” حەشدی شەعبی هەڕەشەێکی ئاشكرا لەسەر داهاتووی کوردستان دروست دەکات”

0

” حەشدی شەعبی هەڕەشەێکی ئاشكرا لەسەر داهاتووی کوردستان دروست دەکات”

نوچەنێت: سیاسەتەکانی مالیکی بووە هۆی ئەوەی داعش دەستبەسەر ناوچەسونییەکاندا بگرێ، داعش گەشتە سنورەکانی کوردستان و دوای جێگیربوونی پەلاماری کوردستانیدا.

ئێستا داعش بووەتە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی، کەهێزێکی شیعەیە، ئەم هێزە بەرەو سنورەکانی کوردستان دێ، داوای هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ کورد دەکات.

خوێندنەوە چییە بۆ حەشدی شەعبی؟

مەترسی چییە لەسەر سنورەکانی کوردستان؟

بۆ داهاتوو، چاوەڕوانی چی پەیوەندییەک دەکرێ لەنێوان کوردو ئەو هێزەدا؟

ئەگەر لەکوردستان لایەنێک پشتیوانی لەهاتنی ئەو هێزە بکات لەدەرەوەی یەکگرتووی سیاسی کورد، دەبێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە بکرێ؟

خەڵکی کوردستان و رۆشنبیران، چۆن دەتوانن رێگە لەو جۆرە تەعامولە بگرن؟

لەو بارەوە، راو پێشنیار چییە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

رێکار ئەحمەد ، سکرتێری گشتی حزبی رزگاری کوردستان

لێکدانەوەو شرۆڤەکردنی رووداو، کارەسات و پێشهاتەکان خۆیان لەنێو وردبینی و بۆچوونەکاندا دەبیننەوە، مەرجیش نیە کە هەموو شرۆڤەکاران، ئەگەر خەڵکی یەک وڵاتیش بن، لە نێو بازنەیەکدا یەکبگرنەوە، جاری واهەیە لێکدانەوەکە جیاواز دەبێ دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی هاوزمان و هاوناسنامەکانی خۆیەوە. لەم سۆنگەیەوە من پێموایە کە سیاسەتەکانی مالکی هۆکاری سەرەکی نین بۆ دروستکردنی داعش [1] و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سوننەنشینەکان.

لەوەتەی نەتەوەی عەرەب وەک نەتەوەێک بەدیار کەوتووە، خاکی نەتەوەکانی دیکەی داگیرکردووە و لەو کارەیشیدا سوودمەندبووە و پێی گەورە بووە، بیری داعشی لەهەناوی نەتەوەی عەرەبدا جێگیر بووە. راستیێکی حاشا هەڵنەگرتووە کە کات و سەردەمەکان دەگۆڕین، بۆیە هەر جارەی بە ناوێک و لەژێر دروشمێکی دیکەوە خۆی دووپات دەکاتەوە. پێش داعش دەیان رێکخراوی توندڕۆی ئیسلامی دامەزراون، تەنانەت دامەزرێنەرانی داعشیش فرچکیان بەبیری ئەو رێکخراوانەی پێش خۆیانەوە گرتووە، بۆیە ناکرێ سیاستە هەڵەکانی مالکی بکرێن بەهۆکار بۆ دروستبوونی داعش.

باشە پێش داعش، ئەلقاعیدە لە عێراق نەبوو؟

ئایا پێش داعش، زەرقاوی تووندو تیژی و تۆقانی دژ بە خەڵک بەڕێوەنەدەبرد؟

ئایا پێش داعش، هێرش نەدەکرایە سەر ژنان و کچان و سوکایەتیان پێنەدەکرا؟

ئایا پێش داعش، شارەکانی عێراق بەدەست تەقینەوە خۆکوژیەکانەوە هەراسان نەببوون؟

ئایا پێش داعش خەڵکی سڤیل لە خۆڕاوە نەدەکوژران و گیانیان لێنەدەسەندرایەوە؟

کەواتە دروستکردنی داعش نۆژەنکردنەوەی  خەونی پاوانخوازی و باڵادەستبوونی عەرەبە کە بەدرێژایی ١٤٠٠ ساڵی رابردوو، بەردەوام پەلی بۆ کوتاوە.

من کە دەڵێم عەرەب، مەبەستم عەرەبی سوننەیە، چونکە شیعەگەرایی لەسەر دەستی ئیرانیەکان و بۆ بەرگرتن لە پاوانخوازی  و هێرشی عەرەب دروست بووە و مەبەستیشی مانەوەو خۆپارێزی بووە، هەروەها لەو رێیەشەوە هەوڵی گێڕانەوەی رابردووی لەدەستچووی  خۆی دەدات.

سەبارەت بەوەی کە “سیاسەتەکانی مالیکی بووەهۆی ئەوەی داعش دەستبەسەر ناوچە سونییەکاندا بگرێ”، دەڵێم: بەدرێژایی ٩٠ ساڵی رابردوو، سوننەکان لە عێراق فەرمانڕەواو سەردەست و دەستەڵاتداربوون، ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام و بەعس رووخا، واتای رووخاندنی دەستەڵاتی سوننەکان بوو، بۆیە دوای ئەوە شێلگیرانە بۆ گێڕانەوەی دەستەڵاتی لە دەستچوویان تێکۆشاون و کار دەکەن. سوننەکان خۆیان بوون کە ناوچەکانی خۆیان پێشکەش بە داعش کرد، سەرکردەکانی پێکهاتەی سوننەی عێراق بوون کە داعشیان هێنایە موسڵ، گەنج ولاوی سوننەی عێراقن کە چەکداری بۆ داعش دەکەن و بەشێکی زۆری هێزی داعشیان پێکهێناوە. مەلاکانی سوننەن کە بە فتواکانیان پشتیوانی لە داعش دەکەن و لە خەمی بەهێزکردنی داعش دان، بۆیە ئەگەر مالکیش لە حوکم نەبایە و کەسێکی دیکە بووایەو سیاسەتەکانیشی باش بووان،  گومان لەوەدانیە کە سوننەکان ئەو کارەیان هەر دەکرد. ئێستا مالکی نەماوە، ئەوان هەر بەردەوامن و هەوڵی بەهێزکردنی داعش دەدەن.

خۆشاراوەنیە کە هەموو هێزەکانی سوننە، (حزبی بەعس، حزبی عەودە، گروپی نەقشبەندیەکان، شێخی هۆزە عەرەبیەکان و…….) بە نهێنی بەرەیان لەگەڵ داعش پێکهێناو ئەوانیان هێناو شاری موسڵیان پێشکەش بە داعش کرد. هەموومان ئەو لێدوان و راگەیاندنانەمانە لەبیرە کە لەسەرەتای هێنانی داعش بۆ موسڵ، بەعسیەکان و نەقشبەندیەکان و شێخی عەشیرەتەکان دەیانداو جەختیان لەوە دەکردەوە لە چەند سەعاتی داهاتودا شاری بەغداد رزگار دەکەن.

لەبیرمانە کە رەغد سەدام سوپاسی عزەت دووری و حزبی بەعسی دەکرد و دەیگوت، مالکی لەنێو شاری بەغداد لە سێدارە دەدەین!!

سوننەکان بۆیە داعشیان هێنایە موسڵ، تا دەستەڵاتی هەموو عێراق وەربگرنەوە، پیلانەکە لە دوو بڕگە پێکهاتبوو:

یەکەم: گرتنەوەی بە‌غداد.

دووەم: داگیرکردنەوەی هەرێمی کوردستان.

ئیدی بەو هۆیەوە بوو، کە داعش لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان جێگیربوو، دەتوانین بڵێین لەیەکەم هەنگاویدا بەشێکی زۆری خاکی کوردستانیشی کەوتە ژێردەست[2]. لەهەمووی ناخۆشتر بوونی سەرکردەی هەندێ هێزی سوننەبوو لە هەولێر، کە لێداوانی ئاگراویان دژ بە بەغدادو شیعە دەدا. واتە بەشێکی کورد بۆ خۆیشی بە جێگیربوونی داعش لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان نیگەران و دڵتەنگ نەبوو.

ماوەێکی زۆر مێدیاکان باسیان لەو  بازرگانیە کرد، کە لەنێوان داعش و هەندێک کوردی باشوور ئەنجام دەدران، دوایی ئەویش دیزە بەدەرخۆنە کرا.

داعش لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستان جێگیر بوو، کاتێک لە گرتنی بەغداد شكستی هێنا، ویستی بەشی دووەمی پیلانەکەی کە هێرشکردنە سەر کوردستان بوو بەڕێوەببات. ئەوەبوو بەبەرچاوی هەمووانەوە پەلاماری کوردستانی دا. ئەگەر کوردستان سیاسەتی خۆپارێزی هەبووایە، ئایا داعش دەیتوانی هێرش بکاتە سەر شنگال و ئێزدیەکان ئەنفال بکات؟ ئەگەر لەگەڵ جێگیربوونی داعش لە پارێزگای موسڵ و تکریت و دیالە، کوردستان سنوورەکانی خۆی بەڕووی هاتنوچوون و بازرگانی و هەناردەکردنی نەوت لە داعش بگرتبایە، ئایا داعش دەیتوانی ئاوا بە ئاسانی پەلاماری مەخمورو گوێرو زوممار بدات؟ ئەگەر کوردستان رێی لە لێدوانی سەرکردە گڕگرتووەکانی سوننە بگرتبایە، ئایا داعش جورئەتی پەلاماردانی کوردستانی دەبوو؟؟!

لەمەڕ حەشدی شەعبی و هەماهەنگی کورد.

پێموایە بۆ بەرگرتن لە هێرش و پەلاماری داعش و بەمەبەستی خۆپارێزی، شیعەکان حەشدی شەعبی (ئاپۆڕەی میللی)یان دروست کرد، بۆ خۆیان کارێکی باشیان کردوە، لەهەندێ ناوچەدا پێشـمەرگەو سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پێکەوە دژی داعش جەنگاون، بەڵام ئێمەی کوردستانی دەبێ بە گومانەوە لە هێزو توانای حەشدی شەعبی بڕاونین، چونکە دوو دەوڵەتی ناوچەکە، واتە عێراق و ئێران پشتیوانیان لێدەکەن، ئەوانیش لە خەمی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی کوردستاندانین. بۆیە نابێ بەو چاوەی کە لەسەرەتاوە لە داعشمان روانی، ئاوا لە دەستپێکی حەشدی شەعبی بڕوانین، بەڵکو دەبێ بەو چاوەی کە ئێستا لە داعشی دەڕوانین ئاوا لەسەرەتاو لە داهاتووی حەشدی شەعبی بڕوانین و بەرنامەی خۆپارێزی بۆ دابڕێژین. دەبێ رێی نەدەین لە خاکی باشووری کوردستان جێگیر بێ. شەڕکردن دژ بە داعش لەگەڵ حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی دیکە لەبەرژەوەندی هەمووان دایە، بەو مەرجەی هێزەکە بناسین و بەرنامەی یەکلاییکەرەوەمان بۆ خۆپارێزی هەبێ.

حەشدی شەعبی هەمان ئەرکی سوپای میللی هەیە کە بەعس بۆ پاراستنی خۆی دروستی کردبوو. حکومەتی ئێستا عێراق بۆ پاراستنی خۆی حەشدی شەعبی دروست کردووە، بێگومان لە داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتەکانی خۆی سوودی لێوەردەگرێ. حەشدی شەعبی سەرەنجام لاسایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوەو نیزام دەپارێزێ، ئەوەش هەڕەشەێکی ئاشكرا لەسەر داهاتووی کوردستان و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی باشوور دروست دەکات.

بۆ پەیوەندی کوردستان و ئەو هێزە، و ئەگەری مامەڵەی تاک لایەنێکی کورد لەگەڵ ئەو هێزە.

وای دەبینم، لە ئێستاو داهاتوو، کوردستان پێویستی بە پێوەندی لەگەڵ دراوسێ و نەتەوەکانی دیکە هەیە، لەم روانگەیەوە لە ئێستاو لە داهاتوو بەناچاری بێ، یان بەخۆشی دەبێ پێوەندیمان لەگەڵ ئەو هێزەدا هەبێ، بەو مەرجەی بەرژەوەندیەکانی کوردستان بکرێنە ئامانج و لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسایەتی دوور بکەوینەوە. لە رابردوودا بینیومانە کە هێزێک یان لایەنێک گوێی لە خواستی لایەنەکانی دیکەو لە خواستی زۆرینەی خەڵک نەگرتووەو بێباکانە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتێک یان هێزێکی دیکە دروست کردووەو لەبواری سەربازیشدا هاوکاری لەگەڵدا کردووە، بیانوی بۆ پێوەندی و هاوکاریەکان هێناوەتەوەو وای پێشانداوە کە بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتمان ئەو کارە دەکات، بێگومان شانازیشی پێوەکردوەو وەک دەستکەوتێک پێشانی داوە، بەڵام سەرەنجام بە زیانی گشتی نەتەوەو نیشتمان تەواو بووە و بەسەر وڵاتپاریزان رۆشنبیران تێپەڕبووە و مێژووێکی چڵکن تۆمار کراوە، بۆیە ئەگەر مەبەست تۆمارکردنی مێژووێکی پاک و نیشتمانپەروەرانە بێ، دەبێ رێ لەدووپات بوونەوەی رەفتار و هەنگاوی چڵکن بگرین.

مخابن ئێستا سیاسەتێکی یەکگرتووی کوردستانی بوونی نیە، هێزە کوردستانیەکان هاوڕامان و  هاوهەڵوێست نین، زیاتر بەرەو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسایەتی هەنگاو هەڵدەگرنەوە. هەر هەمووشیان پاساو بۆ سیاسەتەکانی خۆیان دەهێننەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەبەر بەرژەوەندی گەل و نیشتمان ئەو کارە دەکەن. بێگومان ئەگەر لە داهاتوودا هێزێک هاوکاری حەشدی شەعبی بکات و بیهێنێتەوە کوردستان، ئەوکاتە بیانۆی بۆ دەدۆزێتەوەو پاساو دەهێنێتەوە و بەسەر گەلدا دەیفرۆشێتەوەو واپێشان دەدا کە بۆ پاراستنی گەل و نیشتمان بە ناچاری ئەو کارە دەکات!!

دوور نیە لەو کاتەدا هەندێک هێزی دیکەش پشتیوانی لێبکەن و فریوی بیانۆو پاساوەکان بخۆن، یان بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی خۆیان و بەمەبەستی سوودی دارایی و سەربازی پشتیوانی لێبکەن، بەڵام لەو کاتەدا ئەرکی رۆشنبیران و وڵاتپارێزان ئەوەیە، کە بوێرانە هەڵوێست وەربگرن، مەترسیەکان بخوێننەوەو راستیەکان بخەنە بەرچاوان، بۆ شکست پێهنانی ئەو سیاسەتە، دەبێ هەم خەڵک هۆشیار بکەنەوەو هەمیش خەڵک هانبدەن تا سەنگەریان لێبگرن.  

پێشنیاری من ئەوەیە :

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەرس و پەند لە رابردوو وەربگرن، گوێ لە خواستی جەماوەر بگرن، بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان بکەنە ئامانج و هەموو شتێک لەبەرژەوەندی تەسکی حزبایەتیدا خڕ نەکەنەوە، پێویستە پێوەندیەکانیان لەگەڵ هێزەکانی دەرەکی لە خزمەت سەروەری نیشتمان دابێ.

چیتر بەچاویلکەی حزبایەتی لە پێشهات و رووداوەکان نەڕوانن و داهاتووی نەتەوەو نیشتمان بەقەدەر نەسپێرن! بۆیە پێشنیار دەکەم کە سیاسەتی هاوێرکاری کۆتا بکرێ، چیتر سیاسەتی “ئەوەی لەگەڵم نەبێ و بە شان و باڵم هەڵنەدا، دوژمنمە” پێڕۆ نەکرێ.

حکومەتی هەرێم دەبێ چاو بەخۆیدا بخشێنێتەوە و لانیکەم دان بەوە دابنێ کە هەندێک لە سیاسەتەکانی شکستیان خواردووەو کاتی لادانیان هاتووە. دەبێ حکومەتی هەرێم واز لە سیاسەتی بێباکی و بێمنەتی بەرانبەر بە  خەڵک بهێنێ، دەبێ مووچە بۆ فەرمانبەران دابین بکات. پێشنیارم ئەوەیە کە سیاسەتی روونکاری و کراوەیی پێڕۆ بکات، تا هەمووی لەدەستدەرنەچووە با بەشێک بۆ ئەو خەڵکە تەرخان بکرێ، سیاسەتی قۆرخکاری و گەندەڵی لە خاڵێکدا کڵۆم بدرێ و بۆی نەگەڕێنەوە. ئەگەر ئەو سیاسەتە پێڕۆ بکرێ زۆر بە ئاسانی رێ لە حەشدی شەعبی دەگیرێ و بوێری ناکات بیر لە هاتن بۆ ناو  خاکی باشووری کوردستان بکاتەوە.

….

[1]   من پێموایە داعش دروست نەبوو، بەڵکو دروست کرا.

[2]  پارێزگای موسڵ  خاکی کوردستانە، چاوپۆشین لە هاتنی داعش بۆ ئەو پارێزگایە  چاوپۆشین بوو لە بەشێکی خاکی کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com