ی پلانه‌كه سه‌ری گرت و داعش به كاتێكی كه‌م، ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی به ده‌ست هێنا، له ڕووی خاك و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار و سه‌لا حه‌دین و به‌شێك له دیالی، دوو ئامانج لەو ئامانجانەی باسکرا بەدی هاتن وەک :
- به‌ره‌ی شه‌ڕ له به‌رامبه‌ر سوریا هێمن بوه‌وه.
- ناوچه سوننه نشینه‌كانی عیراق كه‌وتنه به‌ر ده‌ستی داعش و زیاتر له یه‌ك ملیۆن هاوڵاتی سووننه ئاواره بوونه هه‌رێمی كوردستان، سه‌ركرده سوونه‌كان تووشی نوشوسته‌یه‌كی گه‌وره بوون.
بیانووش په‌یدا بوو بۆ ئامانجی سێیه‌م ئه‌وه‌بوو مالیكی په‌نای برده به‌ر مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف، داوای كرد فریای سوپای عیراق بكه‌ون به تایبه‌تی كه‌مه‌ترسی كه‌وته سه‌ر دیالی و سامه‌را و به‌غدا.
مه‌رجه‌عیه‌تیش فه‌توای جیهادی كیفائی ڕاگه‌یاند و داوای كرد، گه‌نج و پیری شیعه ده‌ست بده‌نه چه‌ك و خۆیان ڕێك بخه‌ن و به‌رگری له مه‌رقه‌د و پیرۆزیه‌كانیان بكه‌ن، به‌م جۆره ده‌یان هه‌زار كه‌س و ده‌یان گروپ و میلیشیا گه‌شه‌یان كرد، به پشتیوانی ئیقلیمی و ده‌وڵه‌تی عیراق و مه‌رجه‌عیه‌ت كه‌وتنه جموجۆڵ، مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانیش بوودجه‌و چه‌ك و زه‌خیره‌ی عیراقی خسته خزمه‌تیان، له سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌سته‌یه‌ك پێكهات به ناوی (ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی)، ئه‌م میلیشیا و گروپانه بوونه حوكمڕانی ڕاسته‌قینه له‌شه‌قامه‌كانی به‌غدا و پارێزگا گه‌رمه‌كان و به‌ده‌ر له یاسا بگرو بكوژ به‌خۆیان بوون.
ئیتر ئه‌وه‌ی داعش نه‌یكردبوو به ناوچه‌کەو خه‌ڵكی سووننه، ئه‌وا حه‌شدی شه‌عبی ته‌واوی ده‌كرد، وه‌كو گرتن و رفاندن و كوشتن و ده‌ركردن، له‌سه‌ر ماڵ و حاڵ و ته‌قاندنه‌وه‌و تێكدانی ڕه‌ز و باخ وچه‌ندین ڕه‌فتاری تر.
هاتنی داعش به‌ره‌و سنوره‌كانی هه‌رێم
له سه‌روبه‌ندی ناكۆكیوكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر ده‌می مالیكی له‌سه‌ر بودجه‌و نه‌وت، هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌ڕان به دوای چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر ئاستی به‌رپرسه باڵه‌كان، باس وخواسی سه‌ربه‌خۆیی و ڕاپرسی و جیابووه‌نه‌وه له عیراق بڵاوبوه‌وه، بۆ له باربردنی ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌رێمی كوردستان و بێ ئومێدكردنی كورد له باسی سه‌ربه‌خۆیی پلانه ئیقلیمیه‌كه هه‌رێمیشی گرته‌وه و شه‌ڕی داعش و هێرشه‌كانی له چوون به‌ره‌و به‌غدا ڕاگیرا و به‌ره‌و هه‌ولێر و كه‌ر كوك و سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولا ئاڕاسته كرا، كورد چۆن توشی ئه‌م شه‌ڕه كرا؟ ئه‌و باسه‌ش زۆری ده‌وێت، له‌م وتاره جێی نابێته‌وه ، به‌هه‌ر حاڵ مالیكی و ئه‌و هێزانی له پشت مالیكیه‌وه‌ن ویستیان ده‌رسێكیش بده‌نه هه‌رێمی كوردستان، كوردیش ده‌سته‌مۆ بكه‌ن مه‌ترسیه‌كه‌ش زۆر گه‌وره بوو، به‌ڵام ململانێی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به سوودی كورد ته‌واو بوون، كاتێ هاوپه‌یمانان وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له دوا ساته‌كاندا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كرد و له‌مه‌ترسی داعش پاراستیان.
حه‌شدی شه‌عبی و كورد
ئێستا حه‌شدی شه‌عبی هاوشێوه‌ی سوپای په‌سیجی لێهاتووه كه له ئێران هه‌یه، به جۆرێك به‌هێزتره له سوپای عیراق و پۆلیسی ئیتیحادی، له شه‌ڕه‌كان له دژی داعش قوربانی زۆری داوه، ده‌وڵه‌تی عیراقی ناچار كردووه حیسابی تایبه‌تی بۆ بكات، سه‌ركه‌وتنی باشیشی به ده‌ست هێناوه، ئه‌وه‌ش زیاتر مه‌غروری كردووه ، به تایبه‌تی پێكهاته‌ی حه‌شدی شه‌عبی زیاترله گروپه توند ڕه‌وه‌كانی شیعه پێك هاتوون كه‌په‌روه‌رده كراون و گۆش كراون به ڕق و کینه به‌رامبه‌ر مه‌زهه‌بی سوونه و كورده سووننه‌كان، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتێكی عروبی شۆڤێنی كه له‌ناو ده‌وڵه‌تی قانون تا ئێستاش خه‌تێك نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات وچه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌كو(حه‌نان فه‌تلاوی، كازم سه‌یادی، عالیه نسه‌یف، عه‌واتف به‌سرایی)و چه‌ند كه‌سێكی تر، به ڕاشكاوی تۆوی ڕق و كینه به‌رامبه‌ر كورد ده‌ڕێژن.
به‌ریه‌ككه‌وتنی كورد و حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه ده‌ركه‌وت، كه مادده‌ی (140)ی ده‌ستوور ده‌یان گرێته‌وه به تایبه‌تی له كه‌ركوك و دیالی .
له هه‌ندێ شوێن، له كاتی شه‌ڕه‌كان هه‌ماهه‌نگی ده‌كرا له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه، هه‌ر چه‌نده ته‌نها لایه‌نێكی سیاسی كوردستان ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی هه‌بوو له جه‌له‌ولا و سعدیه و خورماتو وگه‌رمیان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كه‌ركوك كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێ دروست ببێت، به تایبه‌تی له مانگی شوباتی 2015 كاتێ لێدوانی دژبه‌یه‌كی به‌رپرسه عه‌سكه‌ری و سیاسیه‌كانی كورد و شیعه ئه‌گه‌ری ئه‌و به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌یان زیاتر كرد .
دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی داعش كێشه له‌سه‌ر ناوچه ئازاد كراوه‌كان دروست ده‌بێت، ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌رێمی كوردستان كه پێشمه‌رگه به خوێن پاراستوونی و ڕزگاری كردوونه‌ته‌وه، ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌ییه جارێكی تر نه‌خرێنه‌وه به‌ر ده‌ستی هێزه عیراقیه‌كان و له ڕووی سه‌ربازی وئیداریشه‌وه بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌یانه‌وێت دوای ته‌واوبوونی ئه‌و شه‌ڕه‌ی داعش پێشمه‌رگه بكشێته‌وه سنووری هه‌رێمی كوردستان و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراق له‌و ناوچانه جێگیربكرێت.
چی بكرێت باشه ؟
بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێك له‌و باره‌وه، كورد پێویسته چه‌ند ڕێوشوێنێك بگرێته به‌ر به‌مجۆره‌ی خواره‌وه:
1-یه‌ك گوتاری و یه‌ك هه‌ڵوێستی دوای ڕاوێژ به‌یه‌كه‌وه‌كردن، سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی .
2-كورد ڕێگر نه‌بێت له دروست كردنی (پاسه‌وانی نیشتیمانی) كه ئێستا پڕۆژه یاساكه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه و بگره به‌شداریه‌كی كاراش بكات له ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وی هه‌رێم، چونكه به دروست كردنی پاسه‌وانی نیشتیمانی، حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیا چه‌كداره‌كان كۆتاییان دێت و ڕه‌وایه‌تیان نامێنێت.
3- دووركه‌وتنه‌وه له لێدوانی توند و وروژێنه‌ر به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، بۆ ئه‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی لێ دروست نه‌بێ و زه‌مینه ساز نه‌بێت بۆ توندڕۆكانی ناو شیعه، كه‌بازاڕ بۆ خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن.
4-مامه‌ڵه‌ی ئینسانی و ژیاریی جوانی هێزی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و عه‌شایه‌ری عه‌ره‌ب و دانیشتوانی ئه‌و ناوچه كوردستانیانه و پێكهاته عه‌ره‌ب و ئاشووری و توركمانیه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌ت گوزاری بۆیان، سه‌رنج ڕاكێشانیان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسیه‌كانیان به مه‌به‌ستی مسۆگه‌ر كردنی پشتیوانیان، بۆ مانه‌وه‌یان له ژێر ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه، ڕۆڵێكی باشی ده‌بێت له‌م پێناوه‌دا .
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم، به یه‌كڕێزی و ڕاوێژ وپلانی زانستی، دوور له ململانێی حزبی، ده‌توانین ئامانجه‌كانی ئه‌م قۆناغه به‌ده‌ست بێنین.