نوچە.نێت . هەولێر
لە یەكەم كاردانەوەی دوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و پشتیوانی بۆ ئەو پەیامە دەبڕی، داوایش لە حكومەتی هەرێم دەكات، هەرچی لە دەستیان دێت، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی درێغی نەكەن.
لە پەیامێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هاوكاری كردنی كۆبانێ بۆ ئاوەدانكردنەوە، بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی وەسف دەكات، هەروەها داوا لە گشت كوردستانیانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە خێرخوازییەكان و خەڵكی چاكەخواز و دامودەزگەی فەرمی هەرێمی كوردستان دەكات، هەركەسەو بە پێی توانا لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ بەشدار بن.
لە یەكەم كاردانەوەیشدا، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا، پاڵپشتی پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات و دەشڵێت، هەوڵ دەدەین جێدەستمان دیار بێت لە ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێدا، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان، پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ پەیامی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربڕین و هەرچی لە دەستمان بێت، بۆ ئاوەدان كردنەوەی كۆبانێ درێغی ناكەین، دڵنیاشین كە هەر كوردستانییەك لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە دڵی بۆ یەكگرتن و یەكپارچەیی و یەكڕیزی كوردستانی لێبدات، چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەتری كۆبانێ و تەواوی كوردستانە”.
دەقی راگەیاندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
ڕاگەیاندراوێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان، پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ پەیامی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربڕین و هەرچی لە دەستمان بێت، بۆ ئاوەدان كردنەوەی كۆبانێ درێغی ناكەین، دڵنیاشین كە هەر كوردستانییەك لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە دڵی بۆ یەكگرتن و یەكپارچەیی و یەكڕیزی كوردستانی لێبدات، چاوەڕوانی سەركەوتنی گەورەتری كۆبانێ و تەواوی كوردستانە”.
لێرەدا جێی خۆیەتی، بە بیری هەموو لایەكی بهێنینەوە، كە لەسەر داوای جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەڕلەمانی كوردستان بە شانازییەوە بە گوێرەی بڕگەی یازدەهەم لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ژمارە (1)ی ساڵی (2005)ی هەموار كراو، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی لە مەترسییەكانی تیرۆر و كردەكانی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، بڕیاری ژمارە (24)ی لە رێكەوتی (15/10/2014)ی دەركرد.
بە گوێرەی ئەو بڕیارە مێژووییە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕەوانەی شاری كۆبانێ لە رۆَژئاوای كوردستان كرا، ئەمەیش بەڵگەیەكی بەهێزی یەكڕیزی نەتەوەیی بوو، لە قۆناغێكی هەستیاردا، بۆیە وێڕای دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە، كە بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری، هەوڵی تەواو دەدەین كە جێ دەستمان لە ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێدا دیار بێت، هەروەها بڕوای تەواویشمان هەیە، كە هەروەك چۆن پەڕلەمانی كوردستان، بۆ ڕزگاركردنی شاری كۆبانێ، بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دەركرد، ئەمڕۆیش بە هەمان گیانی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری پلان و بەرنامەی خۆی دەبێت.
هەروەها سەرەڕای ئەو كێشە و گیروگرفتە سیاسی و ئابوورییانەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و كاریگەرییان لەسەر دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم داناوە، بەڵام داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین، هەر كارێك لە دەستیان بێت، بۆ ئاوەدان كردنەوەی شاری كۆبانێ، درێغی نەكەن.
كۆبانێ پێویستی بە هەموومانە.
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كۆبانێ و كورد و كوردستان
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە پەرلەمانی كوردستان
٠٧-٠٣-٢٠١٥