بارزانی: عێراق پێویستی بەوەیە وەڵامی داوکارییەکانی کوردستان بداتەوە

0

نوچەنێت . هه‌ولێر

سەرۆکی کوردستان رایدەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان باوەڕی بەخۆی پەیدا کردووە و رۆحی بەرەنگاربوونەوەی ململانێکانی هەیە، رێککەوتنی نێوان هەولێرو بەغداش وەک سەرەتای هەنگاوی باش دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

لەدیمانەیەکدا لەگەڵ گۆڤاری (Kurdistan Review)، مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان، دەڵێت”رێککەوتنەکانی ئێستا سەرەتا و هەنگاوی باشن بەرەو چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و، پێویستە هەڵەی حکوومەتی پێشوو ڕاست بکرێتەوە” پێی وایە”عێراق بە دۆخێکی ئەمنیی ترسناکدا تێپەڕ دەبێت و لە ململانێیەکی ئەمنی و ئابووریدایە، پێویستی بەوەیە لەگەڵ کوردستان کار بکات و وەڵامی داوکارییەکانی کوردستان بداتەوە”.

بارزانیش ئەوەش دەخاتەڕوو کە گەشەی ئابووری و بونیادنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کوردستان، بێ بڕانەوە بەردەوام دەبن.

 دەقی دیمانەکەی بارزانی لەگەڵ گۆڤاری  (Kurdistan Review)

پرسیار: چۆن دەستنیشانی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەکەن لە دژی هەڕەشەکانی داعش؟

بارزانی: داعش خاوەنی چەک و تەقەمەنی و توانایەکی هێندەی دوو دەوڵەتە و ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری بیانیی هەیە، کە لە وڵاتانی جیهانەوە هاتوون. ئەم گرووپە تیرۆریستە تەنها هەڕەشە نین بۆسەر ئێمە، بەڵکە بۆ هەموو جیهان هەڕەشەن، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان هاوکاری بکەن و پێکەوە دژ بەم گرووپە تیرۆریستە بوەستنەوە. ئێمە هاوکارییەکان و ئاسمانەهێرشی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنین، کە وایان کرد پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی پێشمەرگەدا بگۆڕێت. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو هاوکارییە سەربازییانە دەکەین کە تا ئێستا لە وڵاتانەوە پێمان گەیشتوون، هەرچەندە ئەم هاوکارییانە هێشتا بەس نین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، کە خاوەنی چەکی پێشکەوتووی دوو وڵاتن. وەک گەمارۆیەکی سەربازی لەلایەن بەغداوە، دەبوایە پێشمەرگە بە چەکی سووکەوە رووبەڕووی ئەو گرووپە ببێتەوە. بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دا هاوکاریی کوردستان بکات، چونکە لە ناوچەکەدا کوردستان تاکە شوێنە پارێزەری ئازادی و فرەڕەنگی بێت.

پرسیار: سەقامگیری و ئاسایش کلیلی سەرەکیی داواکارییەکانی وەبەرهێنەرە بیانییەکانن، لەبەرانبەر ئەو ململانێ تازانەی لە ناوچەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، وەڵامی ئێوە بۆ ئەم دۆخە هەستیارە؟

مەسعوود بارزانی: کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە و گەلەکەی ئارەزووی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکەن، ئەمانە دەبنە سەرەتای گەشەسەندن و دروسکردنی ژینگەیەکی دروست بۆ وەبەرهێنانی بیانی. راستە کە هەڕەشەکانی داعش دژ بە کوردستان نائارامیی دروست کرد و نیگەرانی نایەوە، بەڵام سوپاس بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە کە بە هاوکاریی دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان، ئێستا داعش چیدی ناتوانێت ببێتە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر کوردستان. داعش لێرە داهاتووی نییە و بە تەواوی تێک‌دەشکێت، پێشمەرگە پێشانی داوە کە دەتوانێت داعش تێک‌بشکێنێت.

بازرگانی و وەبەرهێنان پرۆسەیەکی درێژخایەنن، باوەڕم وایە کوردستان هەموو ئەو مەرجە پێویستانەی تێدان بتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆلای خۆی رابکێشێت. دەمەوێت هەمووان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە لە کوردستاندا شوێنێک بۆ تیرۆریستان بوونی نییە.

کوردستان نزیکەی ٢ میلیۆن ئاوارە و پەنابەری لەخۆ گرتووە. کوردستان لە چەند هەفتە و چەند مانگی پێشوودا پێشوازی لە چەندین سەرکردە و دیپلۆمات و بەرپرسی باڵای جیهانی کردووە، چەندین کۆنفرانس و پێشانگای نێودەوڵەتی تێدا کراونەتەوە، دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان کارێکی بێوێنەیان کردووە و بە شەو و رۆژ لەکار بەردەوامن، ئەمەش مانای ئەوەیە سەقامگیری و ئاسایش باڵ دەکێشێت بەسەر کوردستاندا.

پرسیار: پێشبینی دەکەن پێوەندییەکی جێگیرتر لە ساڵی ٢٠١٥ و دواتر لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بێتە ئاراوە؟

مەسعوود بارزانی: پێم وایە رێککەوتنەکانی ئێستا سەرەتا و هەنگاوێکی باشن بەرەو چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا، پێویستە هەڵەی حکوومەتی پێشوو راست بکرێتەوە، عێراق بە دۆخێکی ئەمنیی ترسناکدا تێپەڕ دەبێت و لە ململانێیەکی ئەمنی و ئابووریدایە و، لەهەمانکاتیشدا هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە. گەندەڵی و دابەزینی نرخی نەوت لە کێشە سەرەکییەکانی دۆخی ئابوورین. عێراق پێویستی بەوەیە لەگەڵ کوردستان کار بکات و وەڵامی داوکارییەکانی کوردستان بداتەوە. 

پرسیار: پێگەی کوردستان لە هەردوو رووی ئابووری و دیپلۆماسییەوە بۆ ساڵانی دادێن چۆن دەبینی؟

بارزانی: گەشەی ئابووری و بونیادنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کوردستان بێ بڕانەوە بەردەوام دەبن، لەبەرئەم هۆیە دەبێت کوردستان بەردەوام بێت لە راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان و کەرتی پیشەسازی بەهێز بکات. کوردستان نیشانی داوە کە هێزێکی سەقامگیرە لە ناوچەکەدا، وەک چۆن زۆر لە سیاسەتمەدار و سەرکردەی سیاسی و ئابووری جیهان پشتڕاستیان کردووەتەوە. لە سەرووی ئەوانەیشەوە کوردستان توانیویەتی کۆتاییەک بۆ پێشڕەوییەکانی داعش دابنێت. کوردستان لە رووی زەوینییەوە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی گرووپێکی تیرۆریست دەکات، کەچی لە کاتێکدا ئەم کارە دەکات کە بەغدا بوودجەی کوردستانی بڕیوە؛ هەروەها کوردستان پێشوازی لەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەر کردووە کە لە ترسی تووندوتیژی و هێرش هەڵاتوون.

کوردستان پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی پێیە و لەگەڵ هەموو جیهاندا هاوکاری دەکات. کوردستان رێز لە بەهاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەگرێت، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی نەوت و گازە، پێشکەوتنی باش لەو بوارەدا هەیە کە دەبنە هاوکارێکی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیی کوردستان لە جیهاندا.

پرسیار: ئەگەر بگەڕێینەوە ساڵانی رابردوو، ماوەی چەند ساڵێکە سەرۆکیت، شانازی بە کام پێشکەوتنەوە دەکەیت؟ لەوکاتەوەی سەرۆکی کوردستانیت چ دەستکەوتێک زۆر گرینگ بووە؟

بارزانی: من هەڵسەنگاندنی سەرۆکایەتیی خۆم بۆ ئەوانی دیکە جێ‌دەهێڵم.

پێشکەوتنەکانی ئێمە دەرنجامی هەوڵ و تەحەدییەکانی گەلی کوردستانن، پێشکەوتنی زۆر هەبوون، سەرەڕای ململانێکان، کوردستان لە بەرگریکردن لە بەهاکان و پێشخستنی دیموکراسیدا سەرکەوتوو بووە. گەشەی ئابووری، سیاسەتی نەوت و، بەرزبوونەوەی داهات و هەروەها دروستکردنی ژینگەیەک بۆ راکێشانی وەبەرهێنە بیانییەکان، سەرکەوتنێکی دیارە. پێم وایە یەکێک لە دەستکەوتە گرینگەکان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان باوەڕی بەخۆی پەیدا کردووە و رۆحی بەرەنگاربوونەوەی ململانێکانی هەیە. گەلی ئێمە پێشانی داوە کە نەک تەنیا هەڕەشە نین، بەڵکە ئەم گەلە هێزێکە لەپێناو سەقامگیریی ناوچەکەشدا. هەموومان شاهێدی ئەوەین کە کوردستان سەدانهەزار ئاوارەی لەخۆ گرتووە و پێشوازی لێ کردوون، شاهێدی ئەوەین چۆن لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەرگری دەکەن. جیهانی ئازاد سەیری کوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگە دەکات، ئێمە شانازی بەم دەستکەوتانەوە دەکەین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com