نوچەنێت.هه‌ولێر:
سەرۆكی حكومەت لەكۆبونەوەی لەگەڵ میدیاكان راگەیاند،كە تەحەدای گشت حزبەکانی بەشداربووی حکومەت دەکات کە لە گشت باش و خراپەیەکی حکوومەتدا بەشدارن،بەڵام لە مێدیاکاندا شتێکی دی دەبیسین و، کەوتوونەتە زەقکردنەوەی کەموکورتییەکانی حکوومەت.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه2015/2/23 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان به‌رپرسانى زۆربه‌ى كه‌ناڵه میدیاییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبووه‌وه“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانى ڕ‌ۆشنبیرى، دارایى و ئابوورى، سامانه سروشتییه‌كان و پلاندانان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرال خسته ڕوو، كه دواتر بووه به‌شێك له یاساى بودجه، هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ى له ڕووى و ته‌كنیكى و سیاسییه‌وه، هاتوونه‌ته به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به ته‌واوى پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه و تا دوایین نه‌فه‌س ده‌یه‌وێ هه‌موو كێشه و گرفته‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، چونكه ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌كه‌م بۆ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرال چاره‌سه‌ر بكات و یاساى بودجه‌ى ساڵى 2015 جێبه‌جێ بكرێت، كه له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان و ته‌واوى عیراقدایه، به‌ڵام ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه كه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى عیراق به ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه پابه‌ند نه‌بێت و یاساى بودجه جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وسا هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌رێكى دیكه بگه‌ڕێت. هه‌روه‌ها ڕه‌تى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌بووبێت“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه سیاسه‌تى نه‌وتیى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق دامه‌زراوه و هه‌رێمى كوردستان له دۆسیه‌ى نه‌وتدا به ته‌واوى مافه ده‌ستوورییه‌كانى خۆى به‌كار ده‌هێنێت، بۆیه ڕ‌ازى نابێت له‌و مافه ده‌ستووریه‌ى خۆى خۆش ببێت و كۆنترۆڵى نه‌وتى هه‌رێم بداته ده‌ستى حكوومه‌تى فیدرال. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازیاره هه‌موو كێشه‌كانى به دیالۆگ و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرال چاره‌سه‌ر بكات و گوتى: به‌غدا نه‌ك ته‌نها بۆ پرسى نه‌وت، به‌ڵكوو بۆ هه‌موو پرسه‌كانى دیكه‌ى بازرگانى، ئابوورى، ئه‌منى، سه‌ربازى و هه‌موو بواره‌كانى دیكه بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگه، بۆیه ئاماده‌ن بچنه‌وه به‌غدا و بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو كێشه‌كان، ده‌ست به دیالۆگ بكه‌نه‌وه. داوایشى له ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن كرد كه له گه‌یاندن و ڕوونكردنه‌وه‌ى ڕاستیى دۆخه‌كه‌دا، هاوكاریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانیش تیشكى خسته سه‌ر به‌رنامه و پلانه‌كانى حكوومه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ى له ئه‌نجامى قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى دژى تیرۆر و هاتنى ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌رانه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان، دروست بووه و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پلانى حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخه‌كه سه‌رده‌كه‌وێت“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”لاى خۆیه‌وه وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان، ورده‌كاریى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالى خسته ڕوو و به خشته و ژماره و داتا، ڕوونى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه و تا ئێستاش وه‌ك له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه، ڕۆژانه هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رده‌وامه. هه‌روه‌ها ورده‌كاریى ئه‌و كێشه ته‌كنیكیانه‌یشى ڕوون كرده‌وه كه كاریگه‌ریى ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و ڕێژه‌ى ئه‌و نه‌وته‌ى ده‌بێ به‌پێى ئه‌و خشته‌یه‌ى هه‌ردوولا له‌سه‌رى ڕێككه‌وتوون، هه‌نارده بكرێت“.
ماڵپەڕی حكومەت راشيگەیاندوە”له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیرى دارایی‌ش ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر دۆخى دارایى و میكانیزمى دابینكردنى مووچه و هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بۆ دابینكردنى مووچه پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه له مانگى یه‌كى ئه‌مساڵه‌وه كۆمه‌ڵێك ڕێكارى چاكسازى گیراونه‌ته به‌ر و پرۆسه‌ى چاكسازى به‌تایبه‌تى له بوارى داراییدا به‌رده‌وامه و ده‌گاته ئامانجى خۆى“.
لەبەرانبەریشدا”زۆربه‌ى به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه، سه‌ره‌نج و ڕا و تێبینییه‌كانى خۆیان ده‌رباره‌ى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و مامه‌ڵه‌ى میدیا له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا خسته ڕوو و داواى هه‌ماهه‌نگیى زیاترى حكوومه‌تیان له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن كرد“.