ئەردەڵان هەڵەبجەیی
لە ڕوانین لە مێژوو دەبینین کە عیراق وڵاتێکی بە زۆر پێکەوە لکێنراوە، ھەریەک لە کورد و پێکھاتەکانی تر خواستی (عیراقی بوون)یان نەکردووە، لە لایەکی تر شیعەو سونە تەنھا ئەو کات عیراقی بوون کە دەسەڵاتی ڕەھایان ھەبوبێت، زیار لە ٨٠ ساڵ عەرەبی شیعە مەزھەب باجی دژایەتی کردنی داگیرکاری بەریتانیایاندا، لە سەرەتای پێکھێنان و دروست کردنی یەکەم دەسەڵات لە عیراق و سوونەکانیش خۆیان گونجاند و وێڕای کەمی ژمارەیان توانیان بۆ نزیکەی سەدەیەک حاکمی عیراق بن، ئەم سەرەتایە بۆ ئەوەنیە بڕۆینەوە بۆ ڕابردوو، بەڵکو مەبەستمە بڵێم، ڕەگی کێشەکان لە کوێدایە، بۆ ئەوەی بتوانین ورد تەواوی تابلۆی سیاسی ببینین.
دوای ئەوەندە ساڵ لە دەسەلاتداری سوننە، دەبێت بزانین کە شیعە ھەروا لە سوننە ناگەڕێت, ئەوەتا کە لەگەڵ ھەڵبژاردن و سەرکەوتنیان له دواى 2005 تا ئيستا, ئەو عەقڵیەتە زۆر خێرا دەرکەوت, ڕەنگە مالیکی کاراکتەری سەرەکی بێت لەو ڕوەوە کە ھەوڵی دا بۆ ھەمیشە بمیَنێتەوە لە دەسەڵات, تەنانەت ئەمریکاش ویستی ھەبوو بۆ مانەوەی مالیکی، چونکە مالیکی وەک ئەوە بوو کە ئەمریکیەکان دەیانویست وەھا بێت پێداگری مالیکی لە ھێشتنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکان لای خۆیی و سەرکوتکردنی سوننە و کوشتن یان کڕینیان, کوردو بەشێک لە شیعەی وەدەنگ ھێنا, ئەگەر ئەم وەدەنگ ھاتنە نەبا ئەوا مالیکی بۆ ویلایەتی سێیەم دەچوەوە لوتکەی دەسەلات لە عیراق.
ھەڵەکانی مالیکی بونە ھۆی دروستبونی ناڕەزایی لە ناوچە سوننیەکان، ھەر زو ھێزێکی وەک داعش توانی لەسەر ئەو ناڕەزاییانە خۆی بکاتە ھێزێکی گەورەو کاریگەر. داعش بەرھەمی مێژووی ناکۆکیەکانی ئەم عیراقە بەزۆر دروست کراوەیە, بگرە کوڕی شەرعی ئەم کۆمەڵگایەیە نەک دروستکراوی دەرەوە.
لە لایەکی ترەوە مامەڵەی مالیکی لەگەڵ کورد وای کرد دەنگە دلێرەکەی ناڕەزایی دژی دەسەلاتەکەی ھەولێر بێت، نەک ناوچە سوننیەکان, لێدوانەکانی بارزانی و خوێندنەوەی پێش وەختەی ڕەفتارەکانی مالیکی لە لایەن بارزانیەوە, تەنانەت ھەندێک سیاسی گەورەو ھێزە کوردیەکانیشی سەرسام کرد, کە زۆرجار ئەو وتانەی بارزانیان بە شەڕی کەسی (شخسی) ناودەبرد. فراوانبونە خێراکەی داعش و پشتگیری زۆرێک لە سوننەکان لەم ھێزە, شیعەکانی خستە جوڵەو تەنانەت ئێرانیشی خستە بازنەی ترسەوە, لەم ترسەوە شیعەی عیراق بە رێنوێنی ئێران کەوتنە دروست کردنی ھێزێک بە ناوی حشدی شیعی(شعبی), بەڵێ حشدی شیعی نەک شەعبی، چونکە لە ڕاستیدا لە وردبونەوە لە جوڵە و ھەنگاوەکانی ئەو ناوە، بۆتە بەرگ بۆی, سوپای عیراق دوای دروست بونی ئەم ھێزە نە ناوی ھەیەو نە وجود, چونکە پێشتر بینیمان لەبەرامبەر داعش چؤن ھەڵھاتن.
لە ئێستادا حشدی شیعی لە جەنگدایە لە بەرامبەر داعش, کوردیش پێیەکانی خۆی لە خاکەکەیدا توند کردووە, لە لایەکی تر حشدی شیعی لە ھەندێک ناوچە کە نفوسی ھێزێکی وەک یەکێتی تێدا زاڵە، بونیان ھەیەو خەریکی مەشق و ڕاھێنانن, تەنانەت ھەندێک جار ئیستفزازی پێشمەرگەو کوردانی ئەو ناوچانە دەکەن, ئەوەیش ڕونە کە حشدی شیعی لە خۆڕا نەھاتوەو لە خۆڕایش لەو ناوچانە نیە, بۆیە زەرورە بە مانەوەو نەمانەوە سەرکردایەتی کورد قسەی جدی خۆی ھەبێت و تا دواتر نەبنە گرفتی گەورە بۆ کورد، چونکە ئەم ناوچانە کوردستانین و ئازادکراون ھیچ پێویستی بەو ھێزە نیە, رونیشە کە بە مانەوەی ئەم ھێزە لە ئایندە کورد توشی گرفتی گەورەدەکات, ھاوکات ھێزێکی گەورەی یەکێتی وێڕای پەرتبونی سەرکردایەتیەکەی پێویستە ڕونکردنەوە بدات و پێمان بڵێت، حشدی شیعی بۆ و چۆن ھاتونەتە ئەو ناوچانە! لەوەیش زیاتر تەواوی ھێزە کوردیەکان دەبێت دەنگی خۆیان بەرزکەنەوەو ڕەفزی بونی ئەو ھێزانە بکەن، نەک وەک کەروێشکی بەبەرد بوو تەنھا چاوەرێی بارزانی بن!
ئەرکی رۆشنبیرو رۆژنامەنوسانیشە دەرکی ئەوە بکەن، کە ئێستا تەنھا داعش ھەڕەشە نیە لەسەر کورد، بگرە حشدی شیعیش مەترسیەکانی ئەگەر نەلێم زیاترە ئەوا کەمتر نیە لە داعش.