د.فایق محەمەد گوڵپی
پاش داگیرکردنی موسڵ و تکریت و ناوچەکانی تری عراق لە لایەن داعشەوە، بۆ روبەروبونەوەی هێرشەکانی داعش، مەرجەعیەتی شیعە لە عراق داوای لە گەنجانی شیعە مەزهەبی عراقی کرد، چەکی پاراستنی عراق و شێونە پیرۆزەکانی شیعە بکەنە شان و بچنە بەرەکانی شەرەوە و بجەنگن. ئەو بریارەی مەرجەعی شیعە ئەمرۆ لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا بەرجەستە بوە.
حەشدی شەعبی لە شەرەکانی ئازادکردنی جەلەولا و سەعدیەدا لەگەڵ پێشمەرگە بەشداری شەری کرد، ماوەی هەفەتەیەکیشە حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عراق لە شەری ئازادکردنی تکریتدا بەشدارە. دەنگۆی ئەوەش هەیە حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچەی تردا لەگەڵ پیشمەرگە بەشداری شەر بکات، بە تایبەتی ئەو ناوچەو شار و شارۆچکانەی عەرەبی تێدا دەژیت، بۆ ئەوەی شەرەکە نەبێتە شەری نێوان کورد و عەرەب و وەک شەری حکومەتی عراق دژی تیرۆر سنوردار بکرێت.
حەشدی شەعبی لە لایەکەوە هێزێکی میلیشیایی مەزهەبیە و لەسەر بنەمای عەقیدەی مەزهبی شیعە دامەزراوە، لە لایەکی تریشەوە هێزێکی یاسایی حکومەتی عراقە و فەرمیەتی یاسایی وەرگرتوە، بە لای منەوە حەشدی شەعبی لە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێت کە لە سەردەمی شەری عراق- ئێراندا حکومەتی ئێران ئاوای کرد، لەو سەردەمەدا کە حکومەتی ئێران بینی بە ئەرتەشی ئیرانی ناتوانێت شەری سوپای عراق بکات، سوپای پاسدارانی دامەزراند.
سوپای پاسداران لە شەری عراق – ئێراندا رۆڵی کاریگەری هەبو، لە روی سیاسیشەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عراقی پێوەندی سیاسی باشی دروستکرد و بۆ دوای روخانی رژێمی سەدام و تا ئەمرۆش دەوڵەتی ئێران لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە کاریگەری لە سەر سیاسەتی عراق و هەرێم هەیە.
لەم کاتەدا حەشدی شەعبی هێزێکە راستەخۆ دژی داعشی دوژمنی سەرەکی کورد شەر دەکات، بەڵام هەلسوکەوتی هەندێک لە سەرکردەو و بەرپرسەکانی ئەم هێزە لە ناوچە دابراوەکانی کوردستان دژی خەلکی کوردستان و دژی هێزی پیشمەرگە، گەلی کوردی دوچاری دڵەراوکێ و نیگەرانی کردووە.
ئەمە بێجگە لەو هەوڵانەی کە دۆست و لایەنگرانی داعش دەیدەن بۆ ئەوەی نێوانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی تێکبدەن و خۆیان سود لەو ناکۆکیانە وەربگرن.
بەهۆی درستبونی ئەو ناکۆکیانەوە، یان بە هۆی دروستکردنی ئەو ناکۆکیانەوە، لە ناو هەندێک تاک و پێکهاتەی هەرێمی کوردستاندا لێرەو لەوێ دەنگێک بەرزدەبێتەوە و دەڵێت حەشدی شەعبی هێندەی داعش مەترسی بۆ سەر کورد و کودروستان هەیە، وا باشترە کورد هەر لە ئێستەوە دژی دروستبون و گەشەکردنی حەشدی شەعبی بێت.
ئەوەی من دەمەوێت رەئی خۆمی لەسەر بدەم ئەم مەترسی و نیگەرانیەی خەڵکی کوردستانە لەسەر حەشدی شەعبی، ئایا ئەو دڵەراوکێیە راستە و دەبیت بەو شێوەیە باس بکریت؟ یان جۆرێک گەورەکردنی تێدایە بۆ ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی هەندێک لە حزبەکانی کوردستان.
- هۆکاری بابەتی بۆ دروستبونی حەشدی شەعبی، لە لایەکەوە هێرشەکانی داعشە بۆ سەر عراق، وە ئەو ئایدۆلۆجیایەی داعشە دژی شیعە سەفەویەکان، لەگەڵ شکستی سەربازی سوپای عراقە بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش. لەم خاڵەدا کورد بۆی نیە داوا لە شیعە و لە حکومەتی عراق بکات بۆ خۆپاراستن لە شیعە و لە حکومەتی عراق هیزێکی سەربازی وەک حەشدی شەعبی پێکنەهێنێت، ئەوە مافی شیعە عراقیەکانە، کە چۆن و بە چی خۆیان لە هێرشی ئایدۆلجی و سەربازی داعش بپاریزن، بەڵام دەبیت بەرپرسانی کورد لە هەرێم و لە عراق دەربارەی ئامانجەکانی پێکهێنانی حەشدی شەعبی زانیاری و راوبۆچونیان هەبێت.
- لەرابوردودا، لە دروستبونی دەوڵەتی عراقەوە تا ئەمرۆ، ئەو پێکهاتەیەی عراق کە سیاسەتی شۆڤینی و جینۆساید و ئەنفال وکیمیاباران و بە عەرەبکردن و راگواستنی دژی گەلی کورد پەیرەوکردوە و هەوڵی داوە کورد بکات بە عەرەب، ئەوە پێکهاتەی سوننەی عراق بوە، کە ئێستە رێبەرایەتی داعش دەکات، نەک پێکهاتەی شیعەی عراق کە ئێستە لە چوارچیوەی حەشدی شەعبیدا خۆی رێکخستوە، لە رابوردوی عراقدا دیمەنێک نابینی کە پێکهاتەیەکی شیعەی عراق سیاسەتێکی شۆڤینی دژی گەلی کورد پەیرەوکردبێت، بۆیە ئەو هەمو هاتوهاوارەی کە لە هەندێک کەس و لایەنی سیاسی بەرامبەر بە مەترسی حەشدی شەعبی بەرزدەبێتەوە و حەشدی شەعبی دەچوێنن بە داعش نە پاشخانێکی میژویی هەیە نە بەڵگەیەکی فەرمی لەسەرە، نە لەبەرژەوەندی ئەمرۆی گەلی کوردایە، لەبەر ئەوەی ئێستە کورد(پێشمەرگە) لەگەڵ شیعە(حەشدی شەعبی) دژی داعش لە یەک بەرەدا شەر دەکەن، دروستکردنی ئەو هەمو گومانە لە حەشدی شەعبی و باسکردنی لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بەو شێوەیە، خزمەتی شەری دژی داعش ناکات.
- حەشدی شەعبی بوە و دەبێت بە دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتی عراق، لە کاتی دروستبونی هەر کێشەیەک لە نێوان هیزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، ئەو کێشانە بە شیوازی سیاسی و بە بریاری سیاسی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عراقدا چارەسەر دەکرێت. ئەگەر عراق بریاری شەر بدات دژی هەرێم ئەو کات حەشدی شەعبی دژی کورد شەر دەکات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر حکومەتی عراق پیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێم باش بێت و ئیرادەی شەری دژی هەرێم نەبێت، حەشدی شەعبی ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر خاک و خەلکی کوردستان.
- مەترسی کورد لەسەر تەشەنەکردنی داعش لە کوردستان بۆ دو هۆکار دەگەرێتەوە، یەکەم گەلی کورد زۆرینەی موسڵمانی سوننە مەزهەبە، دوەم ئەو عەرەبانەی ئاوارەی کوردستان دەبن زۆرینەیان عەرەبی سوننەن. حەشدی شەعبی هێزێکی شیعە مەزهەبە، لە ناو موسڵمانی سوننەدا گەشە ناکات، بێجگە لە کوردە فەیلیەکان کە ئینتیمایان بۆ مەزهەبی شیعە هەیە و زۆربەیان لە سنوری بەغدا و دەوروبەری دەژین، زۆرینەی زۆری گەلی کورد لە باشوری کوردستان سوننە مەزهەبە و نابێتە شیعە و نابێتە حەشدی شەعبی، بۆیە گەشەکردنی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی کوردستاندا، لە ناو خەلکی کوردستاندا، ئەگەرێکی زۆر لاوازە و مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروستناکات.
- باشترین کار کە هەرێمی کوردستان بیکات بۆ رێگەگرتن لە مەترسی حەشدی شەعبی و مەترسی تر، هاوارکردن نیە لەسەر مەترسیەکانی حەشدی شەعبی، باشترین کار ئەوەیە کورد ببێتە خاوەنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و دیمۆکرات، کورد یەک بگرێت، هێزی پاراستنی خۆی پێشبخات، هیز لە یەکگرتندایە، پێش روداوکان زانیاری بە دەستبخات و بەرنامە دارێژێت بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانی دوژمن و پاراستنی ماف و ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان، واتە باشترین پرۆژە بۆ بەگژاوجونەوەی مەترسی لەسەر کوردستان، پرۆژەیەکە بەرەی ناوخۆی کوردستان بە هێز بکات.