حه‌شدی میللی، بۆمبێكی ته‌وقیتكراو
مەشخەڵ کەوڵۆسی
قسه كردن له حه‌شدی میللی، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ یه‌ك گریمانه كه له‌سه‌ره‌تای هاتنی داعشه‌وه وه‌ك میكانیزمێكی شیكاری به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هاتنی داعش به‌به‌رنامه‌یه، نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی شپرز، ئامانجداره نه‌ك عه‌به‌سی و بێ ده‌ربه‌ست.
ئه‌م پڕنسیپه ئه‌گه‌رچی كه‌مێك به‌تان وبۆنی تیۆری موئامه‌ره ئاودراوه ، به‌ڵام خاڵی نییه له‌ڕاستی. چونكه ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی هه‌ر جومگه‌یه‌كی ململانێكه‌دا، ڕوویه‌كی تری ڕاستی ئه‌و گریمانه‌یه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه. هه‌ر له‌داگیركردنی موسڵ به‌و سیناریۆی كه دیتمان، تاكو داڕووخانی سوپای عێراق له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست، هه‌تاكو ده‌گاته كاردانه‌وه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌كان به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕووداوانه.
هه‌ركام له‌و ڕووداوانه یه‌ك ئه‌وی تری به‌دوای خۆیدا ڕاكێشاوه، هیچ كامیان له‌خۆوه نین و له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆیه جڵه‌وی دۆخه‌كه به‌و جۆره بۆ داعش شل كرا، تاكو كۆمه‌ڵێك ئامانجی جیۆستراتیژی زۆر گرنگ بۆ شیعه‌كان بكه‌وێته‌وه كه‌ده‌توانین به‌م جۆره ئاماژه‌یان پێ بده‌ین:
یه‌كه‌م: سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه له‌هێنانی داعش بۆ موسڵ، بۆ شكاندنی ئه‌و گه‌مارۆ سه‌خته‌بوو، كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر شاری حه‌له‌بی سوریا هه‌بوو. مه‌ترسی ده‌رچوونی ئه‌و شاره له‌ژێر هه‌ژموونی ده‌وڵه‌تی سوریا، ئه‌وه‌ی ده‌هێنا كه‌بۆماوه‌یه‌ك قوربانی بدرێت به كه‌یسی موسڵ. بۆ لایه‌نی سوریا و هاوپه‌یمانه‌كانی شكاندنی ئه‌و گه‌مارۆیه‌و كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی حه‌له‌ب، گرنگییه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی هه‌بوو. بۆیه قایل بوون به‌وه‌ی سازش بكه‌ن له‌به‌شێك له‌سه‌روه‌ری و شكۆی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان له‌به‌غدا، به‌وه‌ی له‌به‌ر داعش هه‌ڵبێن، تاكو موسڵ كۆنترۆڵ بكات و له‌به‌رانبه‌ردا حه‌له‌ب له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی سوریاوه كۆنترۆڵ بكرێته‌وه.
جگه‌له‌وه‌ش، ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌بوو، فشاره‌كانی ئه‌مریكاوڕۆژئاوا له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سوریا نه‌مێنێت و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تریان له ناوچه‌كه بۆ دروست بكرێت. هاتنی داعش بۆ موسڵ، كتومت ئه‌و ئامانجه‌ی پێكا. به‌ته‌واوی سیاسه‌تی ئه‌مریكای خسته‌نێو به‌رداشێكی تێك شكێنه‌ره‌وه. ئه‌وه‌تا ئێستا جگه‌له تێوه‌گلانی ئه‌مریكا له شه‌ڕی داعش له‌عێرقدا، له‌به‌رانبه‌ریشدا ده‌بینین باس له بووژاندنه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌كرێت. واته به‌و هه‌نگاوه شیعه‌كان دوو پاساری قه‌ڵه‌ویان كوشت.
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌ته سووننییانه‌ش كه بوونه‌ته سپۆنسه‌ری كێشه‌ی سووننه له‌عێراقدا به‌گشتی و داعش به‌تایبه‌تی، ئه‌وه گرنگ بوو كه سووننه‌كان ده‌رفه‌تێكی له‌و جۆره‌یان بدرێته ده‌ست. واته هێنانی داعش بۆ موسڵ هه‌ناسه‌دانێك بوو بۆ ئه‌و كه‌فوكوڵه‌ی كه له‌ناخی سووننه‌كاندا هه‌بوو. له‌دژی ده‌سته‌ڵاتی شیعه‌كان. بارگه‌ی توڕه بوونیانی خاڵی كرده‌وه.
ده‌مه‌وێ بڵێم، جوڵانی ڕووداوه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كان به‌وجۆره، به‌به‌رنامه‌یه و حسابی ورد بۆ هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنه‌كان كراوه. له‌نێویشیاندا كێشه‌ی حه‌شدی میللی و ئامانج له‌دروست كردنی.
دووه‌م: گۆڕینی ناوچه سووننییه‌كان بۆ ناوچه‌یه‌كی دا‌غ و جێگه‌ی پێكدادانی چه‌ند مانگه وبگره چه‌ند ساڵه‌ش، چونكه به‌پێی مه‌زنده‌ی ئه‌مریكییه‌كان ده‌ركردنی داعش له‌موسڵ لانی كه‌م سێ ساڵی ده‌وێت. گه‌ر ئه‌و مه‌زنده گیرییه ڕاست بێت. ئه‌وا له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو ژێرخانی ئابووری و ئاوه‌دانی ناوچه سووننییه‌كانه وێران ده‌بێت. له‌كاتێكدائه‌و ناوچانه كه‌مترین داهاتیشیان هه‌یه. وێران كردنی ژێرخانه‌كانی ناوچه سووننییه‌كانیش به‌شێكی تره له‌و ئامانجانه‌ی كه بۆ لاوازكردنی سووننه وسڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ربوونیان زۆر گرنگه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر عێراقیش دابه‌ش ببێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی له‌سه‌ر كه‌لاوه ڕووخاوه‌كانی ناوچه سووننییه‌كان دروست ده‌بێت، ئه‌وه‌نده لاواز ده‌بێت ناتوانێت به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ژێرخانه داڕووخاوه‌كانیدا بگات، نه‌ك به دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته شیعییه‌ی كه‌له به‌غدا به‌رقه‌رار ده‌بێت. ئه‌وه له‌حاڵه‌تی دابه‌ش بوونی عێراقدا.
داڕووخاندنی مرۆڤ وژیرخانی ئابووری و ئاوه‌دانی ناوچه سووننییه‌كان، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی داعش ده‌یكات وئه‌و جه‌نگه‌ی له‌دژی ده‌كرێت، به‌شێكی تره له‌و ئامانجانه‌ی كه هانی شیعه‌كانیدا له‌ئاست هێنانی داعش بۆ موسڵ بێده‌نگ بن.
سێیه‌م: مه‌ترسیدارترین خاڵی نێو سیناریۆكه، بریتی بوو له‌داڕووخانی سوپای عێراق، كه‌ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی به‌ئه‌نقه‌ست بوو. چونكه له‌كاتێكدا سوپا دابڕوخێت. نه‌ك ته‌نها له‌موسڵ، به‌ڵكو له كه‌ركوك و دیاله‌و سه‌لاحه‌دینیش، ئیدی چارچییه؟ ئایا هه‌ر ئه‌وه نییه كه‌هێزێكی وه‌ك حه‌شدی میللی دروست بكرێت؟.
حه‌شدی میللی ئه‌و هێزه‌یه كه شیعه‌كان گره‌وی سه‌ده‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، چونكه چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی گرنگی تێدایه، له‌وانه: هێزێكی شه‌عبه‌وییه، پاڵفته‌ی شیعه‌یه، تاكه ڕایه‌ڵ پێكیان ده‌به‌ستێته‌وه دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیعه‌یه، پشت ئه‌ستوره به فه‌توا و پشتیوانی مه‌رجه‌عیه‌ت له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێن له پێشییه‌وه گلۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكراوه، هێزێكی بێ دیسپلینی سه‌ربازییه و، وه‌ك لافاو هه‌رچی بێته پێشی ڕایده‌ماڵێت وه‌ك له‌ناوچه‌كانی دیاله دیترا….هتد.
هه‌رچی مه‌ترسییه‌كانیشیه‌تی بۆ سه‌ركورد، له‌چه‌ند خاڵیكدا ده‌خه‌مه به‌رچاو:
- هێزێك كه ئه‌وه خه‌سڵه‌ته‌كانی بن كه نوسیمان وئه‌وه‌ش كرده‌وه‌كانی بن كه‌له‌دیاله بینرا، ئایا ئه‌گه‌ر كورد ببێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێكیدا، هیچ سڵێك له‌كورد ده‌كاته‌وه؟ ئه‌بێ له‌به‌رچی سڵ له‌كورد بكاته‌وه له‌كاتێكدا ئه‌و ته‌نها بۆ دابینكردنی هه‌ژمونی شیعه‌كان دامه‌زراوه، نه‌ك ئینتیمایه‌كی نیشتمانی هه‌بێت.
مه‌گه‌ر ته‌نها دروستكردنی هاوسه‌نگی هێز له‌گه‌ڵیدا ئه‌و بیسڵه‌مێنێته‌وه.
- ئه‌گه‌ر كوردستان پارێزراو بووبێت له‌وه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه خه‌رق بكرێت و خه‌ڵكێكی زۆری ئێمه په‌یوه‌ندییان پێوه بكات، به‌حوكمی تایبه‌تمه‌ندی داعش و نه‌گونجانی بیروباوه‌ڕو ڕه‌فتاره‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌لتوری كورده‌واریدا، ئه‌وا كورد پارێزراو نییه له‌حه‌شدی میللی، له‌ئێستادا ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌ندین گه‌نجی كورد په‌یوه‌ندی پێوه كردوون له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی. ته‌نانه‌ت به‌رنامه‌یان هه‌یه حه‌شدی میللی له‌ناوچه كوردییه‌كانیش دروست بكه‌ن. كه‌واته ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه له‌ئێستاوه خه‌رق كراوه.
ده‌بێ حسابی ورد بۆ ئه‌م خاڵه بكرێت.
- هه‌وڵدانی عه‌بادی و لایه‌نه‌كانی تر بۆ جێكردنه‌وه‌ی حه‌شدی میللی له‌ناو سیسته‌می به‌رگری عێراقدا، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بوودجه و خه‌رجییه‌كانی ئه‌و میلیشیایه‌یه له‌داهاته‌كانی عێراق وبه‌خشینی شه‌رعییه‌تی یاساییه پێی. له‌حاڵه‌تێكی واشدا، ئه‌و میلیشیایه به‌پشت به‌ستن به‌پێگه‌ی یاسایی خۆی، ده‌كرێت بۆنمونه داوای هاتن بكات بۆ كه‌ركوك وناوچه‌كانی تر. وه‌ك به‌شێك له‌سیسته‌می به‌رگری عێراق.
- ئه‌گه‌ر هێزێك به‌و خه‌سڵه‌ت وباكگراوند و تایبه‌تمه‌ندی وئامانجانه‌وه، فه‌رمانی پێ بدرێت شه‌ڕی كورد بكات، یان بێته سنوری ده‌سته‌ڵاتی كورده‌وه، ئایا هیچ شتێك هه‌یه به‌ری پێ بگرێت له‌وه‌ی شه‌ڕی كورد نه‌كات؟ له‌كاتێكدا به‌غدا بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك؟ ئایا حه‌شدی میللی نابێته سه‌ره ڕمێكی بێ سانسۆر و بێ دیسپلین بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و مه‌رامه؟ سیناریۆ گه‌وره‌كه‌ش له‌و لێكخشانه‌ی نێوان كورد وحه‌شدی میللییه‌وه ده‌ست پێده‌كات. واته قۆناغی دوای داعش.. قۆناغی لێكخشانی ڕاسته‌وخۆی نێوان كورد وحه‌شدی میللی ده‌بێت.