حەشدى شەعبي.. داعشى دواى داعش
شاخەوان برايم عەبدوڵلاَ
داعش لەگەڵ هاتنيدا، بەتەنيا دەستي بەسەر بەشێك لە ناوچەكاني عێراقدا نەگرتووە, پاش دەرپەڕاندنيشى تەنيا ئاسەوارەكاني كوشتن و وێرانە جێنامێنێت! بەڵكو لە دواي خۆيدا پرسگەلێكي ديكەى ئاڵۆز بۆ عێراقييەكان دروست دەبێت، كە هاوشێوەي داعش ئازاري عێراقييەكان دەدات، بەتايبەتى لەو ناوچانەى كەوتوونەتە چوارچێوەى ماددەى سەد و چلى دەستوورى عێراقەوە.
ئەوكاتەي بە گوشاري فڕۆكە جەنگييەكانى هاوپەيمانان و هێزى پێشمەرگە و سوپاي عێراق و حەشدى شەعبي، داعش دووچارى شكست دەكرێتەوە، سەروەرييەكەي بۆ هێزێكي ميليشياي شيعەگەر دەمێنێتەوە، كە لە دواي هاتني داعشدا و لەژێر چەتري ياسا و رەزامەندي حكومەتي عێراقيدا بە مەبەست دروستكراوە بەناوي “حەشدي شەعبي” و ئەو هێزەش لە ئايندەدا دەبێتە بەديلێكي رەزاقورسي داعش بە نيسبەت كورد و ناوچەكاني ماددەي سەد و چلى دەستوورەوە.
بەلاَم لە جەوهەردا جياوازي ئەو هێزە، لەگەڵ داعشدا زەوي و ئاسمانە، نەك لەبەر ئەوەي لە داعش باشتر بێت، بەپێچەوانەوە بەهۆي ئەوەي لە لايەن حكومەت و لەژێر چەتري ياسادا شەرعيەتي پێدراوە، ئەمەش ئاماژەيەكي روون دەبێت لەوەي، حەشدي شەعبي چاوپۆشي لە زۆرێك لە كردەوەكاني دەكرێت هەم لە لايەن دەوڵەتي عێراقەوە و هەميش هاوپەيمانان هاوشێوەي داعش هێرش ناكەنە سەر ئەو هێزە ميليشياييە، گوايە بۆ رزگاركردنى ناوچە داگيركراوەكان دروستكراوە وەك هاوكارێكى سوپاى عێراق!.
كەوايە مەترسي و هەڕەشەى حەشدي شەعبي بۆ ناوچە كوردستانييەكان زۆر زياترە وەك لە داعش، وەك گوترا داعش هاوپەيماني لە دژي دروست بووە، بەلاَم لەبەرانبەر حەشدي شەعبيدا هيچ هاوپەيمانييەتێك دروست نابێت، چونكە حكومەت خۆي دروستي كردووە تا هەندێك پرسي پێ يەكلا بكاتەوە كە نايەوێت راستەوخۆ سوپا يەكلاييان بكاتەوە تا لە ئەگەري هەر رووبەرووبوونەوەيەكدا سوپا تۆمەتبار نەكرێت، بەتايبەت پرسي ناوچە كێشە لەسەرەكان، كە پێموايە حەشدي شەعبي بۆ يەكلايي كردنەوەي پرسي ئەو ناوچانە درووستكراوە، تا دواي داعش دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرن بە بيانووى پاراستنيان لە دەستى تيرۆريستان و خۆ ئەگەر پێشمەرگەش دژيان بووەستێتەوە شەڕي دەكەن، چونكە لە بنەڕەتدا دەسەلاَتدارێتي شيعەي عێراق و ئەو هێزەيان بۆ ئەوە دروستكردووە لەرووي گردبوونەوەي ميللي ياخود ميليشياييەوە بيدەن بە گژ پێشمەرگەدا لە ئەگەرى چۆڵنەكردنى ناوچە كێشە لەسەرەكان لە لايەن هێزى پێشمەرگەى كوردستانەوە.
ئەگينا خێرە سوپا فەرامۆش دەكرێت و پشت بە هێزێكي تايەفي و خێڵەكي دەبەسترێت بۆ دەرپەڕاندني داعش؟ ئەمە جێگەي تێرامان و بە هەند وەرگرتنە بۆ هەرێم، عێراق دەيەوێت شەرعيەتي دەرپەڕاندني داعش بداتە ئەو گروپە ميليشياييە و سەروەري شەڕي داعشي بۆ دروست بكات و پاشانيش لەو ناوچانەدا بيانهێڵێتەوە كە كێشەيان لەسەرە و ئێستا بەهۆي شكستي سوپاي عێراقەوە پێشمەرگە لێي جێگيربووە و گەڕاونەتەوە ژێر فەرماني هەرێمى كوردستان.
ئەگەرچي ئێستا ئەو هێزە شيعەگەراييە، دەيەوێت لەرێگەي مۆڵەت و هەماهەنگييەوە بەرەو سنوورەكاني كوردستان بێت، بەتايبەتي لە كەركووك بە ناوي شەڕ دژي داعش، بەلاَم لە راستيدا دواي گەيشتني ئەو هێزە دەستبەسەر هەر ناوچەيەكدا دەگرن كە رووي تێدەكەن، ياني كەوتنە حاڵەتي شەڕكردنەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا و دۆخەكە بۆ كورد باش نابێت، وەك گوترا لە لايەن حكومەتەوە دروستكراوە و هەلومەرجي حەشدي شەعبيي جياواز دەبێت لەگەڵ داعش و هاوپەيماني جيهاني لە دژي دروست نابێت، كەوايە مەترسييەكاني حەشدي شەعبيي زياترە وەك لە داعش بۆ سەر سنوورەكاني كوردستان، بەپێي ئەو تێگەيشتنەش بێت دەبێت هەرێم ئامادەسازي تەواو بۆ شەڕێكي تريش بكات، لە دواي قۆناغي كۆتايي هاتني داعشدا، بەپێى تێگەيشتن و بۆچوونى زۆرينەى چاودێران هيچ كاتێك پێشمەرگە و حەشدي شەعبي ناتوانن هەماهەنگي لەنێوانياندا بمێنێتەوە، لە دواي كۆتايي داعش، كەوايە نابێت لە ئێستاوە ئەو هەماهەنگييە دروست ببێت، چونكە ئاشكرايە هەڵسوكەوتي حەشدي شەعبي لە دواي داعش لە دۆخي پێداني سەروەريي دادەبێت لە لايەن حكومەتەوە و بەمەش ئەم هێزە لەرووي دەروونييەوە دووچاري هەستي خۆبەزلزانين دەبێت و داواي چۆڵكردني ناوچە كوردستانييەكان لە پێشمەرگە دەكات و ئيدي گرژي دەكەوێتە نێوان پێشمەرگە و ئەو هێزەوە، لە لايەكي تريشەوە ئەو هێزە ڕقيان هەڵگرتووە بەرانبەر پێشمەرگە! چونكە پێشمەرگە بە هەزاران داعشي كوشتوون و تاكي عەرەبيش لەوەها دۆخێكدا دەڵێن رۆڵەكاني ئێمە لەسەر دەستي كورد كوژراون! واتە ئەوان داعش دەخەنە لايەك و رەگەزپەرستي دەهێننە پێشەوە و هەستي تۆڵەكردنەوە زيندوودەكەنەوە، وەك عەرەب شوناسي تۆلەكردنەوەيان بەسەردا زاڵە و لەرووي مێژووييەوە بەمە بەناوبانگن كە عەرەبچێتي و خێڵچێتي دەكەن بەسەر بەرانبەرەكەيانەوە، بە كورتييەكەي كاتێك داعشێكي عەرەب لەسەر دەستي پێشمەرگەيەكي كورد دەكوژرێت، ئەمە بۆ عەرەبێكي حەشدي شەعبي يان سياسييەكي عەرەب قەبوڵكراو نييە و بە تێگەيشتني ئەوان عەرەب بە دەستي كورد كوژراوە و لايەني تيرۆريستي و داعشبوون رەچاو ناكرێت، هەستي تۆڵەكردنەوە لە كورد لە ئارادا دەبێت، ئيتر ئايندەي سنوورەكاني كوردستان لە سەردەمي هاتني حەشدي شەعبي دواي داعش ئەم جۆرە خوێندنەوانەي بۆ دەكرێت و هيچ ئايندەيەكي ئارام چاوەڕێ ناكرێت و خەتاكەشي لە ئەستۆي عێراقدا دەبێت، بەوەي سوپاي فەرامۆش كردووە و لەبەرانبەردا هێزي تايەفي و ميليشيايي دروست دەكات.
بەپێي تێگەيشتنەكان بۆ قۆناغي دواي داعش و هاتني حەشدي شەعبي، پێويستە هەرێم لە ئێستاوە هۆشداري بداتە جيهان لە ئەگەري دووبارەبوونەوەي كردەوەكاني داعش لەسەر دەستي حەشدي شەعبي، پێويستە هەرێم ولاَتاني هاوپەيمانان لەبارەي مەترسييەكاني حەشدي شەعبي روون بكاتەوە بۆ سەر سنوورەكاني كوردستان، سەرۆكي هەرێم دەڵێت ئەو سنوورانە بەخوێن دروستدەكەينەوە، ئەمەش دەلالەتي ئەوەيە ئيتر ئەو سنوورانە چۆڵ ناكرێن و رێگە بە كەسي تر نادرێت داگيريان بكاتەوە، حكومەتي عێراقيش هەستي بەوە كردووە و دەيەوێت لە رێگەي گردبوونەوەي ميللييەوە ئەم پرسە يەكلايي بكاتەوە تا لە ئەگەري هەر كارەساتێكدا سوپا كە هێزێكي رەسمي دەوڵەتە تۆمەتبار نەكرێت! بەمەش ئەگەر هەر رووبەرووبوونەوەيەكيش رووبدا لەنێوان پێشمەرگە و حەشدي شەعبي ئەوكات عێراق دەڵێت دەبێ سوپا بۆ ناوبژيواني بچێتە ئەو ناوچانەوە و ئەمەش بە نيسبەت كوردەوە دۆخي داگيركردنەوە دەگەيەنێت، چونكە بە نيسبەت كوردەوە سوپا و هێزە ميليشيا عێراقييەكان جياوازييان نييە و هەموويان داگيركەري خاكي كوردستانن بە فۆڕمي جياوازەوە، كەوايە ئەركي هەرێمە لە ئێستاوە ئەو هێزە بە هێزێكي ميليشيايي بناسێت و هەماهەنگيان لەگەڵدا نەكات لە ناوچە سنوورييەكاني كوردستان و جيهان لە مەترسي ئەو هێزە ئاگادار بكاتەوە، خۆ ئەگەر هەر هێزێكي كورديش هەماهەنگي لەگەڵ ئەو هێزەدا دروستكرد بۆ هێنانە ناو خاكي كوردستان بەبێ گەڕانەوە و ئاگاداري دامەزراوە فەرمييەكاني هەرێم بێشك دەبێت لێپێچينەوەي لەگەڵدا بكرێت و راستييەكان بۆ خەڵكي روون بكرێنەوە.