حەشدی شەعبی یا سوپای پاسدارانی شیعەی عیراق
کاوە نادر قادر
گەر بە وردی سەیری روداوەکانی ئەم دواییەی عێراق بکەین، بە تایبەتی دوای داگیرکردنی موسڵ لەحوزەیرانی ٢٠١٤ لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە ، ئەوە هەست پێ دەکرێت کە ئەو وڵاتە بەرەو شەڕێکی تایفی درێژخایەن دەچێت و وەک کیسنجەر گۆتەنێ کە “گەرمترین شەڕی سەد ساڵەی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕست لەنێوان شیعە و سونە دەبێ “.
ئەوەتا داعش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هاتە ئاراوە و لەماوەیەکی یەکجار کورتدا هەم فراون بوو و هەمیش هەندێک هەنگاوی هەڵهێناوە کە (خیلافەتی ئیسلامی) ئەو ململانێیەی خورتتر کرد، لەبەرامبەردا شیعەش لەخۆ ئامادەکردنن بۆ هەمان مەبەست، بەڵام بە مەزهەبی شیعەگەرایی و ئایدیولۆژیەتی ولایەتی فەقییه !!!.
ئێستا هەردوو هێز، بۆ پاراستنی مەزهەبی و بینای دەوڵەتی ئایینی، بەپێی مەزهەبەکەی خۆیان کار دەکەن.
مژاری گەورەش لەوەدایە كاتێك شەڕی دژە تیرۆر دەگۆڕێت بۆ شەڕی مەزهەبگەری (شیعە و سوننە)و نێوان ئایدیۆلۆژیەتی ویلایەتی فیقهی و خەلافەتی ئیسلامی!!!! وململانێی نێوان رەهەندی نەتەوەیی(کوردی و عارەبی) بەخۆیەوە دەبینێ، لەسەر حسابی بە ناو ئازادی و دیموکراسی و فیدراڵی .
حەشدی شەعبی و ولایەتی فەقیه لەعێراق
ئەگەر سەیری هەڵسوکەوتی هێزەکانی حەشدی شعبی بکەین لەو رۆژەی دروستبووە تا ئیستا، چ لەپێکهاتە و چ لەئایدیولۆژیا و چ لەستراتیژیەتی ئەو هێزە، دەکرێ بگەینە ئەو راستیەی کە حەشدی شەعبی هێزێکی مەزهەبی شیعەیە، نەک هێزێکی نیشتیمانی عێراقی، تەنیا ئەوەندەیە بەپارەی عێراقی هێزێکی شیعە مەزهەب ئامادە دەکرێ وەک سوپای پاسدارانی ئیرانی و حزبولای لوبنانی و بۆ شەڕی “صفین و جمل” ،ئیتر ئەو هێزە لەبەغدا و ناوچە تێکەڵاوەکان هێزی شیعەن بەرامبەر سونەی عارەبی، بە ناوی هێزی نیشتیمانی عێراقی!!! و عارەبچێتی دەکەن لەسەر حسابی چارەنوسی باشووری کوردستان و مافی گەلی کورد و لەئێستاوە هەڕەشە لەناوچەی خورماتوو و تازە و کەرکوک دەکەن، و دەڵین”کەرکوک رێگەیەکی لەجەرگمانە ” لەراستیشدا نەوتەکە رێگەیەکی لەجەرگیانە !!!!.
ئەگەر مەبەست پاراستنی عێراق بێت وەک نیشتیمان، بۆ دروشمی مەزهەبی و نەتەوەیی هەڵدەگرێت؟، بۆ ناوەکانیان لەسەر بنەمای شیعەگەری دەبێت ( مالک ئەشتەر و یوم ئەلموعود و عسائب ئەلحەق و سەید ئەلشهداء و ذولفەقار و … و پەیوەندی لەگەڵ حزبوڵا و حەسەن نەسروڵا و کۆماری ئیسلامی ئێران و حوسیەکانی یەمەن و شیعەی بەحرێن و عەلەوییەکانی سوریا و رژێمی ئەسەد خۆش دەکەن !!. و دروشمەکانی ئەوان دوبارە دەکەنەوە!!،ئیستا لەعێراق دەستوری موکڕەمیان هەیە و کارەساتیش لەوەدایە، هەر وڵاتێك میلیشیا دەسەڵاتی لەسەروی یاساو دەستور بێ، ئیدی شتێك نامێنێت بەناوی دەوڵەت بێت، ئێستا لەعێراقدا ئەم حاڵەتە تەواو بەرجەستەیە.
مالیکی و حەشدی شەعبی
نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عیراق رۆلی زۆری بینی، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی عێراق بەرە و مەزهەبیەت و نەتەوەپەرستی سەنتەریالیزمی بباتەوە!!!!
ئەوەتا لەدروستبوونی حەشدی شەعبی رۆڵی سەرەکی دەبینێ و لە پەیوەندیەکانی ئەو هێزەدا،ناوبراو سەنتەر و مەکۆی ئەو پەیوەندیانەیە، ئیستا پەردە لەسەر ئەو هێزە و مالیکی نەماوە، کە هێزێکن بۆ پاراستنی شیعە و خۆشکردنی شەڕی تایفی دوو رەهەندی( نێوان شیعەو سونە و لەلای دیکە لەنیوان کورد و عارەبدا) یەکێتی خاک و مەزهەبگەری دەکرێتە پەردە بۆ بەهێزکردنی ئەو هێزە، مالیکی یەکێک لەوانەیە کە ئیستا تۆمەتبارە بەوەی کەمتەرخەمبووە، لەوەی کە داعش بتوانێ بەئاسانی دەست بەسەر موسڵدا بگرێت، بۆ مەبەستی خۆشکردنی تایفی و یەکێک بووە لەوانەی پلانگێری کردوە بۆ ئەوەی داعش لەدەروازەی بەغداوە بەرە و ناوچەکانی باشووری کوردستان بێت، بۆ مەبەستی نەتەوەیی عەرەبی.
کۆماری ئیسلامی و حەشدی شەعبی
کۆماری ئیسلامی لەرۆژی دروستبونیەوە تا ئیستا، لەهەوڵی ئەوەدایە کە بەلانی کەم ولایەتی فەقیە لەدەوەداسی (هیلالی) شیعەدا لەناوچەکە دامەزرێنێ و دوایی گشتگیری بکات بەسەر تەواوی هەموو وڵاتانی ئیسلامدا!!
عێراقیش گرنگی زۆری هەیە بۆ ئێران، لەلایەک ئەوە هەنگاوێک بۆ ئەو خواستە دەهاوێژێ و لەلای دووەم عێراق و کوردستان دەکاتە گۆڕەپانی شەڕ و لەسنورەکانی خۆی داعش دوور دەخاتەوە، چونکە ئەگەر داعش بگاتە سنورەکانی ئەوا هەر لەعێراق و سوریا نامێنێ ،بەڵکو سونەی ئێران لەهەمەدانە و تا رۆژهەلاتی کوردستان دەوروژێنێ !!! شەڕی مەزهەبی دەچێتە نێو سنوری خۆی و شەڕی راستەوخۆو داعشی راستەوخۆی روبەڕوو دەبیتەوە، هەر لەبۆ ئەو دوو مەدایەیە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ لەدروستکردنی حەشدی شەعبیدایەو هاوکاری و یارمەتی دەدات.
حەشدی شەعبی، داعشی داهاتوو بۆ پێشمەرگە
شیعەی عێراق دەخوازێ لەلایەک هەموو ئەو سنورە جوگرافییە سیاسییەی کە ئیستا پێی دەگوترێ عێراق، بکاتە شیعەستان و لەلای دووەم هەموو نەتەوەکانی دیکە لەناوچە ستراتیژییەکانی باشووری کوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆی، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان پەک بخا لەبەرجەستەکردنی ئیرادەو سەربەخۆیی ئەو گەلانە!!، خۆ هەڵکوتانە سەر رۆژنامەی برایەتی(التآخی) لەحوزیرانی پارساڵ لەبەغدا و هەڕەشەی هادی عامری لەکەرکوک، هێمای ئەوەن کە عەقلی عارەبچیتیان ئەگەر لەدوو مەزهەبیش بن، بەڵام لەرەهەندی نەتەوەییدا و ناوەڕۆک و جەوهەر یەکن، بە دروشم و میکانیزمی جودا!!!.
چارەنوس کوردستان لەنێو داعش و حەشدی شەعبیدا
هەموو هیماکان وا نیشاندەدەن، کە حەشدی شەعبی بەرامبەر بە کوردستانیان هەر لەجغزی فیکری نەتەوەیی عارەبیدا دەسوڕیتەوە و کۆتای هاتن بە شەڕی داعش، وەک داعش بێ بیانوو، پەلاماری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بۆ ئەو دوو مەرامەی (مەزهەبی و نەتەوەیی) کە لەسەرەوە باسمان کرد، جودایی ناکات لەنیو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی و گرنگ مەرامەکەیان لە نێو ستراتیژیەتی ولایەتی فەقییە چەندە بەرجەستە دەبێت!!
ئەگەر بەو عەقلیەتییەی ئیستا بڕۆن، ئەوا شەڕێکی خوێناوی ئەوانیش بەڕیوەیە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، کە مەزەندەو ئەگەری ئەوە نایەتە گۆڕی یەکێک لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاریان بکەن، یاخۆد نەرمیان لەگەڵ بنوێنن و لەبەر ئەوەی هەمان مەترسی داعش دوبارە دەکەنەوە، خۆ ئەگەر یەکێتی ریزەکانمان پارێزرا، ئاواش لەئەگەری ئەو مەترسییەش دەپارێزرێین!!!